هەمووان دەزاننتەنها میدیا و حزبی خۆبەکەمزان نایزانن

هاودەنگ فارووق

هەرێمی كوردستان خۆی هەیە، بۆیە کونسوڵگەری ئەمریكا و وڵاتانی دیكەش لێرە هەن، کەواتە کۆنسوڵگەرییەکان مایەی بوونی هەرێمی كوردستان نین.
لە 20 ساڵی ڕابردوودا، گەورەترین سەركەوتنی ئەمریكا لەدۆسیەی عێراقدا، دروستكردنی جۆرێك لە یەکلاکردنەوەی كێشەی كوردە لەگەڵ حکوومەتی عێراق بەگوێرەی دەستوور، دیارە یەکلاکردنەوەکەش هەر ئەوەیە كە قەوارەی هەرێمی كوردستان کراوەتە دەستووری، لەدەستووردا ماف و دەستەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان دیاریكراون. دەنا لەوە بترازێت، هیچ خاڵێكی گەش لە دۆسیەی عێراقدا نابینرێت.
پرسیار ئەوەیە: چ پاڵنەرێكی لۆجیكی و سیاسی و بەرژەوەندی هەیە، تاكو ئەمریكا ئەو خاڵە گەشە بسڕێتەوە؟ بێگومان هیچ. بەڵام ئایا بڕیارە پەیوەندییەكان بەبێ تێبینی و جاروبار ڕەخنە و نیگەرانیش تا هەتاهەتایە بەردەوام بن؟ بێگومان نەخێر.
ئاخر کە دەستەڵاتی فەلەستینی لە ئەنجامی كۆنگرەی مەدرید دوای شەری ڕزگاركردنی كوەیت دامەزرێنرا و ئەمریكا سپۆنسەری دروستكردنی بوو، مانەوەیشی پەیوەستە بەتەناهیی ئیسرائیلەوە، كەچی ناو ناوە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكادا دووچاری تەنگژەی قووڵ دەبن و لێكدابڕانیش دروست دەبێت! بەڵام ئەمریكا ئامادەنییە بیگەیەنێتە مریشكە ڕەشە، چونكە یەکلاکردنەوەوی كێشەی میللەتێك لەسەر بنەمای ئەو قەوارەیە دەكرێت.
هەرێمی كوردستان چەندین خاڵ لەپێش دەستەڵاتی فەلەستینەوەیە و بنکەپتەوترە بۆ ئەوەی ئەمریكا تاكۆتایی سپۆنسەری بكات، چونکە هەرێمی كوردستان تایتڵی تاكە سەركەوتنی ئەمریكایە لە عێراقدا. هەرێم چووەتە نێو لێگەیشتنە دەستوورییەكانەوە، توانای خۆژێنی هەیە و گرنگیی بۆ ئابووری جیهان هەیە. هەرێمی کوردستان هاوپەیمانێكی ئەمریكا و جیهانی مۆدێرنە و لەشەڕی داعشدا بەشدارییەكی گەورە و کارای هەبووە. لانکەی ئازادی و ئاشتی وپێکەوەژیانە لە ناوچەکەدا. هۆكاری ئۆقرەیی و زەرورەتی مانەوەیەتی وەك هاوپەیمانێكی گرنگی جیهانی ئازاد.
سەرباری ئەمانەش، هەرێمی كوردستان بەرئەنجامی خوێن و فرمێسك و خەباتی نەتەوەیەكی گەورەیە و خێرو سەدەقە و مەرحەمەتی کەس نییە بەكورد درا بێت. هەین، بۆیە ئەمریكا وەك هاوپەیمان سەیرمان دەكات و جاروباریش گلەیی دەكات. مانەوەمان هێزی نەتەوەییمانە، بوونی سەرۆک بارزانییە، پێشمەرگەیە، نەخشەی سیاسی ناوچەكە و ژیانی دەستوریی عێراقە.
نەمانی هەرێم، مانای نەمانی عێراقە وەك ئەوەی لەدەستوردا بە ڕوونی ئاماژەی پێكراوە و ڕێککەوتنی هەردوو نەتەوەی ‘کوردو عەرەبی’ لەسەر کراوە.. هەرێم گرەنتی مانەوەی عێراقە وەك ئەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەڵێی بۆ كردووە. هەمووان، ئەمریكا و بەغدا و تاران و ئەنکەرە و شام، ئەو ڕاستییە دەزانن، بەڵام كێشەكە ئەوەیە، مێدیای ناحاڵیی و حزبی خۆبەكەمزانی ناوخۆ ئەوە نازانن!