ھە‌ولێر دوای سە‌ردانی وە‌زیرە‌ فیلە‌تە‌نە‌كە‌ی ئە‌مریكا

مەشخەڵ كەوڵۆسی

گومانی تێدانیە ئەمڕۆ عێراق بەیەكێك لەكێشە بونیەویە گەورەكانیدا تێدەپەڕێت. كێشەكانی عێراق بەئەندازەیەك گەورەن، لەوە تێپەڕیون بیر لە چارەسەركردنیان بكرێتەوە، چونكە كێشەكان بونیەوی و قوڵن و ئێستا سەرباری كێشەكانی پێكەوە ژیان و كێشە سیاسی و یاسایی و دەستورییە كەڵەكەبووەكان، كێشەی زۆر كوشندەتری ژینگەیی هاتۆتە ڕیزەوەو، بەگوێرەی ڕای سەنتەرە بەناوبانگ و خاوەن ئیعتیبارەكانی جیهان، چاوەڕوانی پێكدادانی زۆر قورس و خوێناوی لەعێراق
دەكرێت.

هەندێك لەسەنتەرەكانی توێژینەوە لەسەر عێراق، لەئێستاوە بانگەشە بۆ ئەوە دەكەن كەلە پێكدادانی ئەمجارەی پێكهاتەكاندا، لانی كەم ٢٥ ملیۆن هاووڵاتیی عێراقی ئاوارە دەبن و، بەتەواوی جوگرافیای پێكهاتەكان لەیەكتر دادەبڕێت.
كوردستانیش، كێشەكانی بەرفراوان و كەڵەكەبوون و، لەسەری هەموو كێشەكانیشەوە، مەسەلەی خزمەتگوزارییەكان و كێشەكانی مووچە و ناڕێكی ناوماڵی كورد( هۆكارەكەی هەرچی بێت) گرنگترین ئەو كەلێنانەن كە دوژمنان
كاردەكەن بۆ وەبەرهێنانیان و، وەك كارت بەكارهێنانیان.

ئەگەرچی كوردستان و ژیانی خەڵكەكەی و ئۆقرەیی سیاسی و ئەمنی بەدەیان ساڵ لەپێشی بەغدا وناوچەكانی ترەوەیە، بەڵام چونكە دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری و ئەندام لەمەحفەلە نێودەوڵەتییەكان نوێنەرایەتی ناكات، دواجار ناچارین لەسەرچاوەی دووەم و سێیەمەوە، جیاوازییەكانی كوردستان لەگەڵ ناوچەكانی تری عێراق بگەیەنین بە مەحفەلە نێودەوڵەتییەكان. كە:سەردانی وەزیرە فیلەتەنەكەی ئەمریكا، لەم بارودۆخەدا، گرنگییەكەی لەوەدایە وەزیری بەرگری ئەمریكا، بە قەدو باڵای فیلەتەنی و بە شێوەو شێوازی ڕوخساری، بەهێزی پێگەی یاسایی و سەربازی هەرە باڵای لەجیهاندا، خۆی دێت بەبێ ناوەندگیر دۆخەكە دەبینێت! بەچاوی سەر جیاوازی دوو ژینگەی سیاسی و كۆمەڵایەتی بەدیدەكات، ئەوەش جیاوازە لەوەی لەڕاپۆرتەكاندا دەچنە بەردەستی. هەروەها لوید ئۆستن، ئەوكاتەی فەرماندەی هێزەكانی فرەڕەگەزبوو لەدوای پرۆسەی ڕزگاركردنی عێراق، ڕۆڵێكی كاریگەری هەبوو لە بایەخدان بە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و، هێنانی پێشمەرگە بۆناو هاوكێشە ئەمنییەكانی عێراق و، دروستكردنی كۆمەڵێك بنكەی هەماهەنگی بۆیەكەمجار پێشمەرگە و سوپای ئەمریكا و سوپای عێراق تیایدا كاریان دەكرد، لەكاتێكدا ڕەنگە عێراقییەكان ئەو هەبوونەی پێشمەرگەیان بەناچاری قبوڵ كردبێت. ئێستا ئۆستن وەك وەزیری جەنگی ئەمریكا دێت و، پێشمەرگە هەمان پێشمەرگەیە و، دۆخی عێراقیش هیچ جێگەی ئومێد نیە.

بۆیە دیسانەوە گرەوەكان دەكرێنەوە لەسەر توانای پێشمەرگە و گەلی كوردستان و سەركردایەتی سیاسی كوردستان.
هاوكات ئاڵۆزییەك هەیە لەڕوانینی هەرێمی كوردستاندا بۆ هاوكێشەكانی وزە لەدوای جەنگی ئۆكراینا، دوورنیە بەشێك لەو سەردانە بۆ ڕوونكردنەوەی دۆخەكە و، وەرگرتنی تێبینی و نیشاندانی سەرنج بێت، كە پێویستە هەنگاوەكانی هەرێمی
كوردستان بەچ ئاراستەیەك بن.

لەهەموو حاڵەتەكاندا، هاتنی خودی لوید ئۆستن بۆ هەولێر، هەروا حاڵەتێكی ئاسایی نیە، بەڵكو ئەگەر بەڵگەبێت لەسەر شتێك، بێگومان بەڵگەیە لەسەر ئەوەی مامەڵەكردن لەگەڵ هەولێر بەشێوەی ڕاستەوخۆ لەم دۆخە ناوخۆییەی عێراق و جیهان، ئەولەویەتی پەنتاگۆنە و، مامەڵەكانیش هەڕەمەكی نین و، بەگوێرەی ئەولەویەتی پلانەكانی ئەمریكان.

هەرهەبوونی هەولێر لەناو ئەم پلانەدا، نیشانەی ڕوونە لەسەر بایەخی پێگەی هەرێمی كوردستان و، پەیامێكی ڕوونە بۆ ناوخۆی عێراق و هەرێمی كوردستانیش، كە ئەمریكا سەرمایەگوزاری گەورەی لەسەر پێگەی هەرێم بەدەستەوەیە، بایەخدان بە هەرێمی كوردستان مەسەلەیەكی ڕەفتەنی نیە، بەڵكو یەكێكە لە خاڵە سەقامگیر و دوورمەوداكانی جوڵەكانی ئەمریكا، بەتایبەتی پەنتاگۆن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بۆیە چاوەروان دەكرێت دوای ئەو سەردانە، لایەنە سیاسییەكانی كوردستانیش، بەخۆیاندا بچنەوەو، بگەڕێنەوە بۆ هەولێر، تاكو هیچكامیان لەكاروانەكە دوانەكەون.