لیا سیف الدین
توندوتیژی دژی ئافرەتان پەیوەست نیە بە کات و شوێنەوە، لە هەموو کۆمەڵگەکاندا ئەم دیاردەیە هەیە جا چی کۆمەڵگەی پێشکەوتووبن چی کۆمەڵگەی دواکەوتوو، بێگومان لە جۆر و ئاست و ئامرازەکانی توندوتیژیدا لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەلگەیەکی دیکە جیاوازی هەیە، بۆ نمونە لە ولاتێکی وەک ئێران یان ئەفغانستان توندوتیژی لەسەر جۆری جل و بەرگ و سەر روتکردن توندە و رەنگە کوشتن یان زیندانی کردنی لەدوابێت بەلام ئەم جۆرە لە توندوتیژی لەولاتێکی ئەمریکای لاتین یان هیندستان یان ناوەراستی ئەفریقا نەبێت بەلکو لەوێ جۆری تری توندوتیژی هەبێت، وێرای ئەم جیاوازیەش زۆرێک لە توندوتیژیەکانی دیکە رەنگە وەک یەک بن یان نزیک لەیەک وەکو توندوتیژی خێزانی و توندوتیژی و دەستدرێژی سیکسی و تادوایی، ئافرەتان لە کۆمەڵگەدا لە لایەن باوک، برا، هاوسەر، کەسوکاری نزیک وەک خاڵ و مام و تەنانەت ئامۆزا و خاڵوزاش بەرەوڕووی توندوتیژی دەبنەوە، بەپێی دەرەنجامی لێکۆلینەوەکان جگە لەوەی کە کاریگەری نێگەتیڤ و خراپی دەبێت لەسەر ئافرەتان وەک تاک، کاریگەرییەکی زۆر خراپ و مەترسیداریشی دەبێت لەسەر خێزان و کۆمەڵگە، دەبێتە هۆی ئەوەی کە شیرازەی خێزان و کۆمەڵگەش لێک بترازێت.
لەگەڵ فراوانبوونی کۆمەڵگە و زیادبوونی ئامرازەکانی تاوان و هاتنە ناوەوەی کلتووری جیا جیا و تێکەڵ بوونی بە کلتووری کورد کێشە کۆمەڵایەتییەکان زیادیان کردوە بەجۆرێک کە خەریکە لە کۆنترۆڵ دەردەچن، کوشتنی ئافرەتان بە بیانووی جۆراوجۆر زیادبووە، جیاوازی لە نێوان تاوانباراندا دەکرێت، زۆرجار بکوژانی ئافرەت براونەتە زیندان و جارێکیتر بە لێبوردنێکی تایبەت ئازاد کراون، حوکمی یاسا جێگەی خۆی نەگرتووە، لەبەرئەوەی کە سزا وەکو خۆی جێبەجێ ناکرێت و تا ببێتە عیبرەت و پەند بۆ کەسانی تر تا تاوان
بەرامبەر بە ئافرەتان دووبارە نەکرێتەوە .. بەکورتیەکەی رۆژ دوای رۆژ توندوتیژیەکان بەرانبەر ئافرەتان لە زیاد بووندایەو جۆری توندوتیژیش لە زیادبووندایەو هۆکارو پاساوی ئەم توندوتیژیانەش لە زیادبووندایە، بەشێک لە م توندوتیژیانەش بەداخەوە پەل دەهاون بۆ کوشتن، هۆکاری ئەمانەش بەشێکی دەگەرێتەوە بۆ هۆشیاربوونەوەی ئافرەتان بەمافەکانیان و چیتر قبوڵ نەکردنی بن دەستی و سوکایەتی پێکردن و ماف پێشێلکردن و وەک مرۆڤ سەیر نەکردنیان
لەلایەن پیاوانەوە،بەشەکەی تریشی دەگەرێتەوە بۆ داخراوی کۆمەڵگه و زاڵی کلتووری خێڵ و مێشک داخراوی بەشێک لە پیاوان، بەشەکەی دیکەشی پەیوەستە بە کێشە ئابووری و کۆمەلایەتیەکانی دیکەوە کە پیاو و ئافرەت هەردووکیان تێیدا بەر ئەو توندوتیژی و کوشتنە دەکەون، چارەسەر بۆ کەمکردنەوەو بنەبڕ کردنی ئەم دیاردانەش چەسپاندنی یاسایە وەک خۆی و رێگریکردنە لە دەربازبوونی تاوانکاران بە کەفالەت و سوڵحی عەشایەری و پاساوی جۆراو جۆر لەلایەک، لەلایەکەی تریش پرۆسەی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگه یە بەماف و ئازادیەکانی هەردوو رەگەز و مافەکانی مندال و ئەندامانی خێزان لە دایەنگه وە بۆ زانکۆ و ریفۆرمکردنێکی بنەرەتیە.