ھە‌ڵبژاردن سە‌نگی مە‌حە‌كە‌

فرسەت سەید شکور

جەیمس فریمان نووسەر و سیاسەتمەداری ئەمریکی (١۸١٠-١۸۸۸) دەڵێت: سیاسەتمەداری ژیر، بیر لە نەوەی داهاتووی وڵات دەکاتەوە، نەک هەڵبژاردنی داهاتوو.
کێشەی هەڵبژاردن ئەوەیە کە پارتە سیاسییەکان لە قەبارەی خۆیان زیاتر وێنای خۆیان دەکەن و دەنگی ڕەوای خەڵک ڕەت دەکەنەوە؛ لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١۹۹٢ پارتی دیموکراتی کوردستان، دەنگی زۆرینەی خەڵکی کوردستانی بەدەست هێنا، بەڵام یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەوکات ڕەتی دەکردەوە لە کاتێکدا دڵنیابوو لەوەی ئەو دەنگانە دەنگی حەقیقیی خەڵکن.
ئەوکاتیش پارتی لەپێناو پاراستنی ئەزموونی هەرێمەکە و پارێزگاری لە لەتبوون یان هەر مەترسییەکی دیکە، سیستمی پەنجا بە پەنجای لەگەڵ یەکێتیدا پەیڕەوکرد.
بەدرێژایی کۆی ئەو هەڵبژاردنانەی کە بۆ پەرلەمانی کوردستان یاخود ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کراون، پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵی داوە ڕۆڵ و سەنگ و پێگەبداتە لایەکانی دیکەش و پرۆسەی بەشداری فرەلایەنە زیاد بکات، بەتایبەت بە یەکێتی، کە لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا ژمارەی دەنگەکانی زۆر دابەزی، بەڵام پارتی بە هەمان مامەڵەی ساڵانی ڕابردوو درێژەی بەو هاوبەشییە داوە، بۆ نموونە یەکێتی ٢١ کورسی پەرلەمانی هەیە بەڵام هاوتای ٤٥ کورسییەکەی پارتی ڕۆڵی لەنێو دامەزراوەکانی حکوومەتدا هەبووە، پارتی ئەو سنگفراوانییەی نەک نەکردووەتە منەت
بەڵکو خوێندنەوە و پێدانی ڕۆل بە ئەوانی دیکە بە ئەرکێکی نیشتمانی و پاراستنی یەکڕیزیی نەتەوەیی دەزانێت.
حکوومەتی هەرێم ئومێدی باکوور- ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا و سەرجەمی کوردستانییانە.
سەنگ و پێگەی بەهێزی هەرێمی کوردستان لە ئارامی و ئاوەدانی و سەقامگرییەکەی و جێبەجێی پرۆسە دیموکراسییەکەیەتی، ناکرێت لایەنێکی سیاسیی هێندە بە ئاسانی بێباکانە پێگەی هەرێمی کوردستان لە پێناو خراپیی دۆخی خۆی، بخاتە ژێر پرسیارەوە. گرنگە هەندێک لە حیزبە سیاسییەکان بۆ ئەوەی خەڵک لەدەست نەدەن، خزمەتکار بن و سیاسەتی واقعبینانە پەیڕەو بکەن نەک ئاراستە بکرێن و پرۆسەی دیموکراتییەت بخەنە ژێر پرسیارەوە.