لێکەوتەکانی هێلیکۆپتەرە تێکشکاوەکە

‎هاودەنگ فاروق

لە ڕووداوی کەوتنی هێلیكۆپتەرەکانی دەستی پەکەکە و تێکشکانیان، حکوومەتی عێراق لەبەردەم بەرپرسیارییەتییەكی سیاسیی و یاسایی گەورە دایە.
‎هەرێمی کوردستان و ژینگە سیاسییەکەی لە دۆخێکی
ئەمنی ئاڵۆزدایە، لەچەندین لاوە بەهێزی ناکۆک دەوردراوە و بەریەککەوتنی لایەنەکان توندە، لەبەر ئەوە گرنگە بزانرێت لە پشتی فڕینی ئەودوو هێلیكۆپتەرانە چ پیلانگێڕییەك هەیە، ئاخر گەشتی فڕۆکەكان لە کاتێکی نەبینراو بووە و پێویستی بەدەزگەی تایبەتی و ڕێگە پێدان هەیە، پرسەکە ئەوەیە لە هەلومەرجێکی سەختدا بە سیستەمی بینراو فڕیوە، هەر ئەمەش بووە هۆی تێکشکانی، ئەم پلانە ئەمنیانە بێ ئاگاداری دەزگە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان كراوە.
‎لە ڕاستیدا ئەم بابەتە، كێشەیەكی فرە جەمسەرە، ڕەهەندەكانی ئاڵۆزو تێكەڵن، ڕوویەكی تەكنیكی و ڕوویەكی ئەمنی و ڕوویەكی یاسایی هەیە. لە هەموو لایەنەكانی ئەم كێشەیە، پێویستە حكوومەتی عێراق بێتە سەر خەت و
وەڵامی ئەنجوومەنی ئاسایشی كوردستان بداتەوەو، فشار دروست بكات بۆ ئەوەی ڕای گشتی لەم كێشەیەدا بە هەڵەدا نەبرێت. ئاخر چۆن دەكرێت لەم سەردەمی ڕادار و تەكنەلۆژیایەدا، حكوومەتی عێراق نەزانێت ئەو كۆپتەرانە لەكوێوە فریون لەكوێ نیشتوونەتەوەو ڕێگەی هەواییان لەكوێوە بۆ كوێ بووە؟.
‎هەروەها لەڕووی ئەمنیشەوە، چۆن دەكرێت حكوومەتی
عێراق تا ئێستا بێ دەنگە و پرسیارە سەرەكییەكانی ئەم ڕووداوە بەبێ وەڵام بەجێبهێڵێت: بەگوێرەی كام ڕێككەوتن و بە ئاگاداری كام لایەن، ئەم چالاكییە ئەمنییە لە لایەن گروپێكی بێگانە كراوە؟ ئەی ئەمریكاییەكان چۆن لەم كەین و بەینە ئاگادارنەبوونە؟ تەكنەلۆژیا بواری ئەوەی هێشتۆتەوە فێڵ بكرێت لەم بوارە هەستیارەدا.
‎بێگومان سەرئێشەكە بۆ حكوومەتی عێراق لەهەموو
ڕووەكانەوەیە، بەتایبەتی لەڕووی سیادەو سیاسییەوە، دووچاری تەنگەژە دەبێت لەگەڵ توركیادا. حساب نەكردن بۆ هەڵوێستی توركیا و ئەمریكا و عێراق، ئەو بارە قورسەیە كەلەدوای ئەم كێشەیە دێتە پێشەوەو دەبێتە سەرباری كێشەكان.
‎دواتر، چی ڕوودەدات ئەگەر ئەو ئینتیباعە لای وڵاتانی
دراوسێی كوردستان دروست ببێت كە هەرێمی كوردستان شوێنی تەراتێنكردنی چەكدارەكانی پەكەكەیە لە زەوی و ئاسماندا؟.
‎ئەوە بۆ عێراق دەبێتە بارجێكی قورس، چونكە پەكەكە
لەزۆربەی وڵاتان لە لیستی تیرۆردایە، ئاخر عێراق ڕێككەوتنی هەیە لەسەر ئەوەی ڕێگە نەدات خاكەكەی بۆ چالاكی گروپە نەیارەكانی وڵاتەكانی دراوسێ بەكاربێت. ئێستا چۆن بەفڕۆكە هاتوچۆیان پێدەكرێت؟.
‎ئەمانە ئەو لێكەوتە ئاڵۆزانەن كە لەڕووداوی كەوتنە
خوارەوەی هێلیكۆپتەرەكەی سنووری دهۆك سەرهەڵئەدەن و یەكێتیی نیشتمانیش پێویستە لە ئێستاوە خۆی بۆ یەك بە یەكی لێكەوتەكان ئامادە بكات.
بە کەوتنی ئەم دوو کۆپتەرە، دونیایەک پرسیار چاوەڕێی وەڵامن، بە لاڕێدابردنی وەڵامەکانیش، هێندەی دیکە ئەمن و ئەمانی کوردستان ڕووبەڕووی هەڕەشە دەکاتەوە..