لە‌ھە‌كبە‌ی بیرە‌وە‌ریمدا Navigatie

ئە‌سعە‌د عە‌دۆ

ئەم ئامێرە لە جیهاندا بە (Navigatie ناڤیگەیشن) ناسراوە ، لە هۆڵەندا پێی دەڵێن : نافیخاتسی ، بەر لە گەڕانەوەی یەكجاریمدا بۆ كوردستان ئەو ئامێرە هەبوو بەڵام بە فراوانی بەكار نەدەهات ، لە سەردانی ساڵی(۲٠٠۸) هەرچەندە بۆ چارەسەركردن بوو بەڵام چێژی گەشتوگوزار دەگەڵ كوڕگەلان لەسەر ئاوازی دەنگی ئەو كچۆڵەیە كە لەنێو ئامێرەكەدا لە ڤیەننا بەرەو بەرلین ، ئەمستردام ، بڕۆكسل ، پاریس ، بەرشەلۆنە ببوو بەڕێ نیشاندەرمان ، لەزتێكی دیكەی خستە سەر گەڕانەكەمان ، بەلەزەتەكەی خۆی لەو چەند ساتە دۆزیەوە كە بە شاڵی كوردەواری و سەروجامانەی دزەییاتی و ئاڵای كوردستان لەدەست لەنێو یاریگەی بەرشەلۆنە لەبەردەم كامێرای تەلەفزیۆنی (الجزیرە سپۆرت) بەنێوی كورد قسەمان لەسەر ئامادەبوونی كوڕگەلان كرد ، كە لە دوای چەند چركەیەك ئەو رووداوە بروسكە ئاسا لە راگەیاندنی كوردستاندا رەنگی دایەوە .
كاتێ لەنێو فەرهەنگی هۆڵەندیدا بەدوای مانای نێوی ئەو ئامێرە
دەگەڕام ، بە (ملاحە ، ابحار)خۆی دەرخست ، كەچی لە كوون وكەلەبەری زماندا بە (رێ نیشاندەر – دلیل) خۆی حەشاردابوو . گوایە شەش ئەستێرەی دەستكرد دەخزمەت ئەو ئامێرە دەست لەسەر سینگ راوەستاون ، دوا هەواڵی پێشكەوتنی ئەو ئامێرە خۆی لەوە دەدۆزێتەوە كە ئەو جۆرەی لەمەودوا دێتە بازاڕ هەردەم لە حاڵەتی (زیندی) دا ، دەبێت بە واتایەكی دیكە هەر كووچەو شەقامێكی نوێ لەمەودای ئامێرەكە دروست بكرێت ، بێ سێ و دوو دەپۆكەوێتە بەر سێرهی ئەو ئامێرە سەیروسەمەرەیە ، بۆیە لەهەر تەنگانەیەكدا بۆ دۆزینەوەی شوێنی مەبەست پەنامان بۆ دەنگی ناسكی كچۆڵەی (نافیخاتسی) دەبرد ، رووی سپی بێت درێغی دەگەڵ كەس نه ده كرد !
هەرچەندە ئەو ئامێرە لە رێگەی ئەو ئۆتۆمبێلە زێدە پێشكەوتوانە گەیشتۆتە هەرێمی كوردستان بەڵام بەداخەوە تا ئێستا كلتووری ئامێرەكەو ئۆتۆمبێلەكەیش نەگەیشتۆتە نێو كۆمەڵگای كوردەواری بۆیە هەموومان بە خۆزگە بووین رۆژێك دابێت كۆمپانیایەكی تایبەتمەند ، هەرێمی كوردستان (پۆستكۆد
postcod بكات ، تاكو میوانان و خەڵكی كوردستان لەسەر ئاوازی دەنگی ناسكی كچۆڵەیەكی كورد بە ناخی كوردستان شۆڕببنەوە .
ئەوەی لەم سەردانەماندا لەنێو كۆڕومەجلیسی رەوەندی
كوردیدا سەرنجی راكێشام ، گەیشتنی زۆربەی رەوەندی كورد بەو قەناعەتە كە حكومەتی كوردان لە خزمەت كۆمەڵگای كوردەواری و ئاوەدانكردنەوەی كوردستاندا درێغی ناكات ، كەچی بەر لە ئێستا زۆربەی خەڵك لە خووت وخۆڕایی بەردیان لە كاروانی نەگەڕاوەی حكومەتی كوردان دەگرت !
بەڵام سوپاس بۆ خودا ماوەیەكە خەڵكی خۆمان هەوڵدەدەن بە ویژدان ، بێ جیاوازی قسە لەمەڕ ئیشوكاری حكومەتی كوردان بكەن ، هەرچەندە تا ئێستا خەڵكانێك هەن دۆڵ بۆ بەرژەوەندی نەیارانی كورد لێدەدەن .
نابێ ئەو خۆشیە بێ سنوورە بشارمەوە كە بۆ یەكەمجارە لە
مێژووی كورداندا لە رۆژی گەڕنەوەماندا لە ٥ / ١ / ۲٠٠۹ لە نێو فڕۆكەی هێلی ئاسمانی نەمساویدا گوێم لە دەنگی ناسكی كچۆڵەیەكی كورد بوو دەیگووت : ئازیزان ، دوای چەند چركەیەكی دیكە فڕۆكەكەمان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر (اربیل) دادەبەزێ ، سەفەرێكی خۆش ! منیش لە خۆشیاندا موچڕك
بەلەشمدا هات و خۆزگەی زێدەو زێدەم لە خودا دەخواست .