حەمەسەعید حەسەن
نادین گۆردیمێر چیرۆک و ڕۆمان و درامانووس و شاعیر، لە ٢٠ی نۆڤەمبەری ١٩٢٣دا لە گاوتێنگ، لە خوارووی ئەفریکا لەدایک دەبێت، ١٩٧٤لەسەر ڕۆمانی (پارێزگار) خەڵاتی بووکەر و ١٩٩١ لەسەر هەموو بەرهەمەکانی نۆبڵ وەدردەگرێت. بە نەوەد ساڵی، لە ١٣ی تەمووزی ٢٠١٤دا لە یۆهانسبورگ کۆچی دوایی دەکات.
کە یەکەمین چیرۆکی لە ڕۆژنامەی یۆهانسبورگدا بڵاو دەبێتەوە، تەمەنی چواردە ساڵ دەبێت. سەرەتا بە نووسینی کورتەچیرۆک دەست پێ دەکات، دواتر لە هەواری نووسینی ڕۆماندا بارگە دەخات.
لەسەر ئاستی ئەفریکا، یەکەمین ژن و لەسەر ئاستی دنیا، حەوتەمین ژن دەبێت، نۆبڵ لە ئەدەبدا وەربگرێت. کە نۆبڵی وەرگرت، دە ڕۆمان و سێزدە کۆمەڵەچیرۆک و چەندان کتێبی دیکەی بڵاو کردبووەوە. نادین گۆردیمێر (کە باوکی جوویەکی لیتوانیایی و دایکی ئینگلیزێکی کریستیان بوو،) کریستیانێکی لە ژینگەیەکی سیکولاردا بەروەردەکراو بوو، بەشێکی گرنگ لە نووسینەکانی بۆ بەگژدا چوونەوەی ئەپارتاید و زەبروزەنگ و چەوساندنەوە تەرخان کردبوو.
خۆی سپیپێست بوو، بەڵام داکۆکیکارێکی سەرسەخت بوو لە ڕەشپێستان، وێڕای نووسین، بە کردەوەیش چالاکێکی ئازا بوو، بۆ دژایەتیکردنی ڕژێمی ڕەگەزپەرستی باشووری ئەفریکا و یەکێک بوو لە هاوکارە دڵسۆزەکانی نیلسۆن ماندێلا و دەیگوت: ئەگەر ئینسان وا هەست بکات، یەکەم جار سپیپێستە ئینجا ئەفریکایی، هەق نییە لە ئەفریکا بژی. لەسایەی ڕژێمی ڕەگەزپەرستدا، خۆشەویستی لەنێوان سپیپێست و ڕەشپێستدا قەدەغە بوو، نادین گۆردیمێر لە ڕۆمانی: (بۆنەیەک بۆ خۆشەویستی)دا، چیرۆکی ئەڤینی نێوان ژنێکی سپیپێست و هونەرمەندێکی بۆهیمیی ڕەشپێست دەگێڕێتەوە. کیژی بورگەر (١٩٧٩) کە یەکێکە لە ڕۆمانە گرنگەکانی، تێیدا باسی ئەو تێکۆشەرە سپیپێستانە دەکات کە خەبات بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی ڕەگەزپەرستی باشووری ئەفریکا دەکەن و سەر بە پارتیی کۆمۆنیستی باشووری ئەفریکا (ئێس ئای سی پی) دەبن. لە ڕۆمانی: (دەست بە ژیان بکە)دا، ڕەمزییانە ژیاننامەی ئەوانە دەگێڕێتەوە کە ڕێی نوێ بۆ ژیان تاقی دەکەنەوە. نادین گۆردیمێر کە بە خانمی یەکەمی ئەدەبی ئەفریکایی ناسرابوو، ئەدیبێک بوو، خاوەنی ویژدانێکی بێدار، کە یەکەمین چیرۆکی: (سبەینێ وەرەوە)ی بڵاو کردەوە، تەمەنی پازدە ساڵ بوو، یەکەمین کۆچیرۆکیشی کە ناوی: (فیشکەی مار) دەبێت، ١٩٥٢ بڵاو دەبێتەوە. دوا ڕۆمانی: (هیچ وەختێک لە ئێستا ناچێت،) تەرخانە بۆ بەسەرکردنەوەی ژیاننامەی ئەو خەباتگێڕانەی بەگژ ڕەگەزپەرستیدا دەچوونەوە. نادین گۆردیمێر کە ئەندامێکی چالاکی کۆنگرەی نیشتمانیی ئەفریکایی (ئەی ئێن سی) بوو، سەرسەختانە کاری بۆ ئازادکردنی نیلسۆن ماندێلا دەکرد و ماندووبوونی بەفیڕۆ نەڕۆیشت. خەباتی سیاسیی ماندێلا بۆ ڕسواکردنی جیاکاریی ڕەگەزی، چەند کاریگەر بوو، تێکۆشانی ئەدەبیی نادین گۆردیمێریش هەمان بایەخی هەبوو. بە زمانێکی چڕ توندوتیژیی ڕسوا دەکرد و هەوڵی بۆ چەسپاندنی دادپەروەریی دەدا. لە جوگرافیایەکدا کە تێیدا ستەمکار سەروەر بوو، ئیشی لەسەر دادپەروەری و ئازادی دەکرد و (ڕووبەڕوو)ی چەوسێنەران دەبووەوە. ئەوە بۆیە ڕووبەڕووم لەنێوان دوو کەواندا نووسیوە، چونکە ناوی یەکێکە لە کتێبەکانی کە ١٩٤٩ بڵاو بووەتەوە و لە کۆمەڵێک گوتار پێک هاتووە، (ڕۆژانی درۆ)یش کە ڕۆمانی یەکەمیەتی، ١٩٥٣ چاپ کراوە. کە لێی دەپرسن: بۆ کێ دەنووسیت، دەڵێت: بۆ ئەوانەی دەمخوێننەوە. پارادۆکس ئەوەبوو، نادین گۆردیمێر لە بەرژەوەندیی ڕەشپێستان دەینووسی و ڕەشپیستانیش مافی ئەوەیان نەبوو، بچنە کتێبخانە گشتییەکانەوە. هەر یەکێک لە ئێمە کەم یان زۆر هەستی بە غەریبی کردووە، غەریبی هەر دوورەوڵاتی نییە، جۆری زۆرە، ئاخر ڕەنگە ئینسان لە زێدی خۆیشیدا هەست بە غەریبی بکات، بەڵام دژوارترین جۆری غەریبی ئەوەیە، کە زادەی ڕەگەزپەرستییە، زادەی ئەوەیە سپیپێستان سووک سەرنجی ڕەشپێستان دەدەن. نادین گۆردیمێر کە پێێ وابوو، نووسین هەوڵدانە بۆ تێگەیشتن لە ژیان، دەیگوت: هونەر پێویستە، با لەگەڵ عەقڵیشدا یەکانگیر نەبێتەوە، ئەستەمە کەسانی مێشکبەردین لەو ڕاستییە تێبگەن. لە کۆتاییدا هەموومان، بەڵام هەر کەسە و بە تەنیا، ڕوو دەکەینەوە خودی خۆمان. ناتوانم لەگەڵ کەسێکدا بژیم، نەتوانێت بەبێ من بژی. زۆر جار تووشی شکست هاتووم، بەڵام هەرگیز سڵم لە سەرچڵی نەکردووەتەوە.
شتە بەنرخەکان کە پێشکەشی یەکدییان دەکەین، ئەو شتانەن کە ناتوانین وەک دیاری بەرگیان تێ بگرین. کە ناگریم، هی ئەوەیە فرمێسکی پێویست شک نابەم، ئەگەرنا دڵم تژییە لە خەم و گەرووم پڕە لە گریان.