ئه‌سعه‌د عه‌دۆ
له هه‌كبه‌ی بیره‌وه‌ریمدا
رۆژنامه‌ی برایه‌تی
له ئه‌نجامدا حیزب بڕیاریدا ببێته‌وه خاوه‌نی رۆژنامه‌یه‌كی رۆژانه ، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته لێژنه‌یه‌ك له‌م به‌ڕێزانه‌ی خواره‌وه پێكهات : حبیب محمد كریم ، زاهیر رۆژبه‌یانی ، ئه‌سعه‌د عه‌دۆ ، زادوق ئاده‌م شوێنێك له‌سه‌ر شه‌ست مه‌تری نزیك ئیسكان بۆ باره‌گا ده‌ست نیشانكراو كه‌لوپه‌لی پێویست دابینكرا،
له 17/1/1993 بڕیاردرا نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی هه‌ولێر كه‌بریتی بو‌و له : به‌نده ، هاشم رێكانی ، عمر سیدزاده ، شێرزاد عبدالرحمن له‌گه‌ڵ ستافی نوێ تێكه‌ڵ بێته‌وه ، له براده‌رانی شه‌قڵاوه‌ش كه له رۆژنامه‌ی(خه‌بات) كاریان ده‌كرد وه‌ك : محمد خدر مولود ، كاك تۆفیق ئاكره‌یی له چاپخانه‌ی خه‌بات ئه‌وانه‌ی له‌شاخ كاریان ده‌كرد ، كاك (احمد قه‌ره‌نی) وه‌ك به‌رپرسی دارایی ،
دوابه‌دوای ده‌ست نیشانكردنی : حبیب محمد كریم وه‌ك سه‌رنووسه‌ری برایه‌تی ، زاهیر رۆژبه‌یانی وه‌ك جێگری سه‌رنووسه‌ر ، ئه‌سعه‌د عه‌دۆ وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری نووسین ، محمد زاده وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری هونه‌ری ، رۆژنامه‌ی( التاخی) به‌زمانی(عه‌ره‌بی)له‌سه‌ر ژماره‌كانی پێشووتر له 1/3/1993 ده‌رچوو ! ئینجا له 2/3/1993 له‌سه‌ر هه‌مان ژماره ، رۆژنامه‌ی(برایه‌تی)به‌رده‌وام بو‌و
به‌مشێوه‌یه رۆژبه‌رۆژ برایه‌تی رۆژانه شانبه‌شانی رۆژنامه‌ی(خه‌بات)سێ هه‌فته به‌كوردی وهه‌فته‌یه‌ك به عه‌ره‌بی تینوه‌تی خوێنه‌ری شكاند شایانی باسه خه‌باتی عه‌ره‌بی پێنج هه‌زار دانه‌ی ده‌گه‌یشته سووریا‌و خوێنه‌رێكی گه‌لێ زێده‌ی له(حلب ، قامشلی ، شام)په‌یدا كردبوو كاك فلك ا‌لدین كاكه‌ییی سه‌رنووسه‌روسعید خه‌تات به‌ڕێوه‌به‌ری نووسین بوون .
ئه‌وكات وه‌ك ئێستا نه‌بوو كوردستان دوو ئابلۆقه‌ی له‌سه‌ر بو‌و له‌به‌رهێندێ دابینكردنی كه‌لوپه‌لی رۆژنامه‌گه‌ری كارێكی زۆر ئه‌سته‌م بو‌و ! جارێكیان په‌نامان بۆ ئێران برد كه توانرا(10) تۆن كاغه‌زی رۆڵ به رێگای(خنێره)به نرخێكی زۆر گران بگاته ده‌ستمان ،
بۆ دابینكردنی كه‌موكووری چاپ جارێكیان له رێگای سووریاوه هێنام و سه‌ردانی توركیاشمانكرد به تایبه‌ت براده‌رانی رۆژنامه‌ی (ئازادی نوێ) كه(عبداللطیف ئۆزده‌میر)سه‌رنووسه‌ری بو‌و ، له ئه‌نجامدا توانیمان له ساڵی(1994)له رێگای بازرگانی به‌ڵام زیره‌كانه ! (75) تۆن كاغه‌زی رۆڵ دابین بكه‌ین ! به‌مشێوه‌یه راگه‌یاندنمان له گیروگرفتی كه‌لوپه‌لی رۆژنامه‌گه‌ری ده‌ربازی بو‌و !
تا ده‌هات كاری رۆژنامه‌گه‌ریمان قورس‌تر ده‌بو بۆیه له شوێنی یه‌كه‌م گوازراینه‌وه بۆ نزیك سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی(صلاح ا‌لدین)
دوابه‌دوای كۆنگره‌ی(11)سیسته‌می مه‌كته‌بی ناوه‌ندی راگه‌یاندن دامه‌زراو هاتنی به‌ڕێزان : سه‌رۆ قادر ، ئاسۆ كریم ، شه‌مال حه‌وێزی له‌دواییدا : به‌دران حبیب ، برزۆ علی هه‌ژار بڕیاردرا ده‌سته‌ی نووسین به‌مشێوه‌یه بێت : جگه له هه‌یكه‌له‌ی پێشتر ئه‌و به‌رێزانه‌ش له‌گه‌ڵ زادوق ئاده‌م هه‌ریه‌كه‌یان وه‌ك به‌رپرسی لاپه‌ڕه ده‌ست نیشانكران
له تشرینی یه‌كه‌مدا به‌ڕێز فه‌رهاد عه‌ونی بو‌و به سه‌رنووسه‌ری برایه‌تی و به‌رپرسی ده‌زگاكه به گشتی ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاك فه‌رهاد له حه‌فتاكان له(التاخی) رۆژنامه‌نووس بو‌و به‌رپرسیاره‌تی له یه‌كێتی قوتابیاندا هه‌بو ، هێنده‌ی نه‌برد باره‌گای برایه‌تی وه‌ك مه‌ڵبه‌ندێكی رۆشنبیری و سیاسی و رێكخراوه‌یی لێهات ، هه‌رده‌م جمه‌ی ده‌هات به‌راستی ئه‌و قۆناغ قۆناغێكی زێڕینی راگه‌یاندنی پارتیمان بو‌و
زۆر به‌داخه‌وه ده‌یڵێم : سه‌ره‌تا شه‌ڕی نێوان یه‌كێتی و بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی ئینجا شه‌ڕانگێزی یه‌كێتی ده‌رهه‌ق به پارتی هۆكارێكی ماڵوێرانی بو‌و بۆ كوردستان ! ئه‌و ملمڵانێ و دڕدۆنگیه گه‌یشته ئه‌و راده‌یه كه له 25/12/1994 ژماره‌ی برایه‌تی ئه‌و رۆژه له‌شه‌قامی شێخی چۆڵی بسووتێندرێ ! ئینجا رفاندنی به‌نده له 29/12/1994 ! له دوایید داگیركردنی باره‌گای رۆژنامه‌ی خه‌بات و برایه‌تی له 30/12/1994 !