فازڵ میرانی
لە نیوەی دووەمی ساڵانی نەوەدی سەدەی پێشوو، وەزیری ناوخۆ بووم لە کابینەی سێیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا.
وەزارەتی ناوخۆ بە تایبەتمەندی و پەلهاوێشتنەکانی تەنها دامەزراوەیەک نییە بۆ ئاسایش و کۆنترۆڵکردن، بەڵکو کارەکانی لەوە قووڵترە و لە جێبەجێ کردنیاندا وەک وەک شۆڕبوونەوەیە بە ناو قوڵایی کۆمەڵگەدا، ئەمەش بەڕاستی ئەرکێکی تا بڵێی گرانە، چونکە متمانەی کۆمەڵگە بەرامبەر بە تۆ، بەردەوام لەسەر مەحەکێکی هەستیاردایە، ئەو ئەرکە وا داوا دەکات بە وریاییەوە و دوور لە سەرەڕۆیی، لەسەرجەم گشت چالاکییە کۆمەڵایتییەکان بڕوانیت و ئەو زانیارییانەی کە پێت دەگەن، لە وردی و ڕاستییەکەی دڵنیا بیت و بە وردی هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەیان بۆ بکەیت. ئەزموونی ئێمە زۆر لەوە زیاتر بوو، ئەودەم قەوارە سیاسییەکەمان تەنها پێنج ساڵ بوو لە حکوومەتی ناوەندی ترازابوو، شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەیی لە لایەکەوە، لایەنە کاریگەرە نیودەوڵەتی و ئیقلیمییەکانیش بۆ خەستکردنی قوڕەکە، درێغییان نەدەکرد.
ئێمە ڕێنوێنییەکانی سەرۆک مەسعود بارزانیمان لەبەرچاو
گرتبوو و لە کار و کردەوەکانماندا جێبەجێمان دەکردن، هەر کەسێکی ئاشنای ئەو ڕۆژگارە لە داهاتوودا لێکۆڵینەوەیەک دەربارەی ئەو سەردەمە بکات، دەبێتە مایەی خۆشحاڵیم چونکە شەرەفی کارکردنم تێدا هەبووە و ئێستەش مایەی سەربەرزیی ئەو وەزارەتەیە کە خزمەتی ئاسایشی کوردستان و تەنات عێراقیش دەکات، بە لەبەرچاوگرتنی سنووری کارەکەی، چونکە لە لایەکەوە سنووری نێودەوڵەتی دەگرێتەوە و لە لایەکی دیکەوە سنووری ڕووبەڕووبوونەی ناوخۆیی کە هەندێکیان سەر بە گۆبەندن.
مەبەستم لە نووسینی ئەم وتارە، پەسنکردنی کارەکانی وەزارەتی ناوخۆ یان هەر دەزگەیەکی فەرمیی و خزمەتگوزاریی هاوپسپۆڕ نییە، بەڵکو ئامانجم ئەوەیە بتوانین شێوازەکانی دیراسەکردنی لایەنی هزری و کۆمەڵایەتی، بە هاوئاهەنگ و هاوسەنگی لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانەی پاراستنی ئاسایش و ئارامیی کۆمەڵگە و خزمەتکردنی کەرتی ئابووری و فێرکردن بە ئەرکی سەرشانی خۆیان دەزانن، دەستنیشان بکەین.
ئاسایش پێکهاتەیەکی ناوخۆییە و پێش ئەوەی ژمارە بێت،
توانا، یان هێزە و ئێمەش هەموومان، بە گوێرەی ئەو بەرنامەیەی سەرۆک مەسعود بارزانی پەیڕەوی دەکات، شێوازی کارکردنی ناوخۆمان دارشتووە و پاراستوومانە، واتە ئێمە دەبینە مایەی ئارامی و ئاسایشی تاک، بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر دەڵێم: تاکی کۆمەڵکە ئیدی لای ئێمە، وەک ئەوەی جاران کۆمەڵکە پێناسەی دەکرد بەوەی کە هەموو کەسێک تا ئەو دەمەی بێتاوانی خۆی دەسەلمێنێت، گومان لێ کراوە، ناناسرێت. بەڵکو ئێمە هەموو توانای خۆمان بۆ ئەوە دەخەینە گەڕ، دەستەڵات ببێتە هاوڕێ و پشتیوانی تاک، نەک ئەوەی تەنها بەهۆی ترس و دڵەڕاوکێوە متمانە بە دەسەڵات بکات.
ئێمە هەمیشە ئەوەمان لەبەرچاو دەگرت کە چۆن مامەڵە لەگەڵ
دۆسییەی ئاسایشدا بکەین، بۆ ڕێگرتن لە خلیسکانی تاک یان کۆمەڵ بەرەو هەڵدێری تیرۆر، یان خیانەت، یان تێوەگلان لە بازاڕی تاوان و ماددەی بێهۆشکەر و چەکفرۆشی و ساختەکاری و ئەو تاوانانەی بەرەنجامیانن. داخستنی ئەو کون کەلەبەرانەی تیرۆریان لێوە دزە دەکەن، کاری سەخت و بەردەوام و هۆشیاریی لە ڕادەبەدەریان پێویستە. بۆیە ئێمە پێشگیریمان دەکرد لەوەی ئەوانەی دەیانویست ئاسایش بشڵەژێنن، زەبری کوێرانە یان بەرنامە بۆ دانراو لە قەوارەکەمان بدەن.
هێزەکانی ئاسایش تەنها بە پلان و جووڵەی زانیارانە سەرناکەون،
بەڵکو ئەو کاتە سەرکەوتووتر و کاریگەرتر و دوورمەوداتر دەبن، کە مەبەستیان پاراستن و دابینکردنی ئاسایشی کۆمەڵگە بێت، دابینکردنی ئاسایش بە تۆقاند و ترساندن نایەتە دی، بە پێچەوانەوە، چالاکییە پەنامەکییەکان لە پەنایدا خۆ ڕێکدەخەن و لە داهاتوودا دەبنە سەرچاوەی گرفت و زیان.
بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی
كوردستان