نامە‌ داخراوە‌كانی من بۆ باوكم

ناز فەلەكەدین كاكەیی

قوتابیان بە درێژایی مێژووی شۆڕش چالاکی و بەرخودانیان دیار بووە، بە جۆرێک هەندێكیان بە شێوەی (پارتیزانی) و (مەبەستم نهێنی و بە ستراتیژی)، کاریان کردووە و هەندێک بە ئاشکرا و بە دەنگ و سەدا بەشدار بوونە. من یەک لەو قوتابیانە بووم کە لە سەنگەری پێشەوە بەرگریم دەکرد، بەڵام بە هەزاران نامەی داخراوی بیرەوەریم هەیە و بە بێدەنگی یەك بە یەك پەڕەی سپی و بە خەت ڕەزاندووە. چڵ ساڵ لە تەمەنی خۆم زیاتر وانەم وەرگرتووە. بیرم کردەوە با سندوقی بیرەوەرێکانم لە تۆزی چەندین ساڵە خاوێن کەمەوە بە تایبەت زیاتر لەو نامانەیە کە بۆ ڕاژان (مەكتەب سیاسی)م دەنارد بۆ (خرێنە) یان (یشماوە)، یان توركیا، سوریا و ئەورپا، بە تایبەت كاتێك بە پۆستە بۆ باوكمم دەنارد ئەو كات بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان بوو.
قوتابیی پۆلی چوارەمی سەرەتایی و تەمەنم هەشت ساڵان بوو دوو ساڵ زووتر لە تەمەنی خۆم بۆ قوتابخانە ناونووس كرابووم، لە قوتابخانەی (روقیە) لە ئێران لە شاری ورمێ (ڕەزاییە) لە ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا (پەنابەری سیاسی بووین)؛ بەیان خان كچی كۆچكردوو (محی الدین) ناسراو بە هەڤاڵ جووجەڵە، لەو قوتابخانەیە بوو. لە دەرسی داڕشتندا نمرەی یەكەمی پۆلم هێنابوو بە زمانی (فارسی) بابەتی نووسینەکە (نیشتمانم)؛ مامۆستای وانەی داڕشتن، خانم (محەمەدئەفشار) بوو؛ داوای لە بەڕێوەبەری قوتابخانە کرد وەک قوتابیەکی ئاوارە داڕشتنەکەم بخوێنمەوە؛ لەبەر ئەوەی باڵام بە مایکرۆفۆن نەدەگەیشت، تەختەیەکی هەندێک بەرزیان بۆم دانا تا بتوانم بە مایک قسە بکەم، یەکەم جارم بوو شەرم وای کردبوو دەنگم نزم بێت؛ لە حەوشەی قوتابخانە لە بەردەم ٤٠٠ قوتابی و مامۆستادا دەستم بە خوێندنەوە كرد. بەیان خان ئەو کات تەمەنی گەورەتر بوو لام وەستابوو، هەر دەیگوت ) ل(دەنگت بەرزەوە کە…)؛ خوێندمەوە و لە کۆتاییدا هەموو چەپڵەیان لێ دا؛ یەكەم چالاکیم بوو، ئەو کاتەی کە شەڕی ئێران و عێراق بوو … نووسینەکەمم ئەوها دەست پێ كردبوو: من كوردی
ئێراقم، وڵاتەکەم پڕە لە رووبار و داری میوە و خورما و، …
مامۆستا دەستنووسەکەی منی بۆ دیاری هەڵگرت و گوتی: ئافەرین! چوخ گویزەل یازبسان مەن ئاغلاماغم گەلدێ) بە تورکی ئازەری قسەی کرد؛ واتە: ئافرین زۆر جوانت نووسیوە، گریانم هات. بەڵێ ئەوە یادگاریی چالاکیی قوتابخانەکەم بوو، ئەویش لە وڵاتێکدا کە لێی پەنابەری سیاسی بووین.