هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

پارتی،ھاوزە‌رە‌ری كورد و كوردستانە‌ (كورتە‌ وە‌ڵامێك بۆ ھاوسە‌رۆك)

کاوە میران

خۆزگە بەڕێز بافڵ کاتی زێڕینی بە چارەکردنی کێشە و قەیرانە زۆر و زەوەندەکانی حزبەکەی، کە هەر بۆخۆی بە حزبی شێتخانەی وەسف کرد، تەرخان کردبایە؛ نەک لە ساڵیادی ڕاپەڕیندا بۆ شێواندنی ڕاستییەکان، پەنا بۆ قیڕە قیڕو هاوار ببات.

خۆ دەبوو لەو تەمەندا هێندەی زانیبایە کە سەردەمی خۆڵ کردنە چاوی خەڵک بەسەر چووە و دانیشتوانی دەڤەرە خێرلەخۆ نەدیوەکەی ڕاپەڕین زۆر چاک دەزانن کێشەی نەبوونی خزمەتگوزاری لە ناوچەکەیاندا، یەکێتی لێی بەرپرسە نەک پارتی.

کاکی هاوسەرۆک، لە ڕانییەوە نوقڵانەی زەرەر کردنی پارتی لێدا؛ بێئاگا لەوەی پارتی هەمیشە لە پێناو دۆزی ڕەوای میللەتەکەماندا، درێغی لە خزمەتكردن و قوربانیدان نەکردووە و وەک شوورەیەکی پۆڵاین بووە بۆ پاراستنی کورد و کوردستان؛ ئەوەش مایەی شانازیی و شکۆی پارتییە.

ئیتر نازانرێ ئەمجارەیان تاقمە کاڵفامەکەی ناو یەکێتی چ پیلانێکی ناپاکانەی دیکەیان لە هەگبەدایە تا وەکو هیوا و دواڕۆژی گەلەکەمان پێ هەڕاج بکەن..

پارتی وەک حزبێکی ڕەسەن و خاوەن مێژوویەکی گەش و پرشنگداری خەبات و تێکۆشان، بێگومان بە پەرتبوونی ناو ماڵی کورد زەرەری لێ دەکەوێت؛ کاتێک کەسانی کورتبین و لە سیاسەت حاڵیی نەبوو دەبنە کەواسووری بەر لەشکری داگیرکەران، زیانی لێ دەکەوێت.

چونکە پارتی و کوردایەتی لێک جودا ناکرێنەوە و لە قازانج و زیانیشدا هاوبەشن! زیانی گەورە و قەربۆ نەکراوە، دۆڕاندنی متمانەی گەلە، ئەو ڕاستییەش سندووقەکانی هەڵبژاردن دەری دەخەن، نەک سنگ دەرپەڕاندن و هات و هاوار!