ئازاد جندیانی
ئەمڕۆ حەفتا و شەشەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی شەهید قازی محەمەد و دوو هەڤاڵەکەیەتی . یادو بیرەوەریان هەمیشە لە ناومێژوو و یادەوەریی نەتەوەکەماندا بەزیندوویی دەمێنێتەوە، سڵاو لەڕۆحی پاکیان .
دوای شكستی كۆماری دیموكراتی كوردستان و لە سێدارەدان و شەهیدکردنی سەرۆكی كۆمار، پێشەوا قازی محەمەد لە گۆڕەپانی (چوارچرا)ی شاری مەهاباددا ؛ كە بەر لە كەمتر لە ساڵێك هەر لەوێدا دامەزراندنی كۆمارەكەی ڕاگەیاندبوو. لە سێدارەدانی پێشەواو هەڤاڵانی ڕووداوێکی سیاسی ئاسایی نەبوو، چونکە لە سایەی هەمان دەوڵەتدا (ئێران) و هەروەها لە پارچەکانی تری کوردستانیشدا هەر کە داگیرکەران بە پشتیوانی ئەوانی تریش لە شکست پێهێنانی شۆڕش و ڕاپەڕینەکاندا سەرکەوتوو بووبن، ئەوا بەهەزاران تێکۆشەرو سەرکردە و ڕابەریان بە پیلانگێڕی و ناجوامێرانە شەهید کردووە؛ لە نموونەی شەهیدان ” سمکۆی شکاک، قاسملو، شەرەفکەندی، موساعەنتەر وزۆریتژ یاخود لە ئەنجامی تێکۆشانی کورد لە پێناو سەربەخۆیی و ئازادیدا ، لە ڕێی دادگایکردنی نایاساییدا لە سێدرارەدراون لەوانیش نموونەی ”شێخ عبدالسلامی بارزان، شێخ سەعیدی پیران، سەعید نورسی، سەید رەزا، چوار ئەفسەرەکەی حوزەیرانی ١٩٤۷ و شەهابی شێخ نووری و هتد”. هەڵبەت لە زۆر ووڵاتانی تری دنیاشدا داگیرکەر و دکتاتۆرەکان سەرکردەی جووڵانەوە و شۆڕشە سەربەخۆخوازەکانیان لە سێدارە داون. لە سێدارەدانی قازی بۆ ئێمەی کورد و بزووتنەوە نەتەوەییەکەمان، هەر ڕووداوێکی لە سێدارەدانی ئاسایی نەبوو، چونکە ڕەهەندێکی سیمبۆلی هەبوو، بەو مانایەی کە ئەمە هەر بەتەنیا کوشتنی کەسێک (ڕابەر)ێک نەبوو، بەڵکو لە گۆڕنانی ئامانجی سەربەخۆیی و دیارکردنی چارەنووس بوو بۆ نەتەوەی کورد، لە سێدارەدانیشی لە گۆڕەپانی چوارچرادا هێما و نیشانەکەی لە دیدی دوژمن مانادارتر کرد، بەو واتایەی کە گوایا ئیتر کوردیان وا تەمبێ کرد کە بە خەون وخەیاڵیش بەلای شۆڕش و سەروەربووندا نەچنەوە، بەڵام زۆری نەبرد ئەو ویستەی داگیرکەران بووە بڵقی سەرئاو و نەگەیشتە ئەنجام ؛ وەک ئەوەی دواترو ئێستاش دەیبینین .
هەر لە میانی بەتاڵبوونەوەی خەونی داگیرکەرانی کوردستان لە مەڕ تێکشکاندنی ئیرادەی سەربەخۆیی وئازادی کورد ؛ جێی خۆیەتی قسەکەی سەدام حسێن لەدوای نسکۆی ئەیلوولەوە (١٩۷٥) بخەینەوە بیر، کاتێك ڕایگەیاند کە ئیتر کورد ناتوانن ببنەوە پێشمەرگە و بچنەوە شاخ و تێکۆشان سەرپێ بخەنەوە.
دەی ؛ با ئێستا تەماشا بکەین کە ئەوەی خەون و پیلانەکانیان زیندەبەچاڵ کراون ، هەرچوار وڵاتی داگیرکەری کوردستانن؛ چونکە ئەوە کوردە ئێستا لەهەر چوارلاوە تێکۆشانی فرەڕەهەندی خۆی سەرپێ خستووە و شێلگیرە لە بەردەوام بوونی .
بۆیە ئێستا وەختیەتی کە هەرچوار پایتەختە داگیرکەرەکە لەو شکستە ستراتیجییەی خۆیان بەرامبەر بە نەتەوەی کورد باش حاڵی ببن و ئیدی هۆشێکیان بێتەوەبەر، چونکە ئەوە کوردە لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا و لە هەر جوگرافیایەک کوردی تێدا بژی، ئێستا بوونی خۆی لە ژێردەستەیی و داگیرکراوی و سەرکزیدا گۆڕیوە بۆ بوونێکی فرەڕەهەند وبزێوی نەتەوەیی. هەر بۆیە ئیتر ئەوە داگیرکەرانن، کە ئەبێ بەڕاستی بیر لەوە بكەنەوە چۆن خۆیان
لەو زەلکاوە قورتار بکەن ؛ کە بیر و کلتورو پرۆسەی داگیرکاریی کوردستان تێی خستوون .
مەبەستمە ئەم بۆنەیەش بکەمە بیانوویەک و ئامۆژگارییەک پێشکەش بە هەر چواردەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان بکەم و بە نەوەکانی ئێستای دەستەبژێری سیاسی و ئەکادیمی و فیکری هەرسێ نەتەوەی عەرەب، تورک و فارس بڵێم ، بەتایبەت بەوانەی وەک باوباپیرانیان و بگرە توندتریش لەوان، گلاونەتە ناو پرۆسەی قێزەوونی داگیرکردن و بوونەتە میراتگری مێژووێکی دوور و درێژی چەوساندنەوە و کوشت و بڕی کورد، کە بەداخەوە بەئاگاییەوە بەردەوامن لە وەئەستۆگرتنی باری شەرمەزارانەی داگیرکردن؛ با لەبەر خاتری داهاتووی نەتەوەکانیان وا بکەن کە ئیدی بوونی نەتەوەییان کە سەدان ساڵە شێتانە و بێپەروایانە بە داگیرکردنی کوردستانەوە شەتەک داوە و داگیرکەری بۆتە خەسڵەتێکی سیاسی و کلتووری و فیکری و سۆسیۆلۆجی نەتەوەکانیان ؛ بائیتر بۆ سڕینەوەی ئەوخەسڵەتە شەرماوەرە کۆتایی بە فیکری داگیرکەری بێنن.
هەروەها،بڕوام وایە بۆ (ئەوان) لە هەموو وەختێک پتر گرنگە وانەی دروست و ڕاست و ڕیالیتیەکە لە ڕووداو و ڕاستیەکانی پەیوەست بە کورد لەم سەد ساڵەی دواییدا وەربگرن؛ کە ناونیشان و تایتلە هەرە دیار و بریسکاوەکەی ئەوەیە ؛ نەتەوە داگیرکەرەکان بەدرێژەدان بە داگیرکردن و کۆیلەکردنی کورد و کوردستان ناتوانن بۆ یەک ساتیش ئازادانە و بێترسانە لە بژین و پێشبکەون و لە دواڕۆژی خۆیان دڵنیابن . ئیتر با هیچ کەس لە (ئەوان) هەرگیز لەوە دڵنیا نەبن، کە کورد هیچ شێواز و ستایل وکۆپییەک لە داگیرکردن بسەلمێنێ و قبوڵی بکا، ئەگەرچی بۆ چەواشەکردن بە جوانیش نمایشیان بکەن . مەگەر با ئەوانیش و ( دوودڵەکانی خۆشمان )بیهێننەوە بەرچاو و
بپرسن ؛ ئاخۆ کورد سەد ساڵی ڕابردوو و سەد ساڵەکانی پێشتریش داگیرکردن و زەلیل بوونی قبوڵ کردووە ؟! ئێستا، کە هەموو کورد لەسەرپێیە ؛ هاوکێشەکە بەمجۆرەیە: تا (ئەوان) مکوڕبن لەسەر داگیرکردنی کوردستان ئەوە (ئێمە)ی کوردیش مکوڕترین لەسەر خەبات بۆ سەربەخۆیی.
لێبڕاوانەش بڕوام وایە وەختی ئەوەش هاتووە ؛ کە بەڕوونی بەو بەشە لە نووسەر و لێکۆڵەر و ئەکادیمی و بگرە بە بەشێک لە سیاسیەکانی کورد لە هەموو پارچەکان و لەتاراوگەشدا بڵێم: ئیتر لەم دۆخەی کە کورد هەمووی لە سەر پێیە، باچیتر کورد ؛ بەتایبەت لە باشووری بەو ئەفسانە کۆن و نوێیانەی خۆگونجاندن لەگەڵ ستایل وکۆپیەکانی داگیرکردن سەرقاڵ و سەرمەست و چەواشە نەکەین ، لە کاتێکدا لانی کەم ئەوە سەد ساڵە تا بەم ساتە هەستیارەی بە ئێستاشەوە ؛ هەر هەموویمان تاقیکردۆتەوە .
دیسانەوە سڵاو لە یادی پێشەوا و لەیادی هەموو پێشەواکانی تری کوردایەتی ؛ کە بۆ سەربەخۆیی و ئازادی خۆیان کرد بە قوربانی.