هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

ئاگری بێ دووكە‌ڵ

حەمەسەعید حەسەن

کووخەکەی مام تۆم
کووخەکەی مام تۆم کە یەکێکە بەناوبانگترین ڕۆمانە ئەمریکایییەکان، تێیدا نووسەرەکەی: خاتوو هاریت ستاو (1811 – 1896) باسی زنجییەکانی ئەمریکای پێش شەڕی ناوخۆ دەکات. زۆر ڕۆمان باسی ئەم یان ئەو جەنگ دەکەن، ڕۆمانی کووخەکەی مام تۆم، جەنگێکی گەورەی چوار ساڵەی، لەنێوان باکوور و باشووری ئەمریکادا هەڵگیرساند، کە بە جەنگی ئازادکردنی کۆیلەکان ناوی ڕۆیشتووە. جەنگەکە 1861 دەستی پێ کرد و 1865 بە سەرکەوتنی هەرێمەکانی باکووری ئەمریکا کۆتایی هات و دوایی بە کۆیلایەتی هێنا. کووخەکەی مام تۆم کە ژیانی پڕ لە کوێرەوەریی زنجییەکانی ئەمریکا
بەسەر دەکاتەوە، زەمینلەرزەیەک بوو، لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەمدا هەموو ئەمریکای هەژاند. ئەمریکایییـــەکان دەچوون لە ئەفریکا کۆیلەیان دەکڕی، یان (ڕاو)یان دەکردن و دەیانهێنان ســـەختترین ئیشـــیان پێ دەکردن و بە دژوارترین شێوە دەیانچەوساندنەوە. کە بە کاریگەریی ڕۆمانی کووخەکەی مام تۆم، لە سەردەمی ئەبراهام لینکۆڵندا، یاسای ئازادکردنی کۆیلەکان دەرچوو، هەرێمەکانی باکوور داکۆکییان لێ کرد، بەڵام باشووری ئەمریکا ڕەتیان کردوەوە، ئیدی شەڕی ناوخۆ هەڵگیرسا و نۆ سەد هەزارێک قوربانیی لێ کەوتەوە. ئەبراهام لینکۆڵن شەڕەکەی بردەوە، بەڵام ژیانی خۆی لەســـەر دانا، ئاخر لە 14ی ئەپریلی 1865دا، کاتێک لە ســـەیرکردنی شانۆگەرییەک بوو، تیرۆر کرا. ڕۆمانی کووخەکەی مام تۆم کە هەوێنی ئەو شـــەڕە گەورەیە بوو، 1851 دە ســـاڵێک پێش هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ، سەرەتا بە زنجیرە لە هەفتەنامەی (واشینگتۆن)دا بڵاو کرابووەوە و دواتر وەک کتێب. هاریت ستاو خوێندکارانی زانکۆی بانگ دەکرد و دەربارەی بەشەکانی ڕۆمانەکەی گوتوبێژی لەگەڵدا دەکردن، یەکێک لەو خوێندکارانە چامبەرلاین بوو، کە دواتر یەکێک لە سەرکردەکانی شەڕی کۆتاییهێنان بە کۆیلایەتیی لێ دەرچوو. ڕۆمانەکە سەرەتا پێنج هەزار دانەی لێ
چاپ کرا، بەڵام هەر زوو تیراژی لە میلیۆنی تێپەڕاند و بە سی چل زمان بە دنیادا بڵاو بووەوە. کووخەکەی مام تۆم واقیعی ئەمریکای بەسەر دەکردەوە کە تێیدا وێڕای بازرگانیکردن بە کۆیلەوە، مامەڵەیەکیش لەگەڵ کۆیلەدا دەکرا، پڕ بە مانای وشەکە نائینسانی بوو. کە ئەبراهام لینکۆڵن پێشوازیی لە هاریت ستاو کرد، گوتی: “ئەم ژنە بچکۆلەیە بوو، ئەو شەڕە گەورەیەی هەڵگیرساند.” ئاخر هاریت ستاو بە ڕۆمانەکەی، دنیای لە دژی کۆیلایەتی ورووژاند و ویژدانی مرۆڤایەتیی هەژاند. ســـاڵانێک کووخەکەی مام تۆم لە نینجیل زیاتر خواســـتی لەســـەربوو، پێش دەرچوونی یاسای ئازادکردنی کۆیلە و پێش هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ بە دە ساڵ، هاریت ستاو بە ڕۆمانی کووخەکەی مام تۆم، هەموو ژانی کۆیلەکان و هەموو ســـتەمی خاوەنکۆیلەکانی تۆمار کرد و بە مرۆڤایەتیی گوت: هەر چی زەبروزەنگ هەیە لە دژی کۆیلە بەکار دەهێنرێت، هیچ ڕێزیان لێ ناگیرێت و بە ئینســـان لە قەڵەم نادرێن، کتێبی پیرۆز پێمان دەڵێت: مرۆڤایەتـــی هەموو یەکســـانن و هیچ جیاوازییەکیان نییە، کەچی چوار میلیۆن ئینســـان لـــە دۆزەخدا دەژین و کڕین و فرۆشـــتنیان پێوە دەکرێت! کووخەکەی مام تۆم کە پێی گوتین: کۆیلایەتی پەڵەی شەرمە بە تەوێڵی مرۆڤایەتییەوە و بەشدارییەکی کارای کرد لە گۆڕینی دنیادا، لە ڕادیۆوە پەخش کرا، گەیشتە سینەما و شانۆ و تەلەڤیزیۆن و پرۆگرامی
خوێندنیش. هاریت ســـتاو کە دەرک بەو هەموو ســـتەمە دەکات لـــە کۆیلە دەکرێت، دەڵێت: دەبێت شـــتێکیان بۆ بکەم، ئەوەبوو کووخەکەی مام تۆمی بۆ نووســـین، ڕۆمانێک هەرەســـی بە کۆیلایەتی هێنا. هاریت ســـتاو ئەوەندە بوێرانە و لێزانانە، بە زمانێکی جوان و ئاســـانی نزیک لە زمانی ڕۆژانەوە، باســـی واقیعی کۆمەڵایەتیی ئەمریکای کردبوو، خوێنەر شەیدای شێوازی نووسینی دەبوو. هاریت ستاو بەو ڕۆمانەی، هەموو ئەوانەی بە درۆ خستەوە کە نکؤڵی لە ڕۆڵی کۆمەڵایەتیی ئەدەب دەکەن، ڕۆمانێک لەناکاو ئەوی کرد بە ناسراوترین ژنی دنیا. هاریت ستاو ئەدەبەکەی بۆ خزمەتکردنی مرۆڤایەتی تەرخان کردبوو، پێش شـــەڕی ناوخۆ، توانای خۆی لەپێناوی کۆتاییهێنان بە کۆیلایەتی بەگەڕ خســـتبوو، دوای شەڕی ناوخۆ، ژیانی بەخشی بە داکۆکیکردن لە مافەکانی ژن، ئاخر ئەوسا ژن لە مافەکانی بێبەش بوو، ژن وەک کاڵا و وەک موڵکی پیاو سەرنج دەدرا و یاساکان لە سەنگەری پیاودا بوون. هاریت ســـتاو ئوســـتادی هونەری گێڕانەوە بوو، بوێرانە بە زمانێکی ڕوون دەینووســـی و ئەوەندە بەسەر وەسفکردنی شـــوێن، چنینی ڕووداو، ڕۆچوون بە ناخی کارەکتەرەکان و بەســـەرکردنەوەی ژیانـــی کۆمەڵایەتیدا زاڵ بوو، خوێنەری سەرسام دەکرد. کووخەکەی مام تۆم کە جێی شانازیی مێژووی ئەدەبە، ڕۆڵێکی هێندە کاریگەری وازی کرد کە ئەبراهام لینکۆڵن جاڕی کۆتاییهێنان بە کۆیلایەتیی دا، خەڵکێکی زۆر لەبەردەم ماڵی هاریت ســـتاودا، کۆ بوونەوە و ســـوپاس و
ستایشی ئەویان کرد