(٢١٥)
بەخێر بێیت ئەی مانگە پیرۆزەکەی رەمەزان
عومەر چنگیانی
چونکە پشتیوان بە خوا چەند ڕۆژێکی تر مانگی پڕ بەرەکەتی ڕەمەزانی ساڵی ١٤٤٤ دەبێتە میوانی ماڵەکانمان و، وەرزێکی مەزن و بەبەهایە؛ لە بۆردی باڵای ئامادەکردنی گوتاری هەینی، بە ئەرکمان زانی لە دوایین گوتاری هەینی مانگی شاباندا مامۆستایان باس لە خۆئامادەکردن بۆ چوونە نێو ئەو مانگە بکەن و، ئێمەیش لەسەر دوانگەی مزگەوتی خەدیجەکوبرا کردمانە توێشووی هەینیەکەی ڕابردوومان کە کردیە خەلەکی ١٩٢، رێکەوتی ٢٥ـی شابانی ١٤٤٤ بەرانبەر بە ١٧ـی ئاداری٢٠٢٣ کە ئەمە پوختەی گوتارەکەمانە:
خوای گەورە لەو مانگە پیرۆزەدا، رۆژەکەی بە واجبی بۆ رۆژووگرتن و شەوەکەیشی بە سونەت بۆ زیندووکردنەوە بە عیبادەت داناوە و، ناوی لەو مانگە ناوە مانگی رەحمەت و مانگی لێخۆشبوون و مانگی خوێندنەوەی قورئان بۆ رێنموونیکردنی خەڵکی و دەرهێنانیان لە تاریکی و ستەم بەرەو نوور و رۆشنایی، هەروەک دەبینین لە ١٨٥ـەمین ئایەتی سوورەتی (بەقەرە)دا دەفەرمێ: (مانگی رەمەزان ئەو مانگەیە کە تیایدا قورئان هاتۆتە خوارەوە، کە هەم قورئانەکە و هەمیش مانگەکە پڕیانە لە ڕێنمایی بۆ مەردمیەل و بەرچاوڕۆشنیدان و جیاکاری نێوان راستی و ناڕاستی و، جیاکەرەوەی دوو لایەنەی هەق و بەتاڵە لە یەکتری). هەربۆیە بە هەموو هەست و نێستمانەوە دەڵێین: بەخێر بێی مانگی پڕ خێر و لێبوردەیی، رۆژەکانت وێستگەیەکی مەزنن کە مسوڵمان تیایدا فێری چەندین وانەی ئیمانی دەبێ کە دەبێتە توێشووی دنیا و دواڕۆژ بۆی؛ هەربۆیە مسوڵمانان دڵخۆشن بە هاتنەوەی مانگی ڕەمەزان ـ ئەگەرچی رۆژووگرتن، سەختی و ناخۆشیی تیایە، لەبەر خۆگرتنەوە لە خۆشیەکان لە رۆژانی ڕەمەزاناندا ـ چونکە دەزانن ئەمە گوێڕایەڵیکردنی پەروەردگارە و، بە هۆیەوە لێی نزیک دەبنەوە.
لایەک لە گەورەیی و فەزڵەکانی مانگی رەمەزان:
یەکەم/ رەمەزان خەڵاتێکی پیرۆز و دەرفەتێکی مەزنە و پێشبرکێیەکی جیهانیە بۆ ئەوانەی نەبەردن و دەتوانن پەرستشی تیادا بکەن و رەزا و لێبوردەیی ئەڵڵای تێدا بەدەست بێنن و تەقوای زیاتری تیادا بکەن، چونکە حیکمەت لە واجبکرانی رۆژوو تەقوایە، ڕۆژوو پەرستشێکە بەهۆیەوە مسوڵمان لە خوا نزیک دەبێتەوە و، بە هۆی دەستهەڵگرتن لە ئارەزووەکانی و رێکخستن و بەرزەفتکردنی نەفس و، هەوساکردنی نەوس و، هەستکردن بەوەی ئەڵڵا چاودێریی دەکات.
جا وەک دەزانین شێوە داڕشتنێکی قورئان لە باسکردنی ئەرکەکانی سەر مرۆف بریتییە لە شێوە داڕشتنی (کیتابەت) بە مانا بەپێویستگێڕان کە لە ١٨٥ـەمین ئایەتی سوورەتی (بەقەرە)دا، دەفەرمێ:
(بەپێویست گێڕراوە و لەسەرتان نووسراوە کە بەڕۆژوو ببن وەکچۆن لە بەرای ئێوەیش لەسەر نەتەوە و میللەتەکانی تری شوێنکەوتەی پەیامگەیێنەکانی دی، بەپیویست گیڕدرابوو، ئەم بەپێویستگێڕانی ڕۆژووگرتنەیش لەبەر ئەوەیە کە ئێوە بگەڕێن لەوانەی کە تەقوای ئەڵڵا دەکەن).
دووەم/ لە رەمەزاندا بەرەکات دێتە خوارەوە و دەرگای بەهەشت واڵا دەکرێ و دەرگای دۆزەخیش دادەخرێ.
سێیەم/ پاداشتی رۆژگەوان لای خوا زۆر مەزنە، وەک لە فەرموودەیەکی قودسیدا هاتووە، خوای گەورە دەفەرمێ:(رۆژوو بۆ منە و منیش پاداشتی رۆژووەوان دەدەمەوە لەسەری).
چوارەم/ رۆژوو قەڵغانە و هەرکەسێک مانگی رەمەزان بەڕۆژوو بێ، خودای گەورە دەیخاتە ناو شوورایەکی پۆڵایینەوە لە بەرامبەر جەحانمدا، کە هەموان دەزانین قەڵغان ئامرازە؛ کەلوپەلێک بووە کاتی خۆی لە گۆڕەپانی جەنگدا مرۆڤ لە بەرانبەر دژمندا بۆ بەرهەڵستی لە خۆی بەکاری هێناوە و بە دەستێکی جەنگیوە و بە دەستەکەی تری نەیهێشتووە تێخ و پەیکان و تیرى دژمن کاری تێ بکات، کەوابوو گۆڕەپانی رۆژوویش وەک گۆڕەپانی جەنگ وایە و، رۆژگەوان لە شەڕ و رووبەڕووبوونەوەدایە لەگەڵ شوبەهات و شەهەوات، گومان و حەزە نالەبارەکانی.
بەفیڕۆنەدانی کات و قۆستنەوەی بۆ کاری باش:
یەکەم/ مسوڵمان دەبێ خۆپارێز بێ لە زیادەڕۆیی لە خواردن و، بەکارهێنانی کەلوپەلی زیادە و، لە بەهەدەردان و بەترەفکردنی بەخششەکانی خودای گەورە، چونکە رۆژوو رەهەندێکی ئابووریی زۆری هەیە، خۆشبەختی بۆ ئەو کەسەی کە لە ڕۆژووگرتنیدا شوێنکەوتەی سەردارەکەی خۆی دەبێ کە پێغەمبەرە، دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت.
دووەم/ مسوڵمان لە مانگی ڕەمەزادا قیمەت و بەهای کاتی بۆ دەردەکەوێ و کاتەکانی بەفیڕۆ نادات و هەموو چرکەیەکی بۆ خەیر بەکار دێنێ و رووی لە خەیر و دوور لە شەڕ دەبێ، چونکە دەزانێ ڕەمەزان چەند رۆژێکی دیاریکراوە، بۆیە دەبێ مسوڵمانان پێشوازیەکی ناوازە لەم مانگە بکەن بە نیەت و مەبەستێکی باش و، کاروکردارێکی باش، نەک بیکەن بە مانگی خواردن و خواردنەوە و تەمبەڵی و خەوتن و، دووری لە خواپەرستی و کاری خەیر.