د. ڤیان سلێمان
خەبات و تێکۆشان بۆ بەدیهێنانی گۆڕانکاری هەردەم بە ڕێگایەکی سەختدا دەڕوات، ئەمەش سروشتییە و بابەتێکە بە درێژایی مێژوو هەبووە و بەردەوامیش خۆی دووبارە دەکاتەوە، چونکە لایەنێک هەوڵی گۆڕانکاری دەدات و لایەنێکی دیکە داکۆکی لە هێشتنەوەی هەلومەرجەکە لە دۆخی خۆیدا دەدات؛ چونکە پێی وایە پێگەکەی لە مەترسیدایە.
لێرەدا مەبەستم لە یەکسانی؛ یەکسانی نێوان ئافرەت و پیاوە لە: دەرفەت و بەرپرسیاریەتی، ئەرک و ماف، پێگە و پلەی مرۆڤایەتی؛ وەکوو دوو مرۆڤی هاوشان و هاوئاست و هاوتا و تەواوکەری یەکدی. بۆ هیچ بەلاڕێدابردنێک مەبەستم چوونیەکی و وەکیەکی نێوان ئافرەت و پیاو نییە، چونکە لە ڕاستیدا ئافرەت و پیاو دوو مرۆڤی جیاوازن، بەڵام کێشەکە لەوەدایە ئەو جیاوازییە کراوە بە بنەما بۆ جیاکاری لە نێوان ئەم دوو ڕەگەزە، هەر ئەوەش سەرەتا و بەردەوامی کێشەکانی نێوان ئافرەت و پیاو و فاکتەری دروستنەبوونی تێگەیشتن و هاوبەشییە.
خەباتی یەکسانی لە نێوان مرۆڤەکان و بنبڕکردنی جیاوازی کردن لەسەر بنەمای ڕەگەز یاخود نەهێشتنی ئەو بیرۆکەی ڕەگەزێکی لە لا پەسەند و لە پێشە و ڕەگەزەکەی دیکەی لە لا پاشکۆ و بگرە بۆ خزمەتکردنە بە ڕەگەزەکەی دیکە؛ مێژوویەکی درێژی هەیە.
ئەم هاوکێشەیە واتە نایەکسانی لە نێوان ئافرەت و پیاو و ستەمی پیاو لە ئافرەت یەکێکە لە دێرینترین، هاوکات بەربڵاوترین دیاردە مێژووییەکان، ئەگەرچی بەپێی گۆڕانکاری و پێشکەوتنەکانی هزری مرۆڤایەتی و سیستەمە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بارودۆخی ئافرەتیش گۆڕانی بەسەردا هاتووە و لە ئێستاشدا لە ڕووی فەرمییەوە و لە زۆرینەی وڵاتان ئافرەتان مافی هاووڵاتیبوونی یەکسانیان بەدەستهێناوە، بەڵام تا ئێستاش لە بوارەکانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ئافرەت بەرامبەر بە پیاو لە هەلومەرجی نایەکساندایە.
بە درێژایی ئەو مێژووە ئافرەتان بەرەنگاری ئەو بارودۆخە بوونەتەوە و خەباتیان بۆ یەکسانی و نەهێشتنی باڵادەستی پیاو کردووە، لەگەڵ سەرهەڵدانی بزووتنەوەی فێمینیزم لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە، ئافرەتان لە چوارچێوەی دید و ئایدیاکانی ئەم بزووتنەوەیەدا ویستوویانە لە ڕەگ و ڕیشەی نایەکسانی و پلە دوویی ئافرەت بکۆڵنەوە و لە باری تیۆری و کرداری و ڕێکخراوەییدا خەباتیان کردووە.
داواکاری ماف و ئازادی ئافرەت و خەباتی یەکسانیخوازی بزووتنەوەی ئافرەتان لە کۆمەڵگەکەمان ڕێگەکەی تژییە بە ئاستەنگ و بەربەستی نەریتی و کۆمەڵایەتی و کولتووری، ڕێکخراوەکانی ئافرەتان خەباتێکی سەختی یەکسانی بەڕێوە دەبەن و لەو چوارچێوەیەشدا دەستکەوتی گەورەیان بەدەستهێناوە، هەر خودی ئەو هێرش و توندوتیژییانەی بەرامبەر ڕێکخراوەکانی ئافرەتان دەکرێت، بەڵگەیە بۆ کاریگەری ڕۆڵ و خەباتیان لە کۆمەڵگەدا.
دەبینین لە کاتی هەر هەنگاوێکی نوێ و هەمواری پرۆژە یاسایەک یان لە کاتی ڕاگەیاندنی هەڵوێست لە تاوانەکانی توندوتیژی؛ بزووتنەوەی ئافرەتان ڕووبەڕووی بەرپەرچدانەوەیەکی سەخت و بارگاوی بە ناوزڕاندن و تۆمەت هەڵبەستن دەبنەوە، ئەوەش دەبێتە هۆی دروستبوونی دوو بەرە و هاتنەکایەی جەمسەربەندی. هۆکارەکانی ڕاگەیاندن و سەکۆکانی دەربڕینی ڕای گشتی بە تایبەت میدیای کۆمەڵایەتی دەبێتە مەیدانی ململانێیەکی نابەرابەر و لەو ناوەندەشدا ورووژاندنی هەست و سۆزی ئایینی و کۆمەڵایەتی و دەروونی توێژەکانی کۆمەڵگە. ئەوەش کە لە ئێستادا زیانی بەردەکەوێت ئافرەتانی کوردستان و بزووتنەوەی ئافرەتان و کۆمەڵگەیە بەگشتی؛ بەڵام بۆ ئایندە هەر خەباتی یەکسانیخوازی مرۆڤدۆستی ئافرەتانە کە براوەی ململانێکە دەبێت.
ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێ بکەم و ئەوەی گرنگە بزووتنەوەی ئافرەتان و ڕێکخراوەکانی ئافرەتان لەپێش چاوی بگرن؛ هەوڵدانە بۆ بەدەستهێنانی سۆز و پشتیوانی ڕای گشتی و نەکەوتنە نێو هیچ ئاراستەیەکە بەرامبەر زۆرینەی توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی، واتە نەکەوتنە سەنگەر بەرامبەر ڕای گشتی، بەڵکوو ڕێگەی ڕاست هەوڵدانە بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی ڕای گشتی، ئەوەش بە هەبوونی مانیفێستێکی هەڵقوڵاو لە خودی کێشەکانی ئافرەتی کوردستانی و میکانیزم بۆ چارەسەریان.
خەباتی ئافرەتانی کوردستان ئامانج و مەبەستێکی نییە دژ بە بەرژەوەندی کۆمەڵگە بێت، خەباتی ئێمەی ئافرەت بۆ گەیشتنە بە کۆمەڵگەیەکی دوور لە توندوتیژی و یەکسان بۆ هەر دوو ڕەگەز، بۆ کۆمەڵگەیەک کە هەمووان تێیدا ژیان و شکۆیان پارێزراو بێت، لە ئازادیدا بژین و هەست بە دڵنیایی بکەن، کۆمەڵگەیەک ئافرەتانی خۆی کە نیوەی وزە مرۆیییەکەی پێک دەهێنن زیندانی ماڵەوە نەکات و لەسەر بنەمای ڕەگەز و پێوەرەکانی نەریت هیچ کار و پیشە و پانتایییەکی ژیانیان لێ قەدەخە نەکات.
کۆمەڵگەیەک تاکەکانی یاخود پیاوەکانی لە ئاستێکی لەو شێوەی هۆشیاریدا بن کە بزانن توانا و بێ توانایی، زیرەکی و کەم ئاوەزی، دڵنەرمی و دڵڕەقی پەیوەست نین بە پێکهاتەی بایۆلۆجییەوە، خێزان یەکەیەک نییە بۆ تاکڕەوی و خۆسەپاندن، پەیوەندی هاوسەری پەیوەندی موڵکداری و کۆیلایەتی نییە؛ بەلکوو پەیوەندییەکی پیرۆزی ئاوێتەبوون و یەکگرتنی ڕووحییە؛ تێرکردنی هەستی تەنیایی و دڵنەوایی ودڵگەرمی هاوڕێتی گەشتی ژیانە، دڵنیابوونە لە بەها و پێگەی هەردوو هاوژین بۆیەکتر و لە هەمانکات وەرگرتنی بەرپرسایەتییە بەرامبەر یەکتر و بەرامبەر نەوەی داهاتوو. کۆمەڵگە بە تەنیا لە یەکیان پێکنەهاتووە وبۆ یەکێکیان بە تەنیا ناشێت. بەڕێوەبردن و سیاسەت و ئابووری بۆ پیاو و ئافرەتە و دەبێت بە هاوسەنگی و تەواوکەری بە ڕێوە ببردرێن، ئافرەت و پیاو دوو مرۆڤی جیاوازن، بەڵام نابێت ئەو جیاوازییە ببێتە هۆی جیاکاری و نادادپەروەری، داوای یەکسانی بۆ نەهێشتنی جیاوازی و لێکچوونی ئافرەت و پیاو نییە، بەڵکوو بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی هاوبەشی و سوودوەرگرتن لە توانا وئاوەزی هەر دوو مرۆڤە بۆ ژیانێکی باشتری خێزانی و کۆمەڵگەیەکی ئاسوودە و ئاوەدانتر، ئەمەیە کرۆکی مانا و واتای یەکسانی و دژە توندوتیژی. بێگومان جێگرتنی ئەم ڕوانگەیەش لە بەرژەوەندی تەواوی کۆمەڵگەیە؛ کەواتە با هەموومان پێکەوە کاری بۆ بکەین و لە دژی نەوەستین.