چۆن شكۆی ڕاپە‌ڕین بپارێزین؟

هاودەنگ فاروق

ئێستا كە ۳۲ ساڵ بەسەر مەزنترین و گرنگترین ڕووداوی مێژووی هاوچەرخی كورددا تێدەپەڕێت، پێویستە چی بكەین؟ مانەوە لەنێو یادەوەرییەكانی ڕاپەڕین و شەڕكردن لەسەر بەحزبیكردنی ئەو دەستكەوتە نەتەوەییە چی لە واقیعی ئێستەی كۆمەڵگەی كوردی دەگۆڕێت؟
ڕاستەکەی، هەر تەقەڵایەک بۆ بەنەمریی هێشتنەوەی ڕاپەڕین و بە دۆكیۆمێنتكردنی وردەكارییەكانی و دروستكردنی دەیان فیلم و بەڵگە لەسەر ئەو ڕووداوە، كارێكی زۆرباش و مەزنە، بەڵام گرەو لەسەر ئەوەی ڕاپەڕین بکرێتە هۆکارێک بۆ سڕکردنی داخوازییە ڕەواكانی خەڵك، یان شكاندنەوەی پەنجەكانی یەكترو شێواندنی ڕاستییەكانی مێژوو و بەحزبیکردنی ڕاپەڕین، نادادگەری و بێویژدانییەكی ناشیرینە.
ئەو نەوەیەی دوای ڕاپەڕین لە كەشوهەوای ئازادی كوردستاندا پێگەیشتووە، داخوازیی جیاوازی هەیە، پێداویستیی سەردەمییانەی هەیە.. پێویستە لە داخوازییەکانیان و ئەركەكانی ئێستەی بەرەو پێشەوەبردنی كۆمەڵگەی كوردستان بگەین و كار بۆ بەجێگەیاندنیان بكەین.
تاكە ڕێگە بۆ بەمەزنی هێشتنەوەی ڕاپەڕین و یادەوەرییەكانی، بریتییە لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان.
حزبەكان کار بۆ بەهێزیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەن تاكو بتوانێت داخوازییە هەنوكەییەكانی گەنجانی كوردستان و كۆمەڵگەی دوای ڕاپەڕین بەدی بهێنێنت.
دەبێت ئێستە دید و خەیاڵمان لای ئایندە بێت، کە چۆن بژین و چۆن كوردستان پێش بخەین، نەك شەڕكردن لەسەر ئەوەی ڕاپەڕین سیخناخ بكەین بە دروشمی حزبی.
لەبری ئەوەی ڕاپەڕین بە بۆیاخی خۆمان ڕەنگ بكەین، هەوڵی كۆكردنەوەی پلان بدەین بۆ ئەوەی كۆمەڵگەی كوردستان پێش بخەین وسیستەم بۆ ژیان و نیشتمان دروست بكەین، چەمكەكانی ئازادی، مافەكانی مرۆڤ و پێكهاتەكان، مافی منداڵان و ئافرەتان، بە یاسا بچەسپێنین و بیانکەینە بنەمای تێڕوانینمان بۆ ئایندە.
ئەگەر ڕاپەڕین یەكەم وێستگەی هەستانەوەی كورد بووبێت، نابێت ڕێگە بدەین ئەو کاروانە لەو وێستگەیەکدا پەكی بكەوێت، بەڵكو دەبێت بەهەموومانەوە هێز و گوڕی بدەینێ تادەگاتە دوا لووتکەی مەبەست كە ئەویش ڕزگاریی کورد و کوردستانە لەبن دەستی و گەیشتنە بە سەربەخۆیی یەکجاری..
ڕاپەڕین سەرەتای پرۆسەی ڕزگاریی نەتەوەیەكە، نەك دوا وێستگە. بۆیە پێویستە هەموو لایەنەكان، بەڕۆحیەتی یەكەم ڕۆژی ڕاپەڕینەوە، لەدەوری حكوومەتی هەرێم كۆببنەوە و بیرۆكە و بەشدارییان هەبێت لە پێشخستنی زیاتری ئەزمونی حوكمڕانیی كوردستاندا.