هاودەنگ فارووق
كێ خاوەنی نیشتمانە؟
ڕۆبێرت فیسک، یەکێکە لە بەناوبانگترین ڕۆژنامەنووسەکانی جیهان و شارەزایە لە عەرەبناسی و نیشتمانیی عەرەبەکان، لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ماوەی ٣٠ ساڵ لە بەیرووت ژیاوە و پەیامنێری ئیندپێندنتی بەریتانی بووە.
دەڵێت:” دەزانن بۆچی عەرەبەکان ماڵیان زۆر پاک و خاوێنە، بەڵام بە پێچەوانەوە سەر شەقام وڕێگەوبانیان پێسە؟ چونکە عەرەبەکان تەنها ماڵەکانیان بە موڵکی خۆیان دەزانن، نەك وڵاتەكەیان. ئەوان وا ھەست ناکەن، کە خاوەنی نیشتمانەكەیانن.
ڕاستییەکەی ئەمە دەردێكە كۆمەڵگەی كوردیشی لێ بێبەری نییە، ئێمەش دەبێ ددانی پێدا بنێین، كە خراپ دووچاری هەمان نەخۆشی بووینە، دەبێ ئێمەش ئەو پرسیارە لەخۆمان بكەین، ئایا ئەو ڕوانگەیە بەسەر ئێمەشدا جێبەجێ دەبێت، ئایا ڕاستە كە جادە و بان و سروشتی جوان و ژینگەمان پیس و پۆخڵە، لەبەر ئەوەی ھەست ناکەین کە خاوەنی نیشتمانی خۆمانین؟
دوو هۆ:
یەکەم:
ئەوەیە ئێمە تێگەیشتنمان بۆ نیشتمان و حکوومەت تێکەڵ كردووە و بە یەک چاو دەڕوانیینە ھەردووکیان، ئەمەش کارەستێکە بۆخۆی؛ ئاخر حکوومەت پێكهاتەیەكی ئیداریی سیاسیی ماوە کورتە، هیچ حكوومەتێكیش تاهەتایە لە تافی تەمەنی نیشتماندا نامێنێتەوە، چونكە نیشتمان مێژوو و جوگرافیایە، ئەو خاك و خۆڵەیە کە ڕۆح و جەستە و ئێسک و پروسكی باو و باپیرانمانی گرتووەتە خۆی و ئاوێزانی ڕەگوڕیشەی درەختەكانی نیشتمانە و بەردەوام وزەیان پێ دەبەخشن.
نیشتمان هزر و فەرهەنگ و نەریت و كتێب و ژیان و كەرامەتی مرۆڤەكان دەپارێزێ و هێزو وزە و خۆراكیان پێدەدات. ڕەوڕەوەی مێژووی نەتەوەكان بە زیندووی دەهێڵێتەوە، هەموو مرۆڤێک مافی ئەوەی ھەیە ڕەخنە لە دەستەڵاتەكەی بگرێت و هەقی هەیە تێبینی لەسەر حکوومەتەكەی بێت، بەڵام مافی ئەوەی نییە ڕقی لە نیشتمان بێت.. ماڵوێرانییەکەش لەوەدایە کە وا بزانێت، بە شێواندن و سووكایەتیكردن بە نیشتمان، تۆڵە لە حکوومەت و دەستەڵاتداران دەكاتەوە! وەک بڵێی نیشتمان بۆ حكوومەت بێت نەک بۆ ئێمە.
ڕق لە حكوومەت یا نیشتمان
ئایا حكوومەت چ پەیوەندییەكی بەو ڕێگا و بانەوە ھەیە کە من و تۆ پێیدا دەڕۆین؟ ئاخر ئەو قوتابخانە و زانکۆیەی کە منداڵی من و تۆ لێی دەخوێنن و پەروەردە و فێردەكرێن، ئەو خەستەخانەیەی کە خێزانی من و تۆی تێدا چارە دەكرێن، ئەو چیا و دۆڵ و دەشت و كانیاوانەی من و تۆ سەیرانی تێدا دەكەین و لێی دەحەسێینەوە ، موڵکی ئەو کەسانەن کە بەڕێوەیان دەبەن، یان موڵکی ئەوانەن کە بەکاریان دەهێنن؟! بەڵێ ئەوەی ئێمە بەم شێوەیە دەیكەین تۆڵە لە نیشتمان دەكەینەوە نەک حکوومەت، بەڵێ دەستەڵات بەشێوەیەکی دیكە سزا دەدرێن، ئەگەر ئێمە نیشتمانی خۆمان لا خۆشەویست بێت
دووەم هۆ:
ڕۆشنبیری لای كۆمەڵگەی ئێمە موڵکییەتی گشتیی نییە، ئەمە وەك كێشەیەكی دەروونی لێهاتووە. وایش دەردەكەوێت کە جۆرە کێشەیەکی دەروونیمان ھەبێت. ئاخر ھەر ئەو کەسەی کە تەوالیتی ماڵەکەی پاک ڕادەگرێت ھەمان ئەو کەسەیە کە ئاودەستی دەرەوە پیس دەكات. ھەمان کەس کە مێزی خوانەکەی پاک و خاوێنە، لە سەیراندا جێی سفرە و خواردنەكەی پیس دەكات و پاكی ناكاتەوە. ناوی لەسەر مێز و کورسی زانکۆ و قوتابخانە ھەڵئەکۆڵێت، ئەو باوکەی کە داوا لە مناڵەکەی دەكات، کە ڕێز لە یاسا و ڕێساکانی ماڵەوە بگرێت، ھەمان کەسە کە لە شوێنە گشتییەكاندا نۆرەبڕی دەكات و لە ڕیزدا ناوەستێت. ئەو دایکەی کە ڕێ بە کچەکەی نادات موحازەرەیەک لە دەست بدات بەڵام خۆی لە دەوامەكەیدا کەمتەرخەمە.
مەبەستەکە چییە؟
حکوومەت نیشتمان نییە. خۆشمان بێ و ترشمان بێت، کێشەکانیشمان لەگەڵ حکوومەتدا بە شێواندنی نیشتمان چارە ناکرێن. ئەو کۆمەڵگەیەی کە بە پاساوی خراپیی حکوومەت، بە سووک سەرنجی نیشتمانەكەی دەدات و دەیشێوێنێ ، شایانی ئەوە نییە حکوومەتێکی باشتری هەبێت .. ئاستبەرزی ڕۆشنبیریی و هۆشیاریی و ئینتیمامان بە تەرازووی پاک و خاوێن ڕاگرتنی باخچەی ماڵەکانمان ناپێورێت، بەڵکوو بە پاک و خاوێنی باخە گشتییەكانمان دەپێورێت، ئەو شوێنەی کاتێکی خۆش و دڵنشینی لێ بەسەر دەبەین.
ئایە دوژمنی خۆمانین؟
ئەگەر لە خۆمان ورد ببینەوە دەبینین ئێمە دوژمنی خۆمانین، ڕقمان لەخۆمان و وڵاتەكەمانە، ئاخر ھیچ کەسێک نیشتمانمان ناشێوێنێ، بەڵکوو ئەوە خۆمانین ماڵی گەورەی نەتەوەكەمان وێران دەكەین، ڕاستیان گوتووە: مرۆڤ پێویستی بە جادە و بانی پاک و خاوێن نییە بۆ ئەوەی ڕێزداروپۆشتە و شارستان دەربکەوێت، بەڵکوو جادە و بانەکان پێویستیان بە خەڵکی بەڕێز و نیشتمانپەروەرە بۆ ئەوەی پاک و خاوێن دەركەون.
دوای ئەوەی كە نەخۆشییەكەی دەستنیشانكرا، گرنگترین پرسیار ئەوەیە: چارەسەر چییە؟ چۆن بتوانین ئەو تێگەیشتنە بگوازینەوە بۆ ناو شەقام و كۆمەڵگە جیاوازی بكات لەنێوان حكومەت و نیشتماندا.
نیشتمان و دایك
زۆرینەی مەنهەجەكانی پەروەردە لە وڵاتانی پێشكەوتوودا، هەر لەمنداڵییەوە ئەوە لای منداڵ دەكەنە مەبدەء كە نیشتمان لەسەرەوەی هەموو شتێكەوە. نیشتمان بەدایك ناودەبەن بۆ ئەوەی زینهنی منداڵ ڕابێت لەسەر پێكەوە بەستنی نیشتمان لەگەڵ دایكدا، وردە وردە لەگەڵ گەورەبووندا هەمان قودسیەتی دایك دەداتە نیشتمانیش. وەك چۆن دایكی خۆش دەوێت، ئاوا نیشتمانیشی خۆش دەوێت و بەرگری لێدەكات و كەناوی هێنرا ڕێز دەنوێنێت.
ئێمە دەبێت لەبنەوانەوە دەستپێبكەین. منداڵ ئاشنا بكەین بە نیشتمان، بە جوانییەكانی، بەڕەمزەكانی، بە مێژووەكەی.
پیرۆزكردنی كوردستان
پێویستە نەك تەنها لە قوتابخانە، بەڵكو لە سینەما و تەلەفزیۆن و، لە بازاڕ و كۆڵانەكانیش، سەقافەتی خۆشەویستی نیشتمان دەرخواردی خەڵك بدەین، بەتایبەتی بۆ منداڵان، گرنگە نەك تەنها مەنهەجی خوێندن، بەڵكو دەیان فیلمی كارتۆن و چیرۆكی چاپكراوو، خولی فێربوون و پێشبڕكێی نوسین و داهێنانەوە، لەڕێگەی یاری پلەیستەیشن و وەسیلەكانی تری فێركارییەوە، كوردستان بكەینە پیرۆزییەك لای منداڵ. پێویستە بەرنامەیەكی سەرتاسەری نەتەوەیی، بۆ پیرۆزكردنی كوردستان، زمانی كوردی، مێژووی كورد، لە كوردستان ڕابگەیەنرێت، لەم پرۆسەیەدا، دەزگاكانی حكومەت و كەرتی تایبەت و میدیاكان و ناوەندەكانی فێركردن، كۆمپانیاكانی گەشتوگوزار بەشداربن!
گرەوەكە لەسەر زیهنییەتی مندالانە كەبە خۆشەویستی نیشتمان ڕابهێنرێت. پرۆسەیەكی دوور مەودا و كاریگەرە و كورد دەكاتە میللەتێكی زیندوو.