گە‌شتوگوزار لە‌ ئیسلامدا

عومەر چنگیانی

خەڵکی کوردستان گەرچی باری ئابوورییشیان نالەبار بێ، کەشوهەوا لەبارەکەی نەورۆزان مەیلی سەیرانیان دەبزوێنێ؛ وەرزی بەهاران بۆن و بەرامەی بەهەشتی لێ دێ و، هەرکەس بەپێی توانستی خۆی بایەخی پێ دەدات و بگرە بۆتە کلتوورێکی ساڵانەی خەڵک؛ هەربۆیە لە بۆردی باڵای ئامادەکردنی گوتاری هەینیدا بە باشمان زانی هەینیەکەی ڕابردوو تیشکی بخەینە سەر و ئێمەیش لە مزگەوتی خەدیجەکوبرا بابەتی گەشتوگوزارمان کردە توێشووی گوتاری ژمارە 1٩1مان لە 1٨ی شابانی 1٤٤٤ بەرانبەر بە ٢٠٢3/3/1٠ و لێرەدا پوختەی دەکەینە بەردیدی ئێوەی بەڕێز، کە گومان لەوەدا نییە وەک لە گوتارەکەدا هاتبوو (لەگەڵ دەرکەوتنیدا ئیسلام زۆر دەستەواژە و تێگەیشتنی هەڵەی ڕاست کردەوە کە ئەقڵی کەمی خەڵکی دایانڕشتبوو؛ هەموو ئەمانەی پەیوەیست کرد بە شتی پڕ بەها و خوو و ڕەوشتی بەرزەوە؛ یەک لەو دەستەواژانەی پێش ئیسلام، بە هەڵە ناسێندرابوو (گەشتوگوزار) بوو کە زۆرینەی جار بۆ تاڵانی و دزی و کوشتن هەڵکوتانە سەریەکتری بوو! هەندێ جاریش بۆ بازرگانی و یانیش بۆ فێربوونی زانست بوو، دینی ئیسلام دینێکی واقیعیە و لەگەڵ هەموو کات و سەردەم و کۆمەڵگایەک دەگونجێ، هەربۆیە گەشت و گەڕیان و سەفرە و سەیرانی حەرام نەکردووە، بەڵکو بە کۆمەڵێک پێوەر و یاسای شەرعی ڕێکی خستووە، بۆ ئەوەی بسڵمانان سەرەڕای تامکردن لە گەشت، پاداشتی قیامەتیش وەرگرن.
تەوەری یەکەم/ تێڕامان لە دروستکراوەکانی (الله) خودای گەورە ئیمانداری ئاگادار کردۆتەوە کە هەمیشەتێڕامان و تێفکرین بکا لە دروستکراوەکانی خوا، هەروەک لە بیستەمین ئایەتی سوورەتی (عەنکەبووت)دا ڕوو دەکاتە دوایین پەیامگەیێن محەمەد، دروود و ساوی خوای لەسەر بێت و، دەفەرمێت: (پێیان بێژە با بگەڕین لە زەویدا و ورد ببنەوە و بزانن خوای گەورە چۆن گەردوونی لە بنەڕەتدا ئافراندووە و پاشان بە بەردەوام خوای گەورە هەر گۆڕان و نوێ دروستکراوی خۆیتان نیشان دەدات، بەڕاستی اللە لەسەر هەموو شتەکان توانایە). بۆیە لەم وەرزی بەهارەدا پێویستە تێڕامانێک لە دروستکراوەکانی خوا بکەینەوە لە کاتی گەشتەکانماندا.
تەوەری دووەم/ پاراستنی بەهاکان لە کاتی گەشتوگوزاردا پێغەمبەرمان دروود و سلاوی خوای لێ بێ، فەرمویەتی: (لە هەرکوێیەکدا و هەرچۆنێک بوویت ئاگات لە خواناسی بێت و، بە دووی هەر هەڵەیەکدا، چاکەیەک بکە، دەیشۆرێتەوە؛ لەگەڵ خەڵکدا بە پێوەری بەهای بەرز ڕەفتار بکە). بسڵمان لەسەریەتی بە زینەتی بەها باڵاکانی ئیسلام خۆی بڕازێنێتەوە، لە هەموو شوێن و کاتێکدا و، دوور کەوێتەوە لە ئازاردانی خەڵکانی تر بە هەموو شێوەیەک.
تەوەری سێیەم/ پاراستنی ژینگە هەموو شوێنێکی ئەم زەمینە بۆ بسڵمان مزگەوتە، هەربۆیە پاراستنی واجبی بسڵمانە؛ پاک و خاوێنی لە ئیسلامدا ئادابی کەسی مسوڵمانە و مسوڵمان فەرمانی پێ کراوە کە دار بڕوێنێ نەک دار بشکێنێ، فەرمانی پێ کراوە کە خۆی دوور بگرێ لە پیسکردنی ژینگە و سەرچاوە ئاویەکان بە پاشماوە و شتی پیس؛ هەربۆیە پێغەمبەرمان دروود و سلاوی خوای لەسەر بێ، فەرموویەتی: (خۆتان لەو دوو شتە بپارێزن کە دەبنە هۆکاری نەفرینکردن لێتان، کاتێ لێیان پرسی مەبەستت لەو دوو شتە چین؟ فەرمووی کەسێ لە ڕیگاوبان و شوێن حەوانەوەی خەڵکیدا، دەمیزێ و پیسی دەکا)