سیگناڵەكانی دانیشتنی مەسرور بارزانی لە ڕیزی پێشەوەدا !

مەشخەڵ كەوڵۆسی

لەبیرەوەرییەكانی كەسایەتییەكانی سەردەمی شۆڕشی كوردستاندا، بەزۆرینە ئەگەر لەسەر هیچ شتێك كۆك نەبووبن، بێگومان لەسەر ئەو خاڵە كۆك بوون كە كورد لەو سەردەمەدا، چیاكان تاكە دۆستی كورد بوون. زۆرجاری واهەبووە بۆ بینینی وردە فەرمانبەری وەزارەتێك یان دەزگایەكی هەواڵگری، دەیان مانگ چاوەڕوانیان كردووە.

خۆ ئەگەر ڕۆژنامەنووسێك بۆ ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەوانی هاتبێتە كوردستان، ئیتر ئەوە بووەتە جەژن لەلای ئەو كەسانەی كە خەونیان بە كوردایەتییەوە بینیوەو، هەستیان بەگرنگی بوارە میدیایی و دیپلۆماتییەكاندا كردووە.

سەركردەكانی كورد زۆرجار بۆ گەیاندنی نامەیەك بە فەرمانبەرێكی پلە پێنج و پلە شەشی كونسوڵخانەیەك یان باڵیۆزخانەی وڵاتێك، بەچەندین مانگ و لەچەندین ڕێگەوە هەوڵیانداوە. كاتێكیش لەپەنایەكەوە و لەدەرفەتێكی نافەرمیدا نامەكەیان گەیشتووە، نە وەڵامی مسۆگەر بووەو، نە هیچ مامەڵەیەكی فەرمییان لەگەڵدا كراوەو، نەهیچ كاریگەرییەكیشی هەبووە.

لە خراپترین قۆناغەكانی جینۆسایدی كورد و وێرانكردنی كوردستانیشدا، ویژدانی مرۆڤایەتی نەجوڵا و كەس نەبوو پیتێك لەبەرژەوەندی كورد بڵێت، بەڵام بۆچی؟ چونكە كورد ئەوەندە پەراوێزخرابوو، لەبچوكترین كەناڵ و میدیای وڵاتان باسی كورد نەدەكرا. هەموو ئەوەی هەبوو، حكومەتی عێراق كۆمەڵێك زانیاری بەدڵی خۆی دەدا بەئاژانسەكان و تەنانەت شاڵاوەكانی ئەنفالیشی بەشێوەیەك وێناكردبوو كە كۆمەڵێك خەڵكی شاخەكی دەكرێنە شارستانی و ئەوەش دەستكەوتە بۆ شۆڕیشی حەڤدە و سی تەمموز! خودی مەرگەساتەكانیش دەكرانە هۆكاری جوانكردنی وێنەی دوژمنانی كورد.

ئێستاش لەم سەردەمی كرانەوەی جیهان و تەكنەلۆژیادا، هەفتەی ڕابردوو لەكوردستانی باكور  وڕۆژئاوا كارەساتی سروشتی جەرگبڕ ڕوویدا، بەڵام چونكە كوردانی ڕۆژئاواو باكور خاوەنی قەوارەیەكی سیاسی دانپێدانراونین، هەموومان بینیمان لەكەناڵەكان و لەزمانی بەرپرسە باڵاكانی وڵاتانەوە نەباسی كوردستان كرا، نە ئاماژەش بەوە درا كە قوربانییەكان كوردن، بەڵكو سەری زمان و بنی زمانی هەموو میدیاكان و بەرپرسانی جیهان، باشوری توركیا و باكوری سوریایە! كەس لەكولەكەی تەڕیشدا باسی كورد ناكات!.

لەناو ئەو شەوەزەنگی فەرامۆش كرد و مردن لەسوچێكی تاریك و ڕەشدا، تروسكاییەك بۆ كورد هەیە. خاڵێكی گەش كە پێویستە هەموومان بەوچاوە سەیری بكەین كە ئەوە كردنەوەی دەروازەیەكی قەدەرە بەشەڕی دەستەویەخەو كۆڵنەدانی كورد هاتۆتە پێشەوە، خەڵات و مەكرەمەی هیچ داگیركەرێكی كوردستان نیە.

بەهۆی ئەوەی لەباشور كوردستان خاوەنی قەوارەیەكی شێوە سەربەخۆی خۆیەتی، لەڕیزی پێشەوە لە گرنگترین بۆنە جیهانییەكان و مەحفەلە دیپلۆماتییەكان دەبینرێت.

لەم هەفتەیەدا سەردانی مەسرور بارزانی بۆ دوبەی، ئاڵوگۆڕێكی گرنگ بوو، بەندە بەشبەحاڵی خۆم، پێم وایە مەسرور بارزانی لەڕیزی پێشەوەی سەركردەكانی ناوچەكەدا، شانبەشانی سەرۆكانی ئیمارات و میسر و وڵاتانی خاوەن سەنگی تر، سیگناڵێكی زۆر گرنگ و جومگەییە بۆ دۆست و دوژمن. هاوكات سیگناڵێكە بۆ ناو قووڵایی مێژووی ناوچەكە، بۆناو هاوكێشە سیاسی و دیپلۆماتییەكان. كردنەوەی كۆدەكانی ئەو سیگناڵە، زۆر ئاڵۆزنیە، چونكە دەستپێكی هاتنە پێشەوەی یاریكەری كوردییە و بەس، دەنا پێشتر مۆزایكی كۆبوونەوەكان و مەحفەلەكان هەروابوون و تاكە خاڵی گۆڕاو هەبوونی كوردێكە لە پێشی پێشەوە!.

ئاڵای كوردستان لە مەحفەلەكان و زیاد لەجارێك، ئاڵوگۆڕێكە، وڵاتان لەڕووی دەرونی و سیاسی و دیپلۆماتییەوە خۆیانی لەگەڵدا دەگونجێنن، سەرەتا لەمیدیای لۆكاڵی كوردستاندا بەهەڵەی پرۆتۆكۆلی دانرا، بەڵام ئێستا ئیتر لێرەش و لەپایتەختەكانی تری دنیاش، هێدی هێدی دان بەو ڕاستییەدا دەنرێت، كە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان چووەتە ناو ئەجێنداو پرۆتۆكۆلی زۆرینەی بۆنە و كۆبوونەوەو دیدارە گرنگەكان.

بەندە وەك نوسەرێكی بێلایەن، ئەوە بە دەستكەوت بۆ كورد دەزانم، مەسرور بارزانی بەنوێنەرایەتی نەتەوەیەكی ژێردەستە و ماف خوراو، كەتازە بەتازە لەژێر تەپوتۆزی مێژوویەكی فەرامۆشكراوی داگیركراودا دێتە دەرەوەو، دەیەوێت بڵێت: بیرتان نەچێت، لێرە، لەم میزۆپۆتامیایە، نەتەوەیەكی ڕەسەن هەیە كە ئێوە بەدرێژایی 2000 ساڵ حسابتان بۆ نەكرد! ئێستا بەناچاری دەبێت كوڕێكی ئەو نەتەوەیە ببەنە پێشەوەو، ئاڵاكەیشی لەچەندین گۆشە و ڕێڕەوی دیپلۆماتی و لەسەر ستەیچی گرنگترین دیدارەكان هەڵبكەن! ئەمەیە ئاڵوگۆڕە گەورەكە، كە ئەگەر قەوارەی هەرێمی كوردستان نەبووایە، كوردی باشور هیچی زیاتر نەدەبوو لەكوردانی پارچەكانی تر، كە ئێستاش لەمردنەكەشیاندا وەك كورد ناونابرێن.