د. ڤیان سلێمان
بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی کورد بەرهەمی بیری ناسیۆنالیستی کوردە. نەتەوەی کورد لەلایەن نەتەوەکانی دیکەی دەوروبەری سنوورە جوگرافییەکەی ستەمی لێ کراوە، ئەوەش فاکتەری سەرهەڵدانی بزاڤێکی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی بووە، ئەم بزاڤە بزاڤێکی شۆڕشگێڕی و سیاسی و کۆمەڵایەتی بووە بە مەبەستی ڕزگاری بۆ نەتەوەی کورد و هەموو ئەو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییانەی کە لەم ڕووبەرە جوگرافییەدا هاوژیانی نەتەوەی کوردن. لە گوتاری ئەم بزاڤەدا مەبەست لە خەبات بۆ ڕزگاری بۆ هەموو مرۆڤەکانی ئەم ڕووبەرە جوگرافییە بووە بەبێ لەبەرچاوگرتنی هیچ جۆرە جیاوازییەک لەسەر بنەمای نەژاد، ئایین و ڕەگەز، ئەم بنەمایانە کاتێک جێگیر بوون و وەکوو مۆرکی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان دەرکەوتن؛ کە پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕابەریەتی باوکی ڕۆحی نەتەوەیی و سیمبولی خەبات بۆ گەیشتن بە ئازادی (بارزانی نەمر) سەرکردایەتی خەباتەکەی لە ئەستۆ گرت و وەرچەرخانی گەورەی لە شێواز و ئاراستەکردنیدا خولقاند.
کاتێک دەڵێین بزاڤەکە بۆ ڕزگاری هەمووان بووە، کەواتە هەمووان بەشدارن تێیدا، ئەوەش لە دوو بواردا خۆی نمایش دەکات، لە پێکەوەژیانی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکانی کوردستان و لە بەشداری و هاوبەشی ئافرەت. ئافرەتانی کوردستان ڕۆڵی گەورە و کاریگەریان لە بزاڤەدا هەبووە، فاکتەرێکی ئەو ڕۆڵە کاریگەرە، وەک ئاماژەم پێ دا بۆ پاشخانی هزری بزاڤە ڕزگاریخوازەکەی گەلی کوردستان، دەگەڕێتەوە. لە لایەکی دیکەش لە بنەڕەتدا کۆمەڵگەی کوردی کولتوورێکی جیاوازی لە کولتووری کۆمەڵگاکانی دیکەی هاوسێی، هەبووە. بەپێی بیروڕای ڕۆژهەڵاتناسان ئافرەتی کورد پایەی بەرزتریان لە کۆمەڵگە و دەرفەتی زیاتریان بۆ بەشداری کایەکانی ژیان بەراورد بە ئافرەتانی نەتەوەکانی دەوروبەر هەبووە، ئەوەش هۆکارێکی دیکە بووە لەوە ئافرەتی کورد تا ڕادەیەک دەرفەتی بەشداری بزاڤەکەی هەبێت، ئەگەر بە شێوەیەکی بەربڵاو و ڕاستەوخۆش نەبێت؛ ئەوەش لەبەر ئەوەی ڕاستە کە کولتووری کورد کراوە تر بووە بەرامبەر ماف و ئازادی ئافرەت، بەڵام خاکی کوردستان داگیرکراو بووە و کولتوورەکەشی کاریگەرییەکی تەواوی ئەو داگیرکەرییەی بەسەرەوە بووە. تێگەیشتنی کولتووری ئەم ناوچەیەش بۆ ڕۆڵی ئافرەت ئەوە بووە کە شوێنی ئافرەت تەنیا خێزان بووە و توانای ئافرەت لەو ئاستەدا نەبینراوە کە هەمان ڕۆڵی پیاو ببینێت. دیارە ئەوە تێڕوانینێکی جیهانیش بووە و تا ئێستاش بەردەوامی هەیە؛ بەڵام چەندین ڕووداوی گرنگ هەیە؛ کە لاپەڕەکانی مێژووی ئەم بزاڤە ڕزگاریخوازەیان بە ڕۆڵ و کاریگەری ئافرەت وەکوو ئایکۆنێک نەوەک هەر بۆ بوونی ئافرەت لە بزاڤەکەدا؛ بەڵکوو بۆ تەواوی بزاڤەکە خەمڵاندووە.
دامەزراندنی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، بەشداری ئافرەت لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و گوڵانی پێشکەوتووخواز و ڕاپەڕینی ئازادی، درەوشانەوەی ناوی چەندین کەڵە ئافرەتی دیاری نێو ڕووداوەکانی ئەو قۆناخانە و سەرمەشقی ئەو بەشدارییەش شەهید لەیلا قاسم، کە بەو نەبەردییەی نواندی، وای کرد، شانازی تۆمارکردنی یەکەم تاوانی لەسێدارەدانی ئافرەت لەبەر چالاکی سیاسی و بەرگری لە بزاڤی نەتەوەکەی بەر ئافرەتی کورد بکەوێت و پارتی دیموکراتی کوردستانیش بەرجەستەکاری ئەو شانازییە بێت.
بەشداری ئافرەت لەم بزاڤەدا بە چەندین شێوە دەرکەوتووە، شانبەشانی پیاوان چالاکی سیاسییان ئەنجام داوە، هەواڵەکانیان بە پێشمەرگە گەیاندووە، تیمارکردنی بریندارەکان، هاندانی خەڵک بۆ خەبات و تێکۆشان، لە ئامادەنەبوونی پیاودا بەهۆی بەشداری لە شۆڕشەکاندا، ئافرەت بەڕێوەبەر و بەخێوکەری خێزان بووە، هەر ئەوانیش ڕۆڵەکانیان بە هەستی بەرزی نەتەوەیی و فیداکاری بۆ نیشتمان پەروەردە دەکرد. جیا لەوانەش؛ لە کۆمەڵکوژی و کیمیاباران و ئەنفال و ڕاگوازتن و تاوانەکانی دیکە، بەشی ئافرەت لە هی پیاو کەمتر نەبووە، بەڵکوو ئافرەت قوربانی سەرەکی هەموو ڕووداوەکان بووە، وێڕای ئەوەی خۆی بەشێکی سەرەکی قوربانییەکان بووە لە هەمان کات قوربانی پیاویش هەر یەخەی ئافرەتی گرتووە و هیچ ئافرەتێک نەبووە تووشی هەمان سەختی و دژواری نەبووبێتەوە، کە باوک و هاوسەر و برا پێشمەرگەکەی هەیبووە. جێی خۆیەتی کە ئافرەتی کورد ناسناوی قوربانیدەرترین و بەش مەینەت ترین هاوکات خۆڕاگرترین و پڕ ئیرادە ترین ئافرەتانی جیهانیان پێ بدرێت، ئەمەش لەو سۆنگەیەوە سەرچاوە دەگرێت، کە هەمیشە پشکی سەرەکی قوربانیدان بەر ئافرەت کەوتووە و ئافرەتیش فاکتەرێکی سەرەکی خۆڕاگری و بە پێوە وەستانی ئەم گەلە بووە.
ڕابەری نەتەوە و نیشتمانیمان (سەرۆک بارزانی) بەردەوام جەخت لەو ڕۆڵە مەزنەی ئافرەتی کورد دەکاتەوە و لە یەکێک لە پەیامەکانیدا دەڵێت «ئەوەی ئافرەتی کوردستانی بۆ گەلەکەی کردوویەتی لە مێژوودا وێنەی کەمە. ئەوان پشتیوانی شۆڕش بوون، ئاوارەیی و دەربەدەریان بینی و تەحەمولی قەیران و کارەساتەکانیان کرد و بەشداری تێکڕای کایەکانی ژیانی کۆمەڵگە و هەروەها شەڕی بەرگریکردن لە نیشتمانیش بوون و لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا کچانی کورد قارەمانێتییان تۆمار کرد».
کەواتە ئافرەت هەم قوربانی پرۆسەکانی جینۆساید و هەم بەشداری ڕاستەوخۆی بزاڤی ئازادیخوازی گەلی کوردستان بووە، ئافرەتانی کوردستان لە بارودۆخە سەخت و هەلومەرجە قورس و نەخوازراوەکاندا ڕۆڵی شایستەی خۆیانیان بینیوە و دەبینن، بەڵام وەک تێبینی دەکرێت لە ناوەندە جیاوازەکانی ڕاگەیاندن ئافرەتی کورد وەک بوونەوەرێکی لاواز و دوور لە پێگەی گرنگی کۆمەڵایەتی، پیشان دەدرێت و تیشک دەخرێتە سەر لایەنە نێگەتیڤەکان، ئەمەش هەندێک جار بە مەبەست و هەندێک جاریش لە پێناوی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت و بەرەنگاری توندوتیژی.
ئەوە ڕاستییەکی نکۆڵی لێ نەکراوە، کەوا ئافرەت توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت و بە کەم لە تواناکانی دەڕوانرێت و هاوتای ڕەگەزی بەرامبەر دەرفەتی پێ نادرێت، بەڵام دەبێت ئەوەش لە بیر نەکەین، کە هەر ئافرەتە سیمبولی قوربانیدان و ئازایەتی. هاوکات ئەو ماف و دەستکەوتانەی کە ئافرەتانی کوردستان دوای ڕاپەڕینی ئازادی بەدەستیان هێناوە ئەو ڕێژانەی لە بەشداری کایەکانی دەسەڵات پێی گەیشتوون و ئەو گۆڕانکارییە چۆنیەتییانەی کە هاتوونەتە کایەوە، چەندین جار لە پێش وڵاتانی دیکەیە، بۆیە شانازی بە دەستکەوتەکان دەکەین و پێداگری لە ماف و دەرفەت و لێپرسراوەتی یەکسان دەکەینەوە.