‎مەریوانی کورتبینیش ئارەزووی نەمانی هەرێمی كوردستان دەكات

‎كاوە میران

‎هیچ مایەی سەرسووڕمان نییە ئەگەر عەرەبێکی کۆنەبەعسیی ڕەگەزپەرست، یان داعشێکی بە خوێنی کورد تینوو، یان كۆنەپەرستێكی ناحەز، خەون بە هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی کوردستانەوە ببینێت؛ بەڵام تۆ نابێ بەم خەونەوە بنووی، ئاخر هەرێمی کوردستان سەرباری هەر کێماسییەك، هێشتا بەردی بناغەی کوردایەتی و چرای هیوای کوردانە لە هەر کوێیەک کە هەن. ئەمما کە بەناو ڕووناکبیرێکی کورد، ئەویش نەوەی قانعی قاڵبووی کوردایەتی و نیشتمانپەروەریی دەبێتە هاوخەون و هاوبیری دوژمنانی کورد و کوردستان، ئا ئەمەیان مایەی هەڵوەستە و تێڕامانە.
‎بۆ دەبێ کاک مەریوانی وریا قانع هاوڕای ڕۆژنامەی سەباح -ی سێبەری ئەجێنداو و ئایدیای شۆڤێنی بێت و بوون و مانەوەی هەرێمی کوردستان بە زیانی کورد بزانێت؟!
‎چۆن جیاوازیی بیروڕا و دژایەتیی حزب و ڕقی سیاسی كوێرانە و لایەنی سیاسی دەگاتە ئەو ڕادە ئاست نزمەی، مرۆڤ ئارەزووی هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی حکوومەتێک بکات، خەون و جێی ئومێدی نەتەوەیەك بوو، لە سایەیدا بەو پەڕی ئازادییەوە ڕەخنەی توندی لێ بگرێت و تەنانەت سووکایەتی بە شەهیدان و خەباتی پێشمەرگە بکات؟!
‎قەوارەی هەرێمی کوردستان، بە باش و خراپییەوە، بە کەموکووڕی و گرفتەکانییەوە، هێشتا قەوارەیەکی کوردییە؛ ئاڵای کوردستانی بە ئازادیی تێدا هەڵکراوە، خاوەن دامەزراوە و دەزگەی سەربەخۆیە. دەیان کۆنسوڵخانەی وڵاتانی جیهانیی تێدایە. پەیوەندیی دیپلۆماسیی و سیاسی و بازرگانی و فەرهەنگیی توند و تۆڵی لەگەڵ جیهاندا هەیە. بووەتە پەناگەی کوردانی لێقەوماوی پارچەکانی دیکەی کوردستان. دۆست و دوژمن حساباتی تایبەتی بۆ دەکەن؛ خۆ ئەگەر ئەم هەرێمە وەک ئەوەی کاک مەریوان بە چاویلگەی ڕەش دەیبینێت، وا بووایە، ئیدی پێویست نەبوو ناحەزان ئەو هەموو پیلان و گرفتەی بۆ ساز بکەن.
‎ڕووناکبیری ڕاستگۆ و ئازا، با لە سەنگەری بەرهەڵستکاریی دەسەڵاتیشدا بێت، بەڵام هەرگیز نابێتە جاڕچی و هاودەنگ و هاوبیری دوژمنانی نەتەوەکەی. ئایا بە هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان، ئیدی دنیا دەبێتە شامی شەریف؟!
‎ئایا جگە لە كاڵفافی و کورتبینی و ناشارەزایی لە دنیای سیاسەت، چ لێکدانەوەیەک بۆ بۆچوونەکانی کاک مەریوان دەکرێت؟!
‎ئەوە نییە دڵڕەشەکانی بەغدا بێشەرمانە و بە ئاشکرا لە هەوڵی برسیی کردنی دانیشتوانی هەرێمدان؟! خۆ هەموو دانیشتوانی هەرێم ئەندامی حزبە کوردستانییەکان نین؟!
‎ئەوە نییە عەرەبی هاوردە بە پشتیوانی سوپای ئەو عێراقەی کاک مەریوان و هاوبیرەکانی عاشقین و بێزو بە باوەشی گەرمییەوە دەکەن، ماڵی كوردان دەسوتێنن و زەوی و زاری جووتیاری کورد داگیر دەکەن؟
‎ئەوە نییە هەر ئەوەندەی بواریان هەبێ، حەشدی شەعبی و ئاغاكانیان مووشەکبارانی کوردستان دەکەن؟!
‎ئەوە نییە دادگەی بەناو فیدراڵی و شۆڤێنی لە هەڵشاخان بە باڵای هەرێمی کوردستاندا بێقسوورە؟!
‎ئایا کاکی مەریوانی درێژدادڕ و هاوبیرەکانی دەتوانن لە سایەی حکوومەتی عێراقی عەرەبیدا، هەر بەو زمان و شێوازەی ئێستایان ڕەخنە بگرن و ناڕەزایی دەرببڕن؟!
گرفتەکە لێرەدایە کامەریوان کوردایەتی و حزبایەتی لێک جیا ناکاتەوە؛ ئەگەر نا، خۆ دەبا تیتۆڵێکی لە قانعی مەزن دادڕیبایە کە دەڵێ:
‎بە من چی سەیری باخ و قـەسری لوبنان
‎وەتەن سەحرا و کەژ و کێوانی تۆ خۆش
‎ئـەگـەر خۆ قـانـعـیـش ئـەمــڕۆ نەمێنێ
‎وەتەن، ڕەببی وەتەن خواھانی تۆ خۆش!