ھۆشیار سیوەیلی
تا دێ پەیوەندییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتوەکان و کۆماری تورکیا بەرەو خراپی دەڕوات لە کاتێکدا تورکیا وەک ئەندامێکی گرنگی ناتۆ و هاوپەیمانێکی ستراتیژی ئەمەریکا تا کۆتایی سەدەی ڕابردوویش پەیوەندیەکی توندوتۆڵی لەگەڵ ئەمەریکادا هەبوو، هەرچەندە دوای نەمانی جەنگی سارد گرنگیە جیۆسیاسیەکەی تورکیا بۆ ئەمەریکا کەمتر بۆوە. کۆدێتاکەی گیولەن و جەنگی نێوخۆی سووریا و نزیکبوونەوەی نێوان تورکیا و ڕوسیا و کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و ئەندامێتی سوێد و فنلەندا لە ناتۆ پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو دەوڵەتەی بە دوو ئاراستەی جیاوازدا بردوە. هەوڵەکانی ئەم دواییانەی تورکیا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا هێندەی تر ئەمەریکای نیگەران کردوە.
لە ساڵی ٢٠١٩ دا ویلایەتە یەکگرتوەکان تورکیای لە پرۆگرامی دروستکردنی فڕۆکەی F35 کردە دەرەوە لە کاتێکدا چەندین فڕۆکەی لەو چەشنە ئەداتە یونان. بە پێی ئەم پرۆگرامە هەندێک پارچەی فڕۆکەکە لە تورکیا دروست دەکرا و بڕیاریش بوو تورکیا ١٠٠ فرۆکە لە ئەمەریکا بکڕێت. لەو کاتەوە تورکیا داوای کردوە لەبری فڕۆکەی F35 فرۆکەی F16 ـی پێ بدرێت. ئێستا یاسای پێدانی ئەو فرۆکانە (F16) کە ژمارەیان ٤٠ فڕۆکەیە و بایی ٢٠ملیار دۆلارە لە سەر مێزی سەرۆک بایدنە و بڕیارە ڕەوانەی کۆنگرێس بکرێت بۆ ڕەزامەندی لەسەردان. ئایا ئەم یاسایە لە کۆنگرێس تێدەپەڕێت؟
هەرچەندە تورکیا گەشبینە و لەگەڵ ئیدارەی بایدندا لەسەر ئەو بابەتە ڕێک کەوتوونە و پێدەچێت بەرامبەر بەوە تورکیا ڕازی بێت سوید و فنلەندا ببنە ئەندامی ناتۆ، بەڵام هێشتا دەبێت قۆناخی کۆنگرێس تێپەڕێنێت و ببێتە یاسا. بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (پۆلیتیکۆ)ی ئەمەریکی کە ماوەیەک لەمەوبەر بڵاو بۆتەوە، بۆب مێنێندز، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی سەنات دژی ئەو بڕیارەی ئیدارەی بایدنە و وتوویەتی کە بە هەموو شێوەیەک دژی فرۆشتنی ئەو فڕۆکانە دەوەستێتەوە، لەبەر ئەوەی تورکیا (یاسای نێودەوڵەتیی پێشێل کردووە و ڕیزی مافی مرۆڤ و نەریتە دیموکراتیکەکان ناگرێت…)؛ وتوویشیەتی تا (ئەردۆغان هەڕەشەکانی نەوەستێنێ و هەڵوێستی بەرامبەر مافی مرۆڤ لە وڵاتەکەیدا، لەوانە ئازادکردنی میدیاکاران و بەرهەڵستکارانی سیاسی- چاک نەکات، ئەو لەسەر فرۆشتنەکە ڕازی نابێت.)