جوڵە دیبلۆماسییەکانی کورد

هاودەنگ فارووق‎

‎ هەموو ئەو جوڵە دیبلۆماسی و دیدارانەی سەرۆكی حكوومەت لە ئیماڕات و پاریس، سەرۆكی هەرێم لە توركیا و ئەڵمانیا و ئەو بایەخەی بەرپرس و سەرکردەی وڵاتانی جیهان بە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەت، مایەی گەرەنتیی زیاتر بۆ مانەوە و بەهێزکردنی سەنگ و پێگەی هەرێمی کوردستان دەستەبەر دەکات.
لەم سەردەمە ئاڵۆز و پڕ گۆڕانە لە ناکاوەدا، وڵاتانی ئەوروپی و عەرەبی پشتگیریی و باوەشی پڕ دەلالاتی سیاسی بۆ بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان دەكەنەوە، ئەمە سەرکەوتنێکی گەورەی سیاسی و دیبلۆماسیی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەتی کوردستانە، دەستکەوتێکی بەنرخ و مەزنە بۆ هەموو كورد، كە لە داهاتوویەکی نزیکدا کاریگەریی لەسەر هێزو ئاستی پێشکەوتنی سیاسی و دیپلۆماسیی حکوومەتی کوردستان دەبێت و لە سەر شانۆی سیاسیی ناوچەکە و جیهانیش جێپەنجەی دیار دەبێت.
دەبێ لایەنە سیاسییە کوردییەکان باشتر دۆخەكە بخوێننەوە و بیکەنە بنەمایەک بۆ ئەوەی تەگبیرێک بۆ یەكڕیزیی ناو ماڵی خۆیان بکەن و ڕقی سیاسی وەلا بنێن، لەوڕوانگەیەوە قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان بەرزتر لە خۆیان ببینن و بە چاوێکی ڕەخنەگرانەی پشتبەستوو بە بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی لە خۆیان بڕوانن، نەک لە کڵاوڕۆژنەی خۆخۆیی و دابڕاوییەوە.
لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ئەگەر بە هۆشیاری و وەک یاریزانێکی کارامەی مەیدانی سیاسەتی نێودەوڵەتی، سوود لەم چالاکیی و جوڵە دیپلۆماسییانە وەربگرن و بتوانن بایەخپێدانی وڵاتانی جیهان و دنیای عەرەب بە هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکەن، ئەوا بێگومان، کارتێکی بەهێزیان بەدەستەوە دەبێ بۆ جێگیرکردن و پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەرێم لە چوارچێوەی عێراقدا.
جوڵە دیبلۆماسییەكانی ئەم دوو سەركردەیەی كورد، دەرخەری ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرەیە كە كێشەی كورد، قەوارەی هەرێمی كوردستان و كارەكتەری كوردی، وەك هەوێنی مەینی هەموو كۆڕبەندە ناوچەیی و جیهانییەكانی لێهاتووە، بە دیوێکی دیکەوە، بەبێ بەشداری كورد، ناتەواوییەك لەبۆنەكاندا دەبێت..
زلهێزەكانی جیهان، دوای یەك سەدە لەداگیركردنی كوردستان لەلایەن عێراقەوە، لەو ڕاستییە تێگەیشتوون كە ناتەواوییەكیان لە بونیادی ناوچەكەدا دروستكردبوو، بێبەشكردنی نەتەوەیەكی گەورەی ناوچەكە لەوەی ئامادەگی هەبێت لەسەر ستەیجی سیاسی و دیبلۆماتی، نیشانەیەكی نكولی لێنەكراوی هەڵەو غەدرەمێژووییە گەورەكەیە، بۆیە ئێستا لەدوای باڵاكردنی هەرێمی كوردستان، سەلماندنی ئەو ڕاستییەی كە كورد دەتوانێت ڕەگەزێكی بەهێز و كاریگەری ئۆقرەیی و گەشەی ناوچەكە بێت، جارلەدوای جار ئەو ئاماژەیە دەدەن كە بەبێ كورد ئامادەنین شەمەندۆفێرەكە بەڕێ بكەن.
ئیدی ئەم پەیامە بۆ دۆست و دوژمن گەر ورد بكرێتەوە، پێمان دەڵێت: كورد لەوە دەرچووە لە بازنەی ئەمنیەتی دەوڵەتە کۆنەپەرست و داگیركەرەكانی كوردستاندا مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، ئێستا کورد لەباڵاترین ئاستەوە، بەزمان و بەئاڵاكەیەوە نمایشی كاریگەرییەكانی بوونی خۆی دەكات!.