لەنێوان 128 ملیارەكەی ئێمە و 100ساڵ داگیركارییەكەی ئەواندا

مەشخەڵ كەوڵۆسی


بەدرێژایی سەد ساڵی ڕابردوو كە كوردستان لەلایەن عێراقەوە داگیركراوە، لەهیچ قۆناغێكدا، تەنانەت لەترۆپكی پاكتاوی ڕەگەزی و جینۆساید دا، بەئەندازەی ئەم ماوەیە كورد لەژێر گوشاری دەرونی و سیاسیدا نەبووە. هەرگیز بەئەندازەی ئەم ماوەیەش دادگاكان و یاسا و دەستور بۆ چەوساندنەوەی كورد بەكارنەهاتوون.
لەڕاستیدا كاتێ ڕژێمەكانی پێشوو كوردیان بەكۆمەڵ دەكوشت، هەرگیز نەیانگوتووە ئەو كارەمان بۆ چەسپاندنی فڵان بڕگەی دەستورە، یان دادگایەك بێت و بەناڕەوا پشتیوانی لەهەنگاوەكانیان بكات. بگرە لەچوارچێوەی كردەیەكی سەربازیدا ئەوەی كردبێتیان لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی سوپای داگیركەری عێراقدا لەدژی خەڵك و خاكی كوردستان كردوویانە و درێغییان نەكردووە، گومانیشی تێدانیە كە ئەگەر گۆڕانی دۆخەكە نەبووایە و ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستان نەبووایەتە ڕێگر، ئێستا كورد وەكو نیاردەرتاڵەكان تەنها لەكتێبەكانی ڕەگەزناسی و نەژادناسیدا ئاماژەی پێدەكرا و، بەشێوەی لەسەدا سەد كوردیان قڕدەكرد.
سەرباری ئەوەش، هێشتا ڕێگە بەخۆم دەدەم كە بڵێم: ئەو دژایەتییەی كورد كە ئێستا لەبەغداوە دەكرێت، زۆر مەترسیدارتر و ڕیشەیی تر و درێژخایەنتر و كاریگەرترە لەوەی ڕژێمەكانی پێشوو. لەبەر هۆكارێكی سادە ئەویش ئەوەیە: لەئێستادا دادگا و یاسایان كردۆتە پاڵپشتی سیاسەتەكانیان بەرانبەر كورد. دەستور بەئارەزووی خۆیان دەخوێننەوە، یاساكان بەجۆرێك دادەڕێژن كە دواجار لەبەرژەوەندی ئەوان بێت.
هاوكات خاڵێكی تر كەوادەكات ئێستا دۆخەكە مەترسیدارتربێت بۆ كورد، ئەوەیە كە ئێستا كوردیش بەچەند پەرلەمانتار و پۆستدارێك لەبەغدا بەشداری دەستەڵاتە، بەڵام لەبەر دوو هۆكار ناتوانن هیچ بۆ كورد بكەن: یەكەم: نوێنەرەكانی كورد ئەقڵیان بەقووڵایی ململانێكە ناشكێت و تەنها و تەنها چاویان لەسەری مانگە مووچەكانیان وەربگرن: قانعی ئازادی و زیندان بەرانبەر ئەمجۆرە دەرەجەدارە كوردانە دەڵێت: دەی تەلەفۆنكە بزانە مینحەكەت وەرناگری؟ با مل بشكێت شوان و سەپان وڕەنجدەرانی كورد
ئەوانەی لەبەغدا بەحساب بۆ مافی كورد و شەڕكردن لەسەر كورد لەوێن، نەمان بینی لێو بترازێنن و باسێك لەمافەكانی كورد بكەن! بەداخەوە. بێگومان چەند كەسێكیان هەیە كە جاروبار هەڵوێستیان هەیە و ئەوانەش بۆ كاتی خۆی باسدەكرێن.
من دەمەوێت بپرسم: ئەگەر لە گەرمەی شەڕ وپێكدادانی سەردەمی شۆڕشدا، پێشمەرگەیەك لەقووڵایی شەڕدا وازی لەچەكەكەی بهێنایە و خەریكی ماسیگرتن بوایە لەو ڕووبارەی تەنیشتی، چ ناوێكی لێدەنرا و چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەكرا؟ ئەی بۆ ئێستا پەرلەمانتار و بەرپرسەكانی كورد لەشەڕی یاسایی بەرگری لەمافەكانی كورد قوڕقەپیان لێكردووە و ئامادەی بەرگری نین و كەسیش لەگوڵ كاڵتریان پێناڵێت؟ خۆزگە لەحیكمەتی ئەوە تێدەگەیشتم.
خاڵیكی تری هۆكاری بێدەنگی و كزۆڵەیی نوێنەرە كوردەكان پەیوەندی بەزۆرینەو كەمینەوە هەیە، كەبڕیارەكانی پێدەردەكرێت. ئەوان دەزانن هەرچی بكەن هەر كەمینەن، فێڵەكەی بەغداش لێرەدایە، ئەمانیش تێگەیشتوون قسەكردنیان بێسودە، ئیتر بۆ ڕەزای خۆیشیان تاڵ بكەن، خۆ میللەتی كوردیش خۆی ئەوەندە وشیار نیە لێیان بپرسێتەوە، كەواتە بۆچی لای برا عەرەبەكان ڕەزای خۆیان تاڵ بكەن و مووچەكەشیان بكەوێتە مەترسییەوە؟ ئەم پاساوە لۆژیكیترین پاساوە لەژیانمدا دیبێتم.
ئەگەر وانیە، دەركردنی بڕیار لەدژی كورد بووەتە ڕۆژانە لەبەغدا، یەك نوێنەری كورد نیە بەرگری بكات. كەچی پەرلەمانتارە عەرەبەكان، نەك هەر هێرش دەكەنە سەركورد و سكاڵای لێدەكەن و ڕۆژبەرۆژ بەیاسا ماف و دەستەڵاتەكانی كەمدەكەنەوە، ئێستا داوای 128 ملیار دۆلار دەكەن، كە كورد لەنەوتی خاكی خۆی گوایە دەستی كەوتووە! مستەفا سەنەد پەرلەمانتاری بەسرە، دەڵێت: پێویستە ئەو پارەیە بگەڕێتەوە بۆ بەغدا!.
لەبەرانبەردا نەدەنگێ، نە ناڕەزاییەك، نە تۆماركردنی سكاڵایەكی پێچەوانە لەپەرلەمانتارە كوردەكان نابینین. كەسێكیان نیە بچێتە بەردەم ئەو بەناو دادگایە و بڵێت: سكاڵامان هەیە لەسەر ئەوەی عێراق بەبێ ڕەزامەندی كورد، بەبێ وەرگرتنی ڕای كورد، كوردستانی پێوە لكێنراوە! ئایا ئەو لكاندنە یاساییە؟ یان داگیركاری و تۆپزییە!. ئەزانم دواجار دادگا بڕیار لەم دۆسیەیە نادات، بەڵام خۆ نیشانەی وشیاری كورد دەبێت؟ لانی كەم لەمیدیادا لەبەرچاوی دۆست و دوژمن كاردانەوەیەك پیشان دەدەین.
فەرموو با پەرلەمانتارێك، چاو لە مستەفا سەند بكات، لەبەرانبەر داوای 128 ملیار، داوای ئەو پارانە لەبەغدا بكات كەلە سەرەتای داگیركردنی كوردستانەوە تا ئێستا بەغدا بەتاڵان بردوویەتی! یان ئەو زیانانەی لە كورد و كوردستانیان داوە!.

ھەواڵی زیاتر