عارف ڕوشدی
ڕاپەڕین تروپکی خەباتی شوڕشگێرانەی گەلی کوردستان بوو بەڕابەرایەتی (بەرەی کوردستانی)، لە پێناوی لە باربردنی دورهێلی تاڵی ژێردەستەیی، چەوساندنەوەی نەتەوەیی، نیشتیمانی و سیاسی، قوناغێکی ڕاگوزەری کاروانی بەرخودان و گیانبازی گەلەکەمان بوو دژی وەیشومەی داگیرکاری و داگیرکەران، ڕاپەرین بووە دەروازەی خۆ ڕێکخستنەوەی یاسایی، خۆبەڕێوەبەری ئاوەدانکردنەوە و فەراهەمکردنی کەشیکی ئازاد و ژیاندۆست. لە ئەنجامدا توانرا دوای بە ئەنجامگەیاندنی یەکەم خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و کوتاییهاتنی قۆناغی دەسەڵاتی (بەرەی کوردستانی)، پەرلەمان و حکوومەتێکی خۆماڵی دابمەزرێن و ئەرکی بەڕیوەبردنی کاروبارەکان لە هەرێمی کوردستاندا بگرنە ئەستۆ .
لێرەدا پێویستە بگوترێت ڕاستە لایەنەکانی بەرەی کوردستانی، هێزەکانی پێشمەرگە و ئیزگەکانی شوڕش بە تایبەتی سەرکردایەتی ناوخۆیی بەرە بە ڕابەرایەتی جەنابی سەرۆک بارزانی لە پلان دارشتن و پشتیوانی و هانداندا ڕوڵی سەرکردایەتییان نواند، بەڵام جەماوەرو ڕێکخستنە نهێنییەکانی ناوشارەکان لە سەرەتادا، ڕوڵگێڕ و جێبەجیکاری هەرە گەورەی راپەڕین بوون؛ بۆیە، زۆر پیویستە لە بەر ڕوشنایی ئامانجە ڕاستەقینەکانی ڕاپەرین بەردەوامی بدرێت بە هەنگاونان لە بواری مروڤ سالاری، گەشەپێدانی زانستپەروەرانەی تواناکانی نەوە تازە پێگەیشتووەکانمان لە هەمو بوارەکاندا بە شێوەی موتربەکاری و درێژەپێدەری خەباتی نیشتیمانی بنیاتنەردا .
هەروەها چونکە جەماوەری گەل لە سات و کاتی تەنگانە و خۆڕاگریدا سەرمەشقی خەباتی ژیان بەخشین بوو، دەبێ ئیستەش ئامانجە پیروزەکانی گەل ڕێنێشاندەرمان بن لە پەرەپێدانی پروسەی دیموکراسی، برەودان بە کەڵتوری پاراستنی مافەکانی مروڤ و ئازادییە گشتی و کەسییەکان، پیکەوە ژیانی دور لە جیاکاری، بەرزڕاگرتنی سەروەری یاساو دادپەروەری و خۆشگوزەرانی هەر وەک لە چواچێوەی کارنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردوستاندا دانپێدا نراون پێویستە شێلگیرانە ببێتە نەخشە و قیبلەنمای حوکمڕانیی هەرێمەکەمان بن.