مۆبایلی زیرە‌ك،ھە‌واڵگرە‌كە‌ی ھاوڕێت

پ.د.نەزاکەت حسێن

مرۆڤ بونەوەرێکی ئاڵۆزە و ناسینەوە و تێگەیشتن بە تایبەتی لەناخ و ھەست و بیرکردنەوە و حەز و خولیا و ئارەزوەکانی ئاسان نییە. توێژینەوەکان لەسەر مرۆڤ و تێگەیشتن لە ڕەفتارەکانی ھەرگیز نەگەشتوونەتە ئەنجامی تەواو، ھەمیشە ئەوەی پێی گەیشتوون ڕێژەیی بوە. گەرچی ھەموو ڕێگەکانی داتا و زانیاری کۆکردنەوەیان گرتبێتە بەر، لە ڕاپرسی و چاوپێکەوتن و چاوپێکەوتنی قوڵ و تا چاودێری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ڕەفتاریش، ھێشتا توێژینەوەکان لە تێگەیشتن لە مرۆڤ و ناخی ئەنجامی %١٠٠ نەبووە. بەڵام ھەردوو ئاماژەکانی کۆمینیکەیشنی زارەکی و نازارەکی ڕێگایەک بوو کە مرۆڤەکان لە ھەستەکان و بۆچونەکانی یەکتر تێبگەن. بەتایبەتی ڕێژەی بەرزی ئەوەی بەشداری دەکات لە پرۆسەی لەیەکگەیشتنی مرۆڤەکان لە کاتی گفتوگۆ، زمانی جەستەیە کە ڕێژەی لە %٥٥ ی پرۆسەی کۆمینیکەیشن و لێکگەیشتنی مرۆڤەکان پێک دێنێت. زۆرینەی زمانی جەستەش لە دەربڕینەکانی دەم و چاو دەردەکەوێت، واتە گوزارشتەکانی دەم و چاو ئامرازێکی سەرەکی تێگەیشتن لەناخی مرۆڤ و خواست و ویست و نەویستەکانیەتی. تەکنەلۆجیا و بەتایبەتی زیرەکی دەستکرد بەشوێنپێ و ھەنگاوەکانی مرۆڤ دەڕوات و ھەموو ئەزمونەکانی مرۆڤی ھەڵگرتوەتەوە، تا گەشتە خوێندنەوەی ناخی و وەرگرتنی زانیاریە بایۆلۆجیەکانی. بە پێی ئیندێکسی وێبی جیهانی ڕۆژانە ھەر مرۆڤێک زیاتر لە دوو کاتژمێر لەگەڵ سۆشیاڵ میدیا و مۆبایلەکەی خەرج دەکات. کۆمینیکەیشن لەگەڵ مۆبایل دەکەین، گفتوگۆکانی ئۆنلاینمان بوەتە جێگرەوەی گفتوگۆی ڕاستەقینە و ڕووبەڕووی مرۆڤەکان. بێ ئەوەی بەخۆمان بزانین ئەمڕۆ شاشەی مۆبایلەکەت سوودی لە دەربڕینەکانی دەم و چاوت وئاماژە نازارەکیەکانت بینیەوە و تۆماری دەکات کە بەبینینی چ وێنەیەک دەم و چاوت دەگەشێتەوە و زۆرترین لەسەر کامە وێنە و ڤیدیۆ سەرنج دەدەیت و دەمێنیتەوە، سێرچ و گەڕان بۆ چی دەکەیت؟ بە چی دەمو چاوت خەمبار دەبێت؟ بە چی پێ دەکەنیت؟ بەچی تووڕە دەبیت و دەم و چاوت سوور دادێت؟ ڕقت لەچی دەبێتەوە؟ خۆشەویستی و لایک و دڵ و گوڵ بۆچ پۆستێک دەکەیت. ئەمانە ھەموو تۆماردەکرێت، تەنانەت زۆر ئاسان شوێنەکەشت لە کوێدایە دەیزانێت.
ئەوەش بزانینین ناسینەوەی دەم و چاو facial recognitio n لە ڕێگەی مۆبایلەکەتەوە ڕاستگۆیانەتر و ڕاستەقینەترە لە ناسینەوەت لەلایەن ھاوڕێکانت و مرۆڤەکانەوە، چونکە بەپێی وتەی ‘Amy Cuddy دەروونناسی کۆمەڵایەتی دەڵێت ”مرۆڤ دەتوانێت ئاماژە نازارەکیەکانی و گوزارشتی دەم و چاو زمانی جەستەی ساختەی تیادا بکات و ڕاستەقینە لەگەڵ ناخی پیشانی نەدات، واتە دەکرێت مرۆڤ شتێکی پێناخۆشبێت لەناخدا،بەڵام لە گوزارشتی دەم و چاوی وا دەرنەخات یان پێچەوانەی دەرخات، تەنانەت دەڵێت لە دەربڕینی وشەکانیش واتە کۆمینیکەیشنی زارەکیش دەتوانین فەیک واتە ساختە بکات. مرۆڤ ناخی شتێکی تر بێت بە دەربرین پێچەوانەکەی بکات” بەڵام کاتێک تۆ ڕووت لە شاشەی مۆبایلەکەتە و زانیاری وەردەگریت ئەو شاشە داتا بایۆلۆجییەکانی تۆ خەزن دەکات، جگەلەوەی دەربڕینەکان وگوزارشتەکانی دەم و چاوت ڕاستەقینەتر پیشان دەدەیت وادەزانیت کەس ئاگای لێت نییە. کە کاردانەوەت بۆچییە و چۆنە کاردانەوەکەت. جاران ستالین کە قسەی بۆ ھەزاران ھەزار کەس دەکرد کە زەردەخەنەی لەدەم و چاوی جەماوەرەکە دەبینی دەیزانی فیدباکیان چۆنە، بەڵام ئێستا زەردەخەنەکان شاشەی مۆبایلەکە خەزنی دەکات. لەسەردەمی ستالیندا، ڕۆژانە ھەزاران ڕاپۆرت لەسەر مرۆڤەکان دەنوسرا لە مۆسکۆ دادەنرا کەس نەیدەخوێندەوە، ئێستا ئەڵگۆرزیم داتاکان خەزن دەکات شیکاریشی بۆ دەکات، دەیکاتە ناسنامەت و بێ ئەوەی بەخۆت بزانیت، لە ڕێگەی پێوانەی ھەستەکانت لە شاشەی مۆبایلەکەتەوە. بۆیە ھەواڵگری تۆو چاودێری تۆ مۆبایلەکەی دەستتە ئەمڕۆ کە لە ڕێگەی دەم و چاوتەوە داخڵی داتا بایۆلۆجیەکانت بوەوە و وەریدەگرێت. ڕۆژگارێک دێت ئەو لە خۆت زیاتر تۆ دەناسێت، بگرە ئاراستەشت دەکات بۆ ھەرشتێک بیەوێت، چونکە دەزانێت حەزت لە چییە و بەچ نوسین و بابەتێک سەرسامی و ڕقت لەچی دەبێتەوە. ئیتر لەوێوە تەخزیەت دەکات، بەتایبەتی بۆ نەوەکانی سەردەمی تەکنەلۆجیا کە چاو دەکاتەوە پەنجەی لەسەر شاشەی ئایپاد و ئامێرە زیرەکەکانە. واتە سەردەمەکە سەردەمی کۆنترۆڵ و سانسۆر و لەقاڵب دانی مرۆڤە بێئەوەی بەخۆی بزانێت.
بۆیەکەم جارە لە مێژوودا دەتوانرێت ھەموومرۆڤ مۆنیتەر بکرێت و ھەمووکات کە ئەمە لەمێژوودا نەبووە و گونجاو نەبوو لە یەکێتی سۆڤیەت، گونجاو نەبوو لە ئەڵمانیا، ئێستە گونجاوە. دیکتاتۆرەکان جاران نەیان دەزانی چی لە ناخماندایە، نە ستالین نە ھیتلەر، بەس ئێستە تەکنەلۆجیا دەیزانێت . ئەمە مەترسیترین شتە کەسێک لە دەرەوەی خۆت بێ ئەوەی بەخۆت بزانیت ھاکی کردبیت و شتەکانت باشتر بزانێت وەک لەخۆت . ڕەنگە تەنها ھەواڵگرەکان بێ ئیش نەکات زیرەکی دەستکرد توێژەران و لێكۆڵەرانیش لەئایندەدا
بێ ئیش بکات

ھەواڵی زیاتر