حەیدەر عەبدوڵڵا
زۆرن ئەوانەی چاوی سەریان خامۆش دەبێت و چاوی دڵیان دەبێت بە مەشخەڵی زانست و ئەدەب. شاعیرە كوێرەكان لە مەیدانی ئەدەبدا داهێنانی هێندە مەزنیان كردووە، ئەدیبانی چاوساغ ئیرەییان پێ دەبەن. بەشار بن بورد یەكێكە لەو كوێرە بلیمتانەی هەموو شەیدایانی جیهانی ئەدەب شانازیی پێوە دەكەن. ئەو، یەكێكە لە شاعیرە موخەزرەمەكان، واتا لە ئاخروئۆخری دەوڵەتی ئومەوی و سەرەتای دەوڵەتی عەباسی ژیاوە. زۆر كشوفشی بە ڕەچەڵەكی باپیرە گەورەكانی فارسەوە كردووە، لە چەندان شیعریدا بە ڕاشكاوی گوزارشی لەمە كردووە.
بەشار، زلحۆرت و زەبلاح بووە. ڕوخسارێكی ناحەز و ناشیرینی هەبووە، چاوە زەقەكانی لای خەڵك ڕەزاقوڕسیان كردووە. ئەو، زۆر حەزی لە عیش و نۆشی دونیا بووە، پێی خۆش بووە خەڵك بزانێ سەرخۆشە و ڕادەبوێرێت. ڕاناگۆڕ و جەسوور بووە. خودا بەهۆی كوێرییەوە، نیعمەتی نەبینینی نەیار و ناحەزانی پێ بەخشیوە. لە شیعری هەجوودا وەك شێخ ڕەزای خۆمان پەلاماری زۆر كەسی داوە. تەنانەت ئەسمەعی و سێبەوەیهی و ئەخفەش و واسلی كوڕی عەتاش لە زمانی پارێزراو نەبوون، ئەو شانازی بە كوێریەكەیەوە دەكات:
عمیت جنینا والذكاء من العمی
بەڵام بەشارناسان پێیان وایە كوێریەكەی وای لێ كردووە بێسڵكردنەوە ڕاست و چەپ خەڵك بخاتە بەر حەملەی هەجووەكانی و پەژیوانیش نەبێتەوە.
خەڵكی ئاوایی دێنە لای باوكی و سكاڵای حاڵی خۆیان لە دەست داشۆرین و هەجووەكانی بەشار دەكەن، بوردی باوكیشی دەكەوێتە وێزەی و ئەشكەنجەیەكی زۆری دەدا. دایكی هاواری لێ هەڵدەستێت و دەڵێت: پیاوەكە! چیت داوە لە لێدانی ئەو كوێرە بەستەزمانە، ئەو منداڵە قوڕبەسەرە؟ ئەرێ بۆ بەزەییت پێدا نایەتەوە؟ بورد لە وەڵامدا دەڵێت: بەڵێ ئافرەت! بەزەییم پێدا دێتەوە، بەڵام چی بكەم، بەشار بێشەرمانە هەجووی خەڵك دەكات، نابینی ئەوانیش دەستە دەستە دێن شكایەتی لێ دەكەن. لێرەدا بەشار دێتە قسە و دەڵێ: باوكە! ئەوانە لەسەر شیعرەكانم وا دەكەن، ئەگەر ئەوجارە هاتنە لات و بۆڵەبۆڵیان كرد، بەم ئایەتە دەمكوتیان بكە و بڵێ: ” لیس علی الأعمی حرج”. دواتر خەڵكەكە دیسان بۆ شكایەتكردن دێنەوە، بورد هەمان ئایەتەكەی بەشاریان بۆ دەهێنێتەوە، ئیتر دەمیان دەبێتە تەڵەیتەقیو و لە دەوری پەرت دەبن و دەڵێن:” فقة برد أغیظ لنا من شعر بشار”.
هەجووەكانی بەشار، هێندێك جار هەجووی شەخسی بوون، بە نموونە ” حەماد عجرد”ی داشۆراندووە، ئاخر ناهەقی نەبووە، حەماد هەتا بڵێی دەمپیس و جنێوفرۆش و بێباك بووە، بەردەوام هەجووی بەشار و خانەوادەكەی كردووە و بە ناشیرین و هیچوپووچ و مەیموونەسوورە نێوزەدی كردووە. بەشار بەمە زۆر قەڵس دەبێت و دەست دەكات بە گریان، كاتێك لێی دەپرسن: “بۆ لەبەر هەجووەكانی حەماد دەگریت؟ لە وەڵامدا دەڵێت:” سوێند بە خوا لەبەر هەجووەكانی ئەو نییە، بەڵام بۆ ئەوە دەگرم ئەو من دەبینێ و من ئەو نایبینم، ئەو دەتوانێ وەسفی ڕوخسارم بكات و من ناتوانم.” هەر چەند بەشار دەیەوێت خۆی لێ دووربخاتەوە و دانەبەزێتە ئاستی نزمی ئەو، بەڵام هەر ناتوانێت و لە كۆتاییدا بە ڕوویدا دەتەقێتەوە:
اِبــنَ نِهــيــا رَأسٌ عَــلَيَّ ثَــقــيــلُ
وَاِحـتِـمـالُ الرَأسَـيـنِ خَـطـبٌ جَـليلُ
اِدعُ غَـيـري إِلى عِـبـادَةِ الاِثـنَـين
فَـــإِنّـــي بِـــواحِـــدٍ مَـــشـــغــولُ
يا اِبنَ نِهيا بَرِئتُ مِنكَ إِلى الله
جِهـــاراً وَذاكَ مِـــنّـــي قَـــليــلُ
لێرەدا بەشار حەماد بە زندیق و لە دین دەرچوو لە قەڵەم دەدات و خۆی لێ بێبەری دەكات.
بەشار بن بورد زۆر لە مەهدیی خەلیفەی عەباسی نزیك بووە و دۆستایەتیی نێوانیان خۆش بووە، لە قەسیدەكانی زۆر بە شانوباڵیدا هەڵدەدا، بەڵام لەبەر ئەوەی هەجووی خاڵی ئەوی كردووە، وردە وردە نێوانیان تێك دەچێت، تاكوو كار بەمە دەگات، بەشار لە وەسفیدا بڵێت:
خلیفە یزنی بعمّته .. یلعب بالدّبوق والصولجان
أبدلنا الله به غیره .. ودسّ موسی فی حر الحیزُران
بەشار لێرەدا مووی معاویە دەپسێنت و هەموو سنوورێك لەنێوان خۆی خەلیفە دەبەزێنێت، بە هەجووی خەلیفە دڵی ئاو ناخواتەوە و پەلاماری هاوژینەكەشی دەدا. لە كۆتاییدا ئەمە بووە هۆی كوشتنی، یانی دەكرێ بڵێین بەشار بن بورد قوربانیی دەستی هەجووەكانییەتی.