بە‌گە‌ورە‌دانانی قورئان لە‌ دڵە‌كاندا

عومەر چنگیانی

بۆ وەبیرهێنانەوەی خۆیشمان و خەڵکە بەڕێزەکەیش کە بەتایبەتی لە ڕۆژانی هەینیدا ڕوو لە مزگەوتەکانی کوردستان دەکەن، هەمیشە باسکردن لە گەورەیی قورئان ئەرکی لەپێشینەی مامۆستایانی کوردستان بووە و هەر واسانێ؛ بۆیە وەک دەستنیشانکردنی بۆردی باڵای ئامادەکردنی گوتار و ئێمەیش لە گوتاری ١٨٦ی سەر دوانگەی مزگەوتی خەدیجە کوبراماندا باسمان لەو چەمکە کرد و سەرەتا بە بیستویەکەمین ئایەتی سوورەتی (حەشر)ەوە دەستمان پێکرد کە خوای گەورە دەربارەی گەورەیی قورئانەوە دەفەرمێت: (گەر ئەم قورئانەمان بۆ سەر چیایەک بناردایەتە خوارەوە دەتبینی ملکەچ و خۆبەکەمزانە و بگرە خۆی پێ ناگیرێ و لە حاند و حەنایدا دەگەیشتە ئەوەی لە ترسی ئەڵڵا گیانا پارچەپارچە ببێت، خوا ئەم نموونانە بۆیە دەهێنێتەوە بۆ مەردمیەل، سا بەڵکو بیر بکەنەوە)، کە جێی خۆیەتی لێرەدا بڵێێن: ئای لەو دڵە مەزنەی سەردار و سەروەرمان محەممەد پێغەمبەر دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت کە بەرگەی ئەو گوتە قورس و گرانەی گرتووە کە قورئانە، لەکاتێکدا ئاسمانەکان و زەوی و چیاکان توانای هەڵگرتنیان نەبوو؛ بۆیە دەپرسین: چۆن بتوانین قورئان لە دڵەکاندا بەگەورە بزانین؟ هەرگیز ناتوانین قورئان بە کۆش و مەزن بزانین لەناو دڵەکانماندا یان بە گەورە و شکۆ نیشانی بەرانبەرەکانمان بدەین، ئەگەر نەبینە دۆستی گیانبەگیانی قورئان، ناشتوانین ببینە ئەم دۆستە گیانی بە گیانییە تاوەکو ئەم چەند خاڵە جێبەجێ نەکەین:

١- فێری قورئان بین و کەسانی تریش فێر بکەین و خوێندەنەوەی قورئان لە شەو و ڕۆژدا بکەینە پیشەمان؛
٢- پابەندی بە دەستوور و حوکمەکانی؛

٣- بیرکردنەوەو تێڕامان لە ماناکانی قورئان کە هەرگیز تەواو نابێ، بۆ ئەوەی نەبینە یەکێک لەوانەی کە خودا دەربارەیان دەفەرمێ دڵیان کۆت و زنجیر کراوە. کاریگەریی قورئانی پیرۆز لەسەر مرۆڤ:
یەکەم/ کاریگەری قورئان لەسەر مرۆڤ لە دنیادا؛ قورئانی پیرۆز چەندین کاریگەریی بەسەر خاوەنەکەیەوە هەیە؛
لەوانە:
١- کاریگەریەکانی قورئان لەسەر تەندروستی نەفسی و ئەقڵی مرۆڤ؛
٢- کاریگەریەکانی قورئان لەسەر ڕەوشت و ڕەفتاری مرۆڤەکان.
دووەم/ کاریگەریەکانی قورئان لەسەر مرۆڤ لە ڕۆژی دواییدا؛ قورئانی پیرۆز چەندین فەزڵی بەسەر خاوەنەکەیەوە هەیە
کە ئێمە تەنها هەندێکیان باس دەکەین:

١- قورئانی پیرۆ لەڕۆژی دواییدا شەفاعەت بۆ خاوەنەکەی دەکات؛

٢- پێگە بەرزی پێ دەبەخشێا

٣- ڕێزلێنانی تایبەت.
دواوشە: کە دەمەوئێوارەی یەکشەممە ٥ی شوباتی٢٠٢٣دا وانەی ٢٦٥ی نێو کتێبی (سبل السلام)ەکەی سەنعانیم دەگوتەوە بە برا قوتابیەکانم لە حوجرەکەی مزگەوتی خەدیجە کوبرا، گوتم: یەکێک لەو ئایەتانەی لە تێگەیشتن لێی، کەمتەرخەمی و ناحاڵیبوونێکی زۆرمان هەیە، چ جای کارپێکردنی، ئایەتی ٢٧٨ و ٢٧٩ی سوورەتی (بەقەرە)یە، کە باس لە کارە بەدەکەی سووخۆری دەکات کە کەوتە ناو هەر نەتەوەیەک سەرباری ئەوەی بەهای مرۆڤایەتی نامێنی سەر دەکێشێت بۆ تێکچوونی باری تەندروستیی مەعنەویی تاکەکان و گرانی و پێڕانەگەیشتنی ژیان، چونکە سووخۆری بەهەر شێوەیەکی سەیر بکەیت دوورە لە
بەهای پیرۆز؛ ئەوەتا دەفەرمێت: (ئەی گرۆی ئەوانەی بڕواتان هێناوە! تەقوای خوا بکەن و خۆپارێز بن و واز لە مامەڵەکردن بە سوو بێنن و هەر جۆرە مامەڵەیەکی لەو جۆرەتان لەناودا هەیە وەلاوەی نێن و تووڕی دەن و خۆتانی لێ دەرباز بکەن، گەر بەڕاستی ئیماندارن * خۆ گەربێتو وا نەکەن ئەوا بزانن لای خۆتانەوە کە جەنگێکی خوایی و پەیامگەیێنەکەیتان تووش دێت یان ئەوە جەنگتان دژی خوا و پەیامگەیێنەکەی ڕاگەیاندووە، کە مانای یەکەمی ئەوەیە خوا لە گەڵتان دەجەنگێت؛ بێگومان ئەو جەنگەیش بەهیچ شێوەیەک بەدەر لە دۆڕانی بەرانبەر چیدی نابێت؛ گەربێتو تەوبە بکەن و پاشگەز ببنەوە بۆ لای خوا، ئەوە سەرمایەکانتان کە پێش تەوبە بووتان بۆ خۆتان دەبێت نە ستەم دەکەن و نە ستەمتان لێ دەکرێت). دەکرێ ئاوڕدانەوەیەکی جدی لە باری ژیانمان جێگای پرسیار بێت بۆمان؟

ھەواڵی زیاتر