عومەر چنگیانی
تا وەبیری نوێژکەرانی بێنینەوە کە رەمەزان مانگی بەخۆداهاتنەوە و دڵنەواییە، وەک لەلایەن بۆردی باڵای ئامادەکردنی گوتاری هەینییەوە پێشنیاز کرابوو، زۆرێک لە مامۆستا بەڕێزەکانی کوردستان هەینیەکەی ڕابردوو کە کردییە دووەم ڕۆژی مانگی رەمەزانی ١٤٤٤ لە ڕێگای دوانگەی مزگەوتەکانمانەوە تیشکمان خستەسەر بابەتی دڵنەوایی لە سای ڕۆژووەوە، کە هەر ئایەتی شەستی سوورەتی (تەوبە؛ بەرائەت)، خۆی باشترین بەڵگەیە کە چۆن مسڵمانان دڵنەواییکارن بۆ یەکتری، نەخاسمە بۆ هەژار و کەمداهاتەکان و
بەتایبەتیش لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا، کە دەفەرمێت: “بە راستی زەكات بۆ هەژار و کەمدەست (مسكێن)ە و، بۆ ئەو كەسانەیە كە دەوڵەت ڕایسپاردوونە زەكات کۆ بکەنەوە.
بۆ تازەمسڵمانێکە دەشێ دڵنەوایی بکرێت؛ بۆ ئەو بەندە و كەنیزەكانەیە وا دەیانەوێت خۆیان بكڕنەوە لە ئاغاكانیان؛ هەروابێتەوە ئەو كەسانەیشە وا قەرزارن و، لە ڕاهی خوا و، بۆ رێبوارێکی داماوە؛ ئەمە فەرزی خوایە و لەلای خواوەیە؛ خوا زانا و دانایە.
” پەیامگەیێنی خۆشەویستیشمان محەمەد، دروود و سڵاوی خوای لێ بێ، دەفەرمێت: (خۆشەویسترین مرۆڤ لای ئەڵڵا بەسوودترینیانە بۆ مەردمیەل، خۆشەویسترین کردەوە بەلای ئەڵڵاوە دڵخۆشییەکە بیخەیتە نێو دڵی بسڵمانێکەوە یانیش خەمێکی لێ دوور بخەیتەوە و، بۆیی بڕەوێنیتەوە، یان لەباتی ئەو قەرزێکی بۆ بدەیتەوە، یان برسێتییەکەی دابمرکێنی و لێی بەدوور خەیت؛ گەربێتو بۆجێبەجێکردنی کاری برایەکم بڕۆم و پێی هەڵبستم لە لام خۆشەویستترە لەوەی کە لەم مزگەوتەدا مانگێک دوورەپەرێزی بکەم و خەریکی ئیعتیکاف بم؛ مەبەستی مزگەوتەکەی مەدینەیە.
گەرکەسێک تووڕەییەکەی خۆی لە خەڵک دوور بخاتەوە خوای گەورە نهێنییەکانی دادەپۆشێت، گەر کەسێک بتوانێت تووڕەییەکەی خۆی جێبەجێی بکات بەڵام بیخواتەوە، خوای گەورە دڵی بۆ پڕ دەکات لە هیوای ڕۆژی دوایی؛ گەر کەسێک بۆ جێبەجێکردنی کارێ لەگەڵ برایەکیدا بڕوات تا بۆی جۆر دەبێت، ئەوە خوای گەورە دامەزراو و پاوەجێی دەکات لەو ڕۆژەدا کە ترس هەمووان دەخاتە لنگەلەرزە).
مرۆڤ لە ژیانیدا تووشی زۆر ناخۆشی دەبێت جا مەزن بێت یان بچووک، بەڵکو هەندێکیان مرۆڤ بەتەنها ناتوانێت هەڵیان بگرێ و تامەڵ (تەحەمول)یان بکا، باری قورس دەبێ، هەندێ ناخۆشی هەیە پشتی مرۆڤ دەشکێنێ، خودا پەنامان بدا، ناخۆشیەکانی ژیان هەندێکیان ماددین هەندێکیان مەعنەوین؛ ئیسلام گرنگییەکی زۆری بە مرۆڤ و ڕێبازەکەی داوە لە ژیاندا؛ هەربۆیە هەندێ بنچینە و لقی داناوە هەندێکیان ماددی و هەندێکیان مەعنەوین؛ هەندێکیان واجبە و بڕێکیان سوننەت، بۆ ئەوەی مسڵمانان دڵنەوایی یەکتری بکەن بۆ کەمکردنەوەی ناخۆشیەکانی ژیان، بە هۆیەوە سەربەرز و سەرکەوتووی دنیا و قەیامەت دەبن؛ هەرکەسێ لە توانایدا هەبێت و، دڵنەوایی کەسانی تر نەکا، ئەوا خودای تاوانێکی مەزنی لەسەر دەنووسێ و لێپێچینەوەی ئەم دنیا و ئەو دنیایشی لەگەڵ دەکرێ.
دەستندە (سەدەقە) و گەورەییەکەی
دەستندە هەندێکی ماددیە و هەندێکی مەعنەوی؛ گەورەیی و خێرێ زۆری هەیە؛ لەوانە:
یەکەم/ گەورەییەکەی دەستندەی ماددی: سەدقەی ماددی، گەورەیی و فەزڵی زۆری هەیە؛ لە هەمویان گرنگتر ئەوەیە بەخشەر و دەستندەدەر، ماڵەکەی زۆر دەبێ و بەرەکەتی تێ دەکەوێت.
دووەم/ گەورەییەکەی سەدەقەی مەعنەوی: سەدەقەی مەعنەوی فەزڵی زۆری هەیە؛ لە هەموان گرنگتر بەدەستهێنانی پاداشتێکی زۆرە لە دنیا و لە قەیامەت.
چۆنیەتیی دڵنەوایی
دڵنەواییکردنی خەڵک، بە ڕاستی کارێکی زۆر مەزن و گرنگە؛ لەویش گرنگتر چۆنیەتیی دڵنەوایکردنەکەیە؛ هەرکەس دڵنەوایی کەسانی تر دەکا، دەبێ وابەستەی ئەخلاقی پێغەمبەرمان بێ (صلی اڵە علیە وسلم)؛ دەبێ خۆی دوور بگرێ لە وشەی بریندارکەر و خۆهەڵکێشان بەسەریانەوە، یان گوێ نەداتە کات و ساتی دڵنەواییکردن کە دەبێتە هۆی لەکیسچوونی ئەو پاداشتە مەزنە لەو مانگە پڕ بەرەکەتە.
هەڵبژاردنێکی دروست
دەبێ مسڵمان بزانێ کێ هەڵدەبژێرێ بۆ سەدقەپێدان و دڵنەواییکردن؛ دەبێ جیایان بکاتەوە لەوانەی سواڵ دەکەن و کار و پیشەیان بۆتە گدایی؛ نابێ بە پاڕانەوەی گدا و سواڵکەران هەڵبخەڵەتێ.