چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

‎كە خۆری نەتەوەیەك هەڵدێت

هاودەنگ فاروق

‎لەمێژووی ڕزگاریی نەتەوە ژێردەستەكاندا، جارێك یان دووجار قەدەر سیمبولێك بۆ ڕزگاری دێنێتە کایە. سیمبولەكانی ڕزگاریی نیشتمانی، لەزۆر خەسڵەتدا لەیەكدی دەچن؛ گیانی خۆنەویستی و بڕوابەخۆبوون و نێڵدانی كوورەی شۆڕش و هاندانی نەتەوەیەك بۆ ڕزگاری و قبوڵنەكردنی ژێردەستەیی، سیفەتی هاوبەشی گەورەكانی مێژوون.
‎وەختێك ڕەمزەكانی شۆڕشی ڕزگاری بەگژ سوپاو تانك و تۆپ و سیستەمی داگیركاریدا دەچنەوە و دوژمن بەچۆكدا دێنن، جگە لە بڕوایەكی پاكژو و ئیڕادەیەكی بەهێز، هیچ هاندەرێكی دیكەیان نییە، بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان.
‎بارزانی نەمر هەمیشە دەیفەرموو: من دڵنیام كورد سەردەكەوێت، بەڵام ڕەنگە ئێمە ئەو سەركەوتنە نەیبینین! ئەمە ئەو متمانە گەورەیە كە دەبێتە ناوكی شۆڕش و خاڵی وەرچەرخانی سەرەتای گۆڕینی مێژووی ژێردەستەیی.
‎تاكو ئێستا گەورە تیۆریستەكانی مێژوو نەیانتوانیوە وەڵامی وردی بدەنەوە، ئایە سیحری ئەو وزەیە چییە وا دەكات سەركردەیەك بەو خەسڵەتە لەناو نەتەوەیەكی گەورەی بێ دەوڵەتدا دروست ببێت و سەرهەڵبدات؟ چۆن تێكڕای خەڵك لە زاخۆ تا خانەقین و مەندەلی لە دەوری خۆی كۆدەكاتەوەو متمانەو بڕوابەخۆبوونی بەهێزتر لە ناخی تاكی نەتەوەكەی و لای ملیۆنان كەس دروست دەكات كەلەژێر فەرمانیدا بن و گیانفیدا خەبات بۆ ڕزگاری بكەن؟
‎بارزانی لەو جۆرە مرۆڤانە بوو، كە زانستی مێژووش دەستەوسانە لە ئاست خوێندنەوەی هێزو نهێنییەكانی كەسایەتی و سیمبولیی ئەو گەورەپیاوە، كە ئایە چۆن یەكەم هەنگاوەكانی گۆڕینی مێژووی كوردی دەستپێكرد؟ چۆن یەكەم بڕیاریدا لە داگیركەران یاخی بوو؟
‎ئاخر قوربانیدان بە خۆی و بە ژیانی خۆی، بە ئاسودەیی خۆی، لەپێناوی ئاسودەیی و ئازادی و ڕزگاری نەتەوەكەیدا، یەكێك لەو نهێنییە گەورانەیە كە لەناخی مرۆڤە مەزنەكاندایە و زانستیش ناتوانێت بە ئاسانی شی بكاتەوە و وەڵامی وردی لەبارەوە بداتەوە.
‎مەلا مستەفا بارزانی، زیاتر لەسەدەیەك لەمەوبەر، هەستی بەوە كرد كە پێویستە گۆڕان لە مێژووی نەتەوەكەیدا بكات، لێرەوە توانی هەنگاوە مەزنەكانی دوور لە ئایدۆلۆژیایەكی دیاریكراو دەست پێبكات و خۆی بە دەڤەرەجیاوازەكانی كوردستان بناسێنێ و هێزو هۆزو وزەپەرتبوەكانی كورد لە پێكهاتەیەكی نەتەوەیی و سێبەری شۆڕشێكی هاوچەرخدا كۆبكاتەوە.
‎هەروەك سنوورەكانی جوگرافیا ببڕێ و لە بەشەكانی دیكەی كوردستانیش، جێپێی خۆی دابنێ، بارزانی توانی خەم و خولیاكانی میللەتەكەی لە دەڤەری بارزانەوە،بگەیەنێتە هەموو بادینان، كەركوك و گەرمیان و سلێمانی و شارەزوور و هەورامان و موكریان و قامشلۆ و ئامەد، ئەمەیە نهێنی ئەو نەبەزین و كۆڵنەدانەی مستەفا بارزانی كە وەك خۆرێك بۆ نەتەوەكەی درەوشایەوە.