ئاگری بێ دووكە‌ڵ

حەمەسەعید حەسەن

شاژنی ئەدەبی منداڵان


لـــە دنیـــادا حەڤدە نووســـەرێک هەن، بەرهەمیـــان زیاتر لە بەرهەمی نووسەری مەزنی سوێدی، خاتوو ئەسترید لیندگرێن (1907 – 2002) تەرجەمـــەی زمانـــە جیـــاوازەکان کرابێت. کتێبەکانـــی بە دەیان زمان، زیاتر لە ســـێ هەزار جار چاپ کـــراون و زیاتر لـــە 170 میلیـــۆن دانەیان لێ فرۆشـــراوە. پیپیـــی گۆرەوی درێـــژ یەکێکە لە کتێبە هـــەرە ناودارەکانی کە زنجیرەیەک چیرۆکـــە. منداڵانی (بولـلەربی) کە بە مانای (گوندێکی تژی لە ژاوەژاو) دێت و کارڵســـۆن لە ســـەربان، دوو چیرۆکی تـــری بەناوبانگی تری ئەون. یەکەم چیرۆک کە ئەســـترید لیندگرێن بە منداڵـــی خوێندوویەتییەوە، (بەفری ســـپی و حەوت کورتەباڵاکە) بووە، هێشـــتا تەمەنی سێزدە ساڵ دەبێت، ڕۆژنامەی شارۆچکەی ڤیممەربی باسێکی بۆ بڵاو دەکاتەوە و دواتر ئەرکی وردبینیکردنی زمانی ڕۆژنامەکەیشی پێ دەسپێرێت. چیرۆکی: (کاڕڵسۆن) لە سەربان، لە ڕووسیا خوێنەرێکی زۆری هەیە، کە ئینگڤار (کاڕلســـۆن)ی سەرۆکی وەزیرانـــی ســـوێد ســـەردانی مۆســـکۆ دەکات، خەڵکەکەی دەڵێن: ئەم کارڵسۆنە ســـاختەیە، ئەوەی ئەسترید لیندگرێن ڕاستەقینەکەیە. ئێمیل لە لوێنەبێرگیا و برایانی شێردڵ، دوو
شاکاری دیکە ئەو شاژنەی ئەدەبی منداڵانن.
چۆن بوو بە چیرۆکنووس؟ کچە شـــەش ساڵانەکەی نەخۆش دەبێت، بە دیارییەوە دادەنیشـــت و چیرۆکی بۆ دەگێڕێتەوە؛ نووســـینی چیرۆک لای ئەســـترید لیندگرێن وەها دەست پێ دەکات. بـــە پێچەوانەی چیرۆکنووســـانی دنیـــاوە، لای ئەو گێڕانەوەی چیرۆک بۆ ئـــەوە نەبوو، ئامۆژگاریی منداڵ بکات تا کەســـێکی گوێڕایەڵی لێ پەیدا ببێت، بۆ ئەوەبوو تا فێری یاخیبوونی بـــکات، یاخیبوونێکی پۆزەتیڤ، بۆ ئەوەی منداڵ ببێـــت بە خاوەنی کەســـایەتییەکی ئـــازا و بەهێزی خاوەنی بڕیاری خۆی، کەســـایەتییەک ســـڵ لە سەرکێشی نەکاتەوە، ڕێز لە مافەکانی ئینســـان و ئاژەڵ بگرێت و ژینگەدۆســـتیش بێت. کە لە سوێد بە یاســـا مافەکانی منداڵ پارێزراون و کە ژینگەدۆســـتی کولتوورە، ڕۆڵی بەرهەمی ئەسترید لیندگرێنی تێـــدا بووە. داکۆکیکارێکی چالاک بـــوو لە مافی پەنابەران و
بەکردەوە بە هانایانەوە دەچوو. لـــە هەندێک وڵات، ئەو پەرەگرافانەی چیرۆکەکانی سانســـۆر کراون کە پێیان وابووە، تێیاندا بانگاشـــەی بۆ ئەنارشـــیزم کـــردووە. منـــداڵان بە جۆرێـــک دەکەوتنە ژێـــر کاریگەریی چیرۆکییەوە، وەک سیحریان لێ کرابێت وابوو. چۆن دەیتوانی
وەها کاریگەر بنووسێت؟ چونکە بێجگە لە منداڵەکەی ناخی،

گوێی بۆ کەسی دیکە شل نەدەکرد، ئیدی ئەوەبوو، بەرهەمی کە بۆ دڵخۆشکردنی منداڵ و بۆ فراوانکردنی خەیاڵی تەرخان بوو، لە لۆکاڵییەوە بوو بە جیهانی. زۆرن ئەو نووســـەرانەی شانازی بەوەوە دەکەن، بەرهەمیان ئاوێنەی واقیعە، بەرهەمی ئەســـترید لیندگرێن بۆیـــە دنیای تەی کرد، چونکە باســـی واقیعێکـــی دەکرد، جیاواز لـــەوەی هەیـــە، واقیعێک زادەی
خەیاڵی دەوڵەمەندی خۆی بوو. ســـەروەختی نووسین، سەرەتا هانای بۆ ستێنۆگرافی دەبرد، کە شێوازێکی بە کورتی نووسینی خێرایە، دواتر بەشێنەیی بە پێشنووسییەکەیدا دەچووەوە و بۆشایییەکانی پڕ دەکردەوە. بێجگە لە چل کتێب، تێکستی ستران و شانۆنامە و سیناریۆی بۆ ڕادیۆ و تیڤی و ســـینەمایش نووســـیوە. گوتاریشـــی بۆ ڕۆژنامە دەنووســـی، گوتارگەلێک کە بە هۆیانەوە، سۆسیال دیموکراتەکان کە چل ســـاڵێک بوو، فەرمانڕەواییی سوێدیان دەکـــرد، دەســـەڵاتیان لەدەســـت دا، کاتێـــک ڕەخنەی لە سیاســـەتی باجوەرگرتنیان گرت. ئەســـترید لیندگرێن توند ڕەخنەی لە وزەی ناوکی دەگرت و سەرســـەختانە داکۆکی لە مافی منداڵ دەکرد. هێشـــتا هیچ چیرۆکێکی بـــڵاو نەکرابووەوە، کـــە بەرهەمی خۆی بۆ پێشـــبڕکێیەکی چیرۆکی منداڵان دەنێرێت، خەڵاتی یەکەمی پێ دەبەخشرێت، لەوە بەدواوە دەکەوێتە بەر ڕێژنەی بارانی خەڵات، کـــە یەکێکیان خەڵاتی زێڕێنـــی ئەکادیمیای ســـوێد دەبێت، کە دوای نۆبڵ گەورەترین خەڵاتی ئەدەبییە. زانکۆکانی لینگشـــۆپینگ، لییەســـتەر و وارشـــۆ دۆکتۆرای شـــانازییان پێ بەخشـــیوە. لە ئەڵمانیا هێندە خۆشەویستە، چەندان خوێندنگە بە ناوییەوە هەن. بیست کرۆنی کە وێنەی ســـەلما لاگەرلوێفی لەســـەر بوو، لە یەکی ئۆکتۆبەری 2015 بەدواوە، وێنەی ئەســـترید لیندگرێنی لەسەر دانرا. ئێستایش لە کتێبخانە گشـــتییەکانی ســـوێددا، هیـــچ کتێبێک هێندەی پیپیی گۆرەوی درێژی ئەو، خواستی لەسەر نییە. کـــە لە 22ی جەنیوەریی 2002دا، لـــە تەمەنی نەوەد و چوار ســـاڵیدا کۆچی دوایی کرد، ڕێوڕەسمێکی بەخاکسپاردنی بۆ بەڕێوە چوو، ڕەنگە لە مێژووی ســـوێددا لە وێنەی نەبووبێت، شـــا کاڕڵ گوســـتاڤی شـــازدەیەم و شاژنە ســـیلڤیا، یۆران پێرسۆنی سەرۆکی وەزیران، بیرگیتا داڵی سەرۆکی پەرلەمان، ماریتا ئولڤسکوگی وەزیری کولتوور لە ڕێوڕەسمەکەدا بەشدار بوون و تەلەڤیزیۆنی دووی ســـوێد، ڕاستەخۆ ڕێوڕەسمەکەی
دەگوێزایەوە، تا لە زێدی خۆی، لە ڤیممەربی بەخاک سپێردرا

ھەواڵی زیاتر