پ.د. نەزاکەت حسێن
ئەوەی وای کرد لەهەڵەبجە کە تائێستاش هێندەی قورسی و گەورەیی تاوانەکە شوێن و پێگەی خۆی نەگرتووە و زۆرزۆر شتی بەشاراوەیی ماوەتەوە، هیچ کام لەپرسەکانی و ئاسەوارە جۆراوجۆرەکانی چارەسەری گونجاویان بۆ نادۆزرێتەوە و قەرەبووی شایستەی نیە. ئەنجام دانی ئەوتاوانەبوو دەرهەقی کرا دوور لەچاوی کامێرا و لەکاتی خۆیدا لەناو ڕاگەیاندنە ناوخۆیی و جیهانیەکاندا وەک خۆی نەناسێنرا و ڕایەکی جیهانی لەسەر گەورەیی ئەوتاوانە دروست نەبوو. هەرچەندە لەلایەن چەندین ڕۆژنامەنووس و وێنەگری ناوخۆیی و بیانی زۆرێک لەوێنە و ڤیدۆکان گیراون، بەڵام بەداخەوە ئەوانە وەک ئەرشیف تا ئێستاش مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، ئەگەرچی زۆرتر سوچێک و گۆشەیەکی کەمی تاوانەکە تۆمارکراوە. ئەوەی دەمەوێت لەم باسەدا ئاماژەی پێ بدەم ئەوەیە کە تێستاش بەداخەوە نە ڕاگەیاندنی کوردی نە ڕاگەیاندنە جیهانیەکان کەزۆرێکیان نووسینگەو تیمیان لێرەیە ناتوانن لەئاست گوزارشت و پێداویستی تەوزیف کردنی خواست و پێداویستی هەڵەبجەیەکان و پرسەکانی هەڵەبجەدا بن. هەموو پرسێکی هەڵەبجە پێویستی بە ڕاگەیاندنێکی بنکۆڵ هەیە بەدوایدا بچێت و بیگەیەنێتە ئەنجام. وەڵام وەرگرێت دیوەشاراوەکانی دەرخات، ساڕێژی دەروونی کارەسات بارەکانی بکاتەوە. خەڵکی هەڵەبجە هێشتا شۆکی کارەساتەکە بەرینەداوە، سەیری ئەم لا دەکات گۆڕستانی ٥٠٠٠ هەزارکەس دەبینێت، بەسەرزەویەکدا دەڕوات گومان دەکات پێیەکانی بەسەر جەستەیەکی رزیودا لەناو خاکەکدا نەنێت، کە باخچەی ماڵەکەی یان زەوی کشتوکاڵەکەی دەکێڵێت رەنگە زۆرجار پاچەکەی لە کراسی مردوویەک یان پاپوچی منداڵێکی ون بو یان ملوانکەی ملی کیژۆڵەیەکی سوتاو بەخەردەل بکەوێت. هێشتا هەندێک خەو دەبینن لەخەودا ونبووەکانیان دەبینن، بەترسەوە قومێک لەئاوی کانیاوێک یان بیرێک دەخواتەوە، چونکە دەترسێت تامی خەردەل بدات، گومان لەمیوەیەک دەکات بیخوات نەوەک ژەهری مادە کیمیاوییەکان لەخاکەکە مابێت. وای لێهاوتە تۆراوە لەشنەبا و دارو درەخت و سەوزی و ئاو شاخەکانی شارەکەی و بەترسەوە لەهەموویان دەڕوانێت وبۆنی گوڵێکی بەحەسرەتەوە نەکردووە. تارمایی و خەمۆکیەک لەسەردەمووچاوی هەڵەبجەییەکانی ئێستای دانیشتووی ئەو شارە دەبینیت. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا هەرپرسێکی هەڵەبجە دێتە ئاراوە وەک ونبوویەک سەرهەڵدەداتەوە، پرسێکی ئیداری یان شایستەیی بۆ هەڵەبجە باس دەکرێت یان هەرشتێکی تر تایبەت بەم شارە. ڕاگەیاندن نەک ناتوانێت ڕەچاوی بارودۆخی سایکۆلۆژیای ئەو خەڵکە بکات، بەداخەوە پرسەکە یان دەشێوێنرێت یان دەکەوێتە هاوکێشەی سیاسی یان موزایەدە، یان بۆ وروژاندنی ناوتۆڕی کۆمەڵایەتی و دەستخستنی ڤیویولایک و کۆمێنت بەکاردێت. چەند رۆژێک نابات کۆتایی دێت بێ ئەنجام. ڕاگەیاندنی کوردی ئەگەر وابزانێت زۆری کردووە بۆ هەڵەبجە، ئێمە وەک پسپۆڕان دەڵێین بەداخەوە خۆزگە هەردەستی لێ نەدایە، چونکە هێشتا پرسەکانی هەڵەبجە لەناوراگەیاندنی کوردیدا لەئاست وروژاندندان نەک وروژاندنێکیش رای جیهانی و ناوخۆیی و دەسەڵاتدارانی بەلای خۆیدا رابکێشێت، بەڵکو وروژاندنی یان بۆ سەرنج راکێشان بۆلایک و ڤیویکۆمینت وبەرزکردنەوەی رانک ، یان بۆ موزایەدەی سیاسی وململانێ. کامە بابەت لەسەرهەڵەبجە هاتە ناوراگەیاندنی کوردیەوە وەڵامێکی بۆ جەماوەرو هەڵەبجەیەکان دەست خست، ئاهێکی بەبەرهێنانەوە، راستیەکانی دەرخست؟ لەپرسی چاک کردنی شەقامێک تا خزمەتگوزاریەک تا قوربانیەک ، کامە دۆسییەی گەیاندنە ئاستی چارەسەر، کامە رووی راستەقینەی روداوەکەی پیشان دا، کامە ونبووی ساغ کردەوە ئایا باسەکە راستە یان ناتەنها لە ٣/١٦ ی هەموو ساڵێک لاواندنەوەو ئاواز و پیشاندانی چەند گرتەو وێنەیەک یەک رۆژ شاشەی تەلەفزیۆنەکانمان داگیردەکات کە جگە لە کولاندنەوەی برینەکە هیچ رایەکی گشتی و ئاوڕدانەوەیەک دروست ناکات. دەبێت بزانین ئەم خەم ساردیەی راگەیاندنی کوردی بۆ؟ لەکاتێکدا راگەیاندن لەهەموو شوێنێک عەوداڵی چیرۆکێکە، مادەیەکی خامە بەرهەمی لێ دروست کات. بۆیە زیاتر لە ٣٠ ساڵ بەرلەئێستا ئێمە قوربانی کارەساتێک بووین ئەوە زیاتریشە لە ٣٠ ساڵ دەروونی ماندو سایکۆلۆژیای تۆراوی خەڵکی ئەم شارە قوربانی ئەومامەڵە ناتەندروستەی راگەیاندنین، کە زۆرجار بە مەبەست بێت یان بێ مەبەست وێنەکە دەشێوێنێت و ناشیرینی دەکات ولەبایەخی کارەساتەکە کەم دەکاتەوە. ئەمەش بەشی زۆری دەگەڕێنمەوە بۆ بێ ئەجندایی راگەیاندنی کوردی و نەبوونی راگەیاندنێکی نیشتمانی. جگەلەوەش بۆشایەکی گەورەی بوونی راگەیاندنێکی لۆکاڵی لەناو ئەم شارەدەبینیت، سەرباری کەمی پرۆفیشناڵی رۆژنامەنووس و ڕەوتی ڕۆژنامەگەریمان. بۆیە دەبێت ئیتر لەمە بدوێین، توێژینەوەی لەسەربکەین، وێنای هەڵەبجە چۆنە لەناو ڕاگەیاندنی کوردیدا؟