ئێمە‌ ھە‌ین…

زكری موسا

ھەرێم ھەرچیەک بێت کارتۆنی نییە، ئەوە ھەرێمی کوردستانی عێراق بوو بە خوێنی ڕۆڵەکانی، ئەفسانەی داعشی تێکشکاند و بە خوێنی پیرۆز و پڕبەھای ڕۆڵەکانی، جیهانی لە دێوزمەی تیرۆر پاراست. ھەرێمی کوردستان لە شەڕی داعشدا ٢٠٠٠ شەھید و ١٢٠٠٠ برینداری پێشکەشی مرۆڤایەتی کرد و وانەی جەنگاوەری و خۆبەدەستەوەنەدانی دووپات کردەوە.
لەو کاتەی عێراق لە جەنگی تاییفەگەری و دەسوەردانی دەرەکی و وێرانیی تیرۆردا ڕۆچووبوو، ھەرێمی کوردستان باوەشی بۆ ملیۆنان ئاوارە کردەوە و ڕێگەی نەدا ھزری تیرۆر و تایفەگەری لە کوردستاندا ھیچ پێگە و شوێنی ھەبێت.
ھەرێمی کوردستان ھەرچیەک بێت کارتۆنی نییە.
بەرھەمی خەباتێکی دوورودرێژی میڵەتێکی مەزڵوومە کە کۆیلایەتی و ستەم و نکۆڵیکاری ڕەتکردەوە.
ئەوە ھەرێمی کوردستانی عێراق بوو کە بوویە سەکۆیەک بۆ ئازادکردنی عێراق لە تەونی دیکتاتۆری و شۆڤینیزم و جەھل و دواکەوتوویی.
ھەرێمی کوردستانی عێراق ھەرچۆنێک بێت و ھەرچیەک بێت بە فەرسەخ لە پێشەوەی ڕژێمە سەرکوتکار و ژنکوژ و ئازادیکوژەکانی دەوروبەرە.
گەلانی ناوچەکە ماوەی سەت ساڵە قوربانیی دەستی دەوڵەتە کارتۆنی و قەڵپەکانی ناوچەکەن، سەت ساڵە زیندانیی سیستەمە سەرکوتکارە نائینسانییەکانی ناوچەکەن.
ئەو دەوڵەتانەی دەوڵەتەن و سیادەیان ھەیە و کورسی و نوێنەریان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ھەیە، لەبری کارکردن بۆ ئاشتی و بەھا بەرزەکانی مرۆڤایەتی و پێشکەوتن، کاریان بۆ شەڕ و کاولکاری و تێکشکاندنی کەرامەتی مرۆڤەکان کرد.
ئێمە دانیشتووی سەرزەمینێکین کە بە زۆر دابەش کراوە و جینۆساید کراوە و یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕەوایەتیان داوەتە ئەو زوڵم و دابەشکارییە.
بەڵام بەڕووی ئەو زوڵمەدا ھاتینەوە و ڕێگەمان نەدا نەخشەی شوومی لەناوبردن و نەھێشتنمان سەر بگرێ.
ھەرێم ھەرچیەک بێت کارتۆنی نییە، بەڵکو خاوەنی پێناسە و مێژوو و ڕەسەنایەتیە. ھەرێمی کوردستانی عێراق ناڕووخێ چونکە ڕیشەی لە مێژوو و خەبات و کۆڵنەدانی خەڵکەکەیدا ھەیە.
ھەرێمی کوردستانی عێراق وەکوو ھەموو شوێنێکی تری سەر زەوی خاوەنی کەرامەت و ئیرادە و خەونە و لە ھەمانکاتیشدا گرفتیشی ھەیە. دانیشتوانی ھەرێمی کوردستانی عێراق ژیر و پێگەیشتوو و خاوەن مافن و تێکۆشەرن و مێژوویان تۆمار کردووە و بەشێکن لە شانازیی مرۆڤایەتی.
دەتوانن بە ھیمەت و بەردەوامیی و کۆڵنەدان کێشەکانیان چارەسەر بکەن. بە کارتۆنی ناوھێنانی ھەرێم ھیچ جیاوازییەکی نیە لەو ڕوانگەیەی داگیرکاران و ستەمکارانی ناوچەکە بەرانبەر ناوی کوردستاندا ھەیانە.
ڕاستە ئێمە وەک زۆربەی وڵاتانی تر کێشەمان لە پێگەیشتن و پێکەوەھەڵکردن و ئیدارەدان و بنیاتنانی دامەزراوەکاندا ھەیە، بەڵام لەگەڵ ھەموو ئەوانەیشدا ھەین و ناکرێ نکۆڵی لە بوونمان بکرێت.