خۆپاراستن لە‌ ژیانی ھە‌ڕە‌مە‌كی و كوێرانە‌

گۆهدار شکری ئاکرەیی

یەک لەو هۆکارە هەرە گرنگانەی کە مرۆڤی جیا کردۆتەوە لە زیندەوەرانی تر، توانای خودی مرۆڤەکانە، کە دەتوانین لە هەموو ئەو یاسانەی لە سروشتدا هەیە و ئەو یاسانەی مرۆڤ دایرێژشتوون لێیان تێبگەین و، لەگەڵ ئەوەشدا توانای پەیڕەوکردن و پێشێڵکردنی ئەم یاسایانەی هەیە. ئەمانەش کۆتایی ئەوە نیە مرۆڤ مادام خاوەنی ئەم توانایەن ئیتر مرۆڤ دەتوانێت بەئاسوودەیی بژیت. بەڵکو لە بنەڕەتدا خاڵی لاوازیشی هەیە کە بوونەتە رێگری لەم ئاسوودەیە، ئەمیش ئەو سروشتەی کە مرۆڤ بەگشتی خاوەنیەتی، کە بە سروشتی خۆی ئەوەندەی پەیوەستن بە بەرژەوندیانەوە، ئەوەندە پەیوەست نین بە بەرژەوەندیی مرۆڤەکانی ترەوە. رەنگە هەر لەبەر ئەم هۆکارە بێ، ڕێژەیەکی زۆری مرۆڤەکان تەنیا لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی ژیان بەڕێ بکا. نموونەش بۆ ئەمە ئەگەر جوان سەرنج بدەینە خودی خۆمان یا مرۆڤەکان، بە گشتی بۆمان روون دەبێتەوە چەندە زوو خەون و هزرەکانی مرۆڤ دەگۆڕدرێت! ئەوەتا زۆر لە مرۆڤەکان ئازیزترین کەسیان بە ئاودا دەدەن و بەرگە راستەقینەکەی دەگۆڕن لە پێناو بەرژەوەندی و چێژەکانیان، لە مانەش ترسناکتر هەموو ئەو شتانەی خۆشیان دەوێت و ئارەزوویانە بە ڕاستی دەزانن. ئەمەش خۆی لە خۆیدا کارەساتە. هەریەک لە ئێمە ئەوە باش دەزانێت کاردانەوەی گۆڕینی شتە راستەقینەکان بۆ شتە نادروستەکان، سەرەتای دەستپێکردنی لەناو چوونی مرۆڤایەتییە یا دەستپێکی جەنگی لەناوبردنی مرۆڤایەتییە. چونکە بە ونکردنی مرۆڤایەتی هەر تاکێک خەریکی جەنگینی جەنگێکی سەخت دەبێتەوە، سەرنجام هەرچی زانست و ئەدەب و زانیاری و ئەو شتانەی لەپێناو خزمەتی مرۆڤایەتیدا لەدایک بوونە ژێر پێ بکەون، بۆ سەردەمی ناو ئەشکەوتە تاریکەکان بگەڕێینەوە، هێرش بۆ هەموو ڕووناکیەک ببەین، بەمەش کۆنترۆڵی شێوازی ژیان لەدەست بدرێت بە ئاسانی تێک بشکێندرێین. چونکە ئەوەمان لەیاد نەچێت، لە بنەڕەتدا زانست و ئەدەب لە بیری بیرمەندەکانی مرۆڤەوە سەرچاوەی گرتووە بۆ ئەوەی مرۆڤ لە لەناوچوون رزگار بکەن، شەوقی خوشەویستی لەنێوان مرۆڤەکاندا بەردەوام بێ و لەدەستی نەدەین، کە ئێمە پێی دەڵێن مرۆڤایەتی. جا لێرەوە دەتوانین ئەم رێگایە بەخۆمان بدەین بڵێین هیچ شتێک ناتوانێ مرۆڤایەتی و ئەدەب و زانست لەناو ببات، ئەگەر خودی مرۆڤەکان رەزامەندیان لەسەر نەبێت، چونکە تاکە زیندەوەر، مرۆڤە دەتوانێت شتە باش و خراپەکان، بە هۆی بیرکردنەوەکانی بڕیاری پێشلکردنی بدا یان جێی ڕەزامەندی ئەو بێ. کەواتە هۆکاری سەرەکی بۆ ئەوەی زانست و ئەدەب و زانیاری و هەموو شتە بە بەهاکانی مرۆڤایەتی ژێر پێ بکەون! سروشتی زوو هزرگۆڕینی مرۆڤەکانە، کە لەپێناو بچووکترین بەرژەوەندیمان، شتە جوانەکانی راستگۆیی بە نادروستیان لەقەڵەم بدەین، کەچی لە بنەڕەتدا بێئاگا بین لەوەی خاڵی وەچەرخانی ئەم ژیانە قبووڵکردنی راستگۆییە؛ لە کۆتاییدا ئەم پرسیارە بۆ ئێوە بەجێ دێڵم تاچەند مرۆڤ بەگشتی لە بەهای ڕاستگۆیی تێگەیشتوونە! کەچی لە نیوەی زیاتری مرۆڤەکان راستگۆیی پێشێڵ دەکەن لەگەڵ راستیەکاندا ژیان ناکەین، هەندەی دێت لە ژیانکردنێکی هەڕەمەکی و کوێرانە نزیک دەبینەوە

ھەواڵی زیاتر