دادگای فیدراڵی.شە‌رعییە‌تی و دژبە‌ریی بڕیارە‌كانی و بە‌سیاسیكردنی حوكمە‌كانی و بازدانی بە‌سە‌ر دە‌سە‌ڵاتە‌كانیدا

د. کەمال کەرکوکی

بەشی سێیەم و کۆتایی

گرنگیی ئامادەبوونی (دوو لە سەر سێ) لە کاتی دەنگدان لە سەر یاساکە، یان هەموارکردنەوەکانی پەیوەست بە دادگای فیدراڵی، لەوەدایە ئەم دادگایە ڕۆڵێکی زۆر هەستیار دەگێڕێت لە چارەکردنی کێشە دەستوورییەکان و بەمەش پاراستنی مافی هەموو هاووڵاتییان بەبێ گوێدانە ڕەگەز، نەتەوە، ئایین و مەزهەب دێتە دەست. لەبەر ئەمە، دەستوور حوکمی تایبەتی بۆ دادگای باڵای فیدراڵی تەرخان کردووە لە لقی دووەمی بەشی سێیەمدا -لە ماددەکانی (92 و 93 و 94)دا – لەبەر گرنگیی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و پێویستیی پاراستنی سیستمی دیموکراسی لە گۆڕانکارییەکانی یاسادانان، یان هەوڵی لەخۆگرتنی جێبەجێکاریدا، چونکە هەردووکیان بەپێی بیروباوەڕی حزبە سیاسییەکان و فراکسیۆنە سیاسییەکانی زاڵ بەسەر دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردندا کار دەکەن و لەمەدا سەربەخۆیی پێشبینی نەکراوە، هەر ئەمە وای کرد دەستوور دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ بکات و سەربەخۆییەکەی بەو یاسایانەی کارەکانی ڕێک دەخەن بەهێزتر کرد؛ هەروەها دادگای باڵای فیدراڵی کردە دەستەیەکی دادوەری نەک ئەنجومەنێکی دەستووری یان دەستەیەکی سیاسی بەپێی حوکمی ماددەی (92/ یەکەم)ی دەستوور، کە تێیدا هاتووە (دادگای باڵای فیدراڵی دەستەیەکی دادوەرییە لە ڕووی دارایی و کارگێڕییەوە سەربەخۆیە) و بەپێی ماددەی (92/دووەم) زۆرینەی دوو لە سەر سێی بۆ دەرکردنی یاساکەی سەپاند.

سەرباری پێشێلکردنی ماددەی (92)ی دەستوور، هەموارکردنی یاسای 2005/30 مافی هەڵبژاردنی دادوەرەکانی دادگای فیدراڵیی بە ئەنجومەنی باڵای دادوەری بەخشی، ئەمەش پێشێلکردنی ڕوونی ماددەی (89)ی دەستوورە، کە بنەمای جیاکردنەوەی نێوان دامەزراوە دادوەرییەکانی لەخۆ گرتووە و دەڵێت: “دەسەڵاتی دادوەریی فیدراڵی پێک دێت لە ئەنجومەنی باڵای دادوەری، دادگای باڵای فیدراڵی، دادگای پیاهەڵچوونەوەی فیدراڵی، دەزگای داواکاری گشتی، دەسەڵاتی چاودێریی دادوەری و دادگا فیدراڵیەکانی دیکە کە بەپێی یاسا ڕێکخراون. هەروەها بەخشینی دەسەڵاتی هەڵبژاردنی دادوەرانی دادگای باڵای فیدراڵی بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، پێچەوانەی بڕیارەکانی خودی دادگا بوو، ئەوەتا دادگەکە بڕیاری نادەستووری بوونی ماددەی (3)ی یاسای دادگای فیدراڵی ژمارە 30ی ساڵی 2005ی دەرکرد، کە دەسەڵاتی کاندیدکردنی سەرۆک و ئەندامانی دادگا بە ئەنجومەنی باڵای دادوەری دەدات و داوای لە ئەنجوومەنی نوێنەران کرد یاسایەک دەربکات ماددەیەکی جێگرەوە پەسەند بکات کە لەگەڵ بڕگەکانی دەستووردا بگونجێت. بەڵام هێزەکانی دەسەڵات پێداگرییان لە سەر خستنەڕووی هەموارکردنەکە کرد کە پێشێلکردنی ماددەکانی (91 و 89)ی دەستوور و بڕیارەکانی خودی دادگای فیدراڵییە، ئەوە بوو سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، دادوەر فائق زەیدان، بانگهێشتی ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی کرد بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ لە 22ی ئاداری 2021دا کۆببنەوە بۆ جێبەجێکردنی یاسای هەموارکردنی یاسای دادگای فیدراڵی ژمارە 30ی ساڵی 2005 چونکە هەموارکردنەکە بڕگەیەکیشی لەخۆ دەگرت کە یاسا هەموارکراوەکە ڕاستەوخۆ دوای پەسەندکردنی کاری پێ بکرێت، واتە پێش ئەوەی لە ڕۆژنامەی ئەلوەقائیع بڵاو بکرێتەوە، بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەو هەموارکردنە نادەستووریانە بە
خێرایی بخرێنە واری جێبەجێکردنەوە.

هەروەها هەموارکردنی یاسای 2005/30، ماددەی ٤ی لەخۆ گرتبوو، کە تێیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردبوو سەرجەم ئەو دەسەڵاتە دەستوورییانە لە ماددەی (93) ی دەستووردا هاتوون و ئەو دەسەڵاتانەی لە ماددەکانی دیکەدا ئاماژەیان بۆ کراوە بخرێنە سەر دەسەڵاتەکانی دادگای فیدراڵی. بەم شێوەیە ئەو دەسەڵاتانەی کە دەسەڵاتی دادگای فیدراڵی نەبوون، لە ڕێگەی میکانیزمێکی نادەستووریی یاسادانانەوە زیادکران بەبێ پشتبەستن بە بنەمای زۆرینەی دوو لە سەر سێ کە ماددەی (92/ دووەمی)ی دەستوور کردبوویە مەرج، بەڵکو بە زۆرینەی سادە پەسەند کرا، بەو بیانووەی هەموارکردنی یاسایەکە کە پێش دەرکردنی دەستوور کارا بووە نەک دەرکردنی یاسای ئەو دادگایەی کە دەستوور باسی کردووە. ئەم ئارگیومێنت و لێکدانەوەیە بە تەواوی پێچەوانەی بڕگەکانی ماددەی (130)ی دەستوورە، کە دەڵێت “ئەو یاسایانەی کارپێکراون، بە کارایی دەمێننەوە، مەگەر بەپێی بڕگەکانی ئەم دەستوورە هەڵبوەشێنەوە یان هەموار بکرێن”، واتە، هەموارکردنی یاسای دادگای فیدراڵی دەبێت بەپێی بڕگەکانی دەستوور بێت و، بە زۆرینەی دوو لە سەر سێ بێت، وەک لە ماددەی (92/دووەم)ی دەستووردا هاتووە.

بە بنیادنان لە سەر هەموو ئەمانەی پێشوو، دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە دادگای فیدراڵی ئێستا لە پێکهاتە و هەیکەل و دەسەڵات و میکانیزمەکانیدا بۆ هەموارکردنی یاساکەی، دەستووری پێشێل کردووە و پێشێلکردنی ماددەکانی (3، 89، 91، 92، 130)ی دەستوورە، هەروەها پێشێلکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی خۆیەتی، وەک بڕیاری (107 / فیدراڵی ) لە ساڵی 2012 و، بڕیاری (38/فیدراڵی) لە ساڵی 2019، واتە دادگای باڵای فیدراڵی هیچ بەرگێکی یاسایی پتەوی نییە ڕێگەی پێ بدات بڕیار لە یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان بدات و بڕیار لە چوارچێوەی دەسەڵاتە دادوەرییە دەستوورییەکاندا دەربکات.

لەبەر ئەمە، هەموو ئەو بڕیارانەی ئەم دادگایە لە دژی خەڵکی کوردستان دەریانی کردووە، بە مەبەستی ملکەچکردنی ئەم گەلە سەربەرزە، پووچەڵن. لێرەیشدا پێویستە بە بیری هەموو لایەکی بخەینەوە کە خەڵکی کوردستان دەیان ساڵ ململانێی لە دژی بەهێزترین هێزە دیکتاتۆرییەکان کردووە و بەرامبەر هەڵمەتەکانی جینۆساید و کیمیاباران و سیاسەتی ملهوڕانە وەستاوە و، لە پێناو بەدەستهێنانی ئازادی و پاراستنی کەرامەتی خۆی هەموو شتێکی کردووەتە قوربانی، ئێستا بە پیلانی گەندەڵ و کینە
لەدڵەکان ناترسێندرێت.

لەم چوارچێوەیەشدا داوا لە هەموو هێزە سیاسییە چاکەخوازەکانی عێراق دەکەین کار بۆ پەلەکردن لە دەرکردنی یاسای دادگای فیدراڵی بکەن بە شێوەیەک کە سەربەخۆیی و پەیوەستنەبوونی بە هیچ هێزێکی سیاسی مسۆگەر بکات و گەرەنتیی کەمترین ئاستی پیشەییبوون لە بڕیارداندا بکات و، لە یاساکەدا دادگای فیدراڵی پابەند بکات بە دانانی بنەمای یاسایی ڕوون و ورد بۆ بڕیارەکانی و دوورکەوتنەوە لە زمانی داڕشتن و، ڕێز لە سەروەریی دەقە دەستوورییەکان بگرێت و دەستەواژەی وا زیاد
نەکات کە لە دەقە دەستوورییەکاندا بوونیان نییە.

ئەزموونەکانی ئەم دواییە دەریانخستووە کە پێویستە میکانیزمێک بدۆزرێتەوە بۆ تانەدان لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بۆ ئەوەی گروپێکی دیاریکراو دەرکردنی بڕیار و حوکمی سیاسیی پێشێلکاری دەستوور بە کەم نەزانن، بە پشتبەستن بەوەی بڕیارەکان یەکلاکەرەوە و پابەندکەرن و مایەی تانەلێدان نین. ڕێگریش بکات لە زێدەڕۆیی لە دەسەڵاتەکانی و شێواندنی دەقەکانی دەستوور و، بازدان لە لێکدانەوەوە بۆ یاسادانان، چونکە ئەمە شەرعییەتی ئەم سیستمە سیاسییە دەڕووخێنێت. هەروەها پێویستە بەشداریی هەموو پێکهاتەکان لە دەرکردنی ئەم یاسا گرینگ و هەستیارەدا مسۆگەر بکرێت، بەپێی ئەو میکانیزمانەی لە ماددەی (92/ دووەم)ی دەستووردا ڕوون کراونەتەوە‌.

ھەواڵی زیاتر