د. کەمال کەرکوکی
بەشی یەکەم
دادگا دەستوورییەکان لە دیموکراسییە تازەپێگەیشتووەکان و گەشەسەندووەکاندا ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە دەستەبەرکردنی سەروەریییاسادا، لەڕێگەی ڕێزگرتنی تەواو لە ماددەکانی دەستوور و زامنکردنی باڵادەستیی دەقە دەستوورییەکان لەپێناو پاراستنی شەرعییەت و سەقامگیریی سیستمی سیاسی و ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان دەسەڵاتەکانی دەوڵەتدا. لەبەر ئەمە، بڕیارەکانی ئەم دادگایانە، لە چوارچێوەی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری لە دەسەڵاتەکانی دیکە و، ملکەچبوونی خودی دەسەڵاتی دادوەری بۆ چاودێری و لێپرسینەوە، پشتبەستوو دەبن بە بنەماکانی بێلایەنی و دوورکەوتنەوە لە ململانێ و بەرژەوەندیە سیاسییە دژبەیەکەکان.
لە پێداچوونەوەیەکی مێژوویی خێرادا بەڕۆڵی دەسەڵاتی دادوەری و سەروەریی دەستوور و یاسا لە عێراق، دەبینین ئەو دامەزراوانە و ئەو چەمکانە هەمیشە ملکەچی دەسەڵاتی حوکمڕان بوون، بۆیەیاسا لە عێراقدا بەپێی بەرژەوەندییە سیاسییەکانی دەسەڵاتی حوکمڕان دەنووسرێت و هەڵدەوەشێتەوە، لێکدەدرێتەوە، شیدەکرێتەوە و بەکاردێتیان سڕ دەکرێت. بەجۆرێک کە هەموو ئەمانە بەڕوونی لە ساڵی 1979دا بەرجەستە و ڕوون بوونە. کاتێک ڕژێمی دیکتاتۆر بە پشتبەستن بە ماددەی (10)ییاسای ژمارە 101/1977 ئەنجوومەنی دادوەریی بە وەزارەتی دادەوە بەست، بەمەیش دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆیی خۆی لەدەست دا. ڕژێمی لەناوچوو بەردەوام پشتی بە دادگای شۆڕش و دادگا تایبەتەکان دەبەست، ئەمەش بووە هۆی دەرکردنی ئەو بڕیارانەی تاوانە سیاسییەکانی ڕژیمیان پەردەپۆش دەکرد، دواتریش و پاش داگیرکردنی کوەیت لە ساڵی 1990دا گەمارۆی ئابووریی نێودەوڵەتی هاتە ئاراوە و بووە هۆی داڕمانی گشتیی ئابووری و، دەستی هەبوو لە بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لە هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، بە دەسەڵاتی دادوەریشەوە.
پاش ڕووخانی ڕژێم لە ساڵی 2003، بەسیاسیکردنی بەرنامەداری دادپەروەری و دەستوور و یاسا گەڕایەوە گۆڕەپانەکە و، دەستوور بە لای دەسەڵاتدارانی بەغداوە تەنیا ئامرازێک بوو لە ململانێ سیاسییەکاندا بەکار دەهات و لە سەر بنەمای جۆری ململانێی سیاسی و لە کاتی دیاریکراودا، لێکدانەوەی بۆ دەکرا و بڕیاری کاتی لە سەر ماددەکانی دەردەچوون. پەرەسەندنی هەندێک ململانێ پێویستی بە لێکدانەوەی دژبەیەک هەبوو بۆ هەمان ئەو ماددە دەستوورییانە. ئامرازی هەموو ئەمانەش دادگای باڵای فیدراڵی بوو، بەجۆرێک ئەو دادگایە بوو بەیەکێک لە ئامرازە سیاسییە گرینگەکانی هێزە دەسەڵاتدارەکانی بەغدا و لەو کاتانەدا کە ئەو دەسەڵاتە نەیدەتوانی بەڕێگەی یاسایی و سیاسی و دیموکراسی دەسکەوتەکان بەدەست بهێنێت، دادگای باڵای فیدراڵی بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتەکان بەکار دەهات.
بەهۆی تێوەگلانی دادگای فیدراڵی لە کارلێکەرە سیاسییەکاندا، ئەو دادگایە بڕیاری دژبەیەک و لێکدانەوەی سەیری دەکرد تا وای لێهات ڕێگە بە خۆی بدات خۆی لەیەک کاتدا یاسادانەر و لێکدەرەوە و شرۆڤەکاری سیاسی بێت، ئیتر دەستی کرد بە دەرکردنی بڕیاری باڵادەست بەسەر خودی دەقەکانی دەستووریشدا. بەم شێوەیە دادگاکە دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاند و هەموو بڕگە دەستوورییەکانی خستە بەردەم مەترسیی گۆڕانکاری بەپێی ئاراستە و بەرژەوەندی سیاسیی لایەنێکی سیاسیی دیاریکراو لە سەر حیسابی هەموو لایەنەکانی دیکە. ئیتر ئەو دادگایە بوو بە بەشێک لەقەیرانی سیستمی سیاسی لە عێراقدا و بەشداریی لە داڕشتن،یان گۆڕینی نەخشەی دیمەنی سیاسی لە وڵاتدا کرد و دەستی کرد بە دەرکردنی بڕیار و حوکم نەک تەنیا بە پێی بەرژەوەندی هێزە دەسەڵاتدارەکان، بگرە بەپێی کاتی گونجاو بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین دەستکەوتی سیاسی بۆ ئەو هێزانە لە سەر حیسابی هێزەکانی دیکە. لێرەدا چەند نموونەیەک لەو بڕیارانە دەخەینەڕوو:
*دەرکردنی دوو بڕیاری دژبەیەک سەبارەت بە دەستە سەربەخۆکان. ئەوە بوو بە پێی بڕیاری ژمارە (228/فیدراڵی) لە ساڵی 2006دا بڕیاری دا دەستە سەربەخۆکان (وەک بانکی ناوەندیی عێراق) سەر بە هیچ یەکێک لە دەسەڵاتەکانی دەوڵەت نین و خۆیان لە بەرامبەر ئەنجوومەنی نوێنەران بەرپرسیارن. پاشان هەمان دادوەرەکانی ئەم دادگایە بڕیارێکی تەواو دژ بە ئەمەیان لە ساڵی 2011 دەرکرد و، بڕیاریان دا دەستە سەربەخۆکان دەبێت سەر بە دەسەڵاتی جێبەجێکردن بن، بە پێچەوانەی ماددەکانی (102 و 103)ی دەستوور و، پێچەوانەی بڕیارەکەی خۆیان کە پێشتر ئاماژەی بۆ کرا، چونکە ئەوە خواستی سەرۆکی ئەو کاتەی ئەنجوومەنی وەزیران (نوری مالیکی) بوو.
- بڕیاری دادگای فیدراڵی 22/ فیدراڵی/ 2007 کە تایبەت بوو بە نادەستووری بوونی یاسای ژمارە 16ی ساڵی 2005ی هەڵبژاردنەکان، کە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ساڵی 2005ی بەڕێوە برد، ئەم بڕیارە ماددەی 15/دووەمی یاسای هەڵبژاردنەکان کە پەیوەست بوو بە میکانیزمی ژماردنی کورسیی تایبەت بە پارێزگاکان، بە نادەستووری لەقەڵەم دا، چونکە ماددەکە پێچەوانەی بڕگەکانی ماددەی 49/یەکەمی دەستوورە، بەڵام بڕیاریشی دا کە ئەم پێشێلکارییە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکان هەڵناوەشێنێت لەبەر ئەوەی هەڵبژاردنەکە بەپێییاسای ئیدارەی دەوڵەت بۆ ماوەی ڕاگوزەر ئەنجام دراوە! بەمجۆرە، دادگای باڵای فیدراڵی ماددەی 143ی دەستووری پێشێل کرد، کەیاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی بۆ ماوەیڕاگوزەری هەڵوەشاندەوە و لە ناوبژیوانیدا سەبارەت بەو هەڵبژاردنانەی دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامدران، پشتی پێی بەست.
- پەسەندکردنی دوو لێکدانەوەی دژبەر بۆیەک ماددەی دەستوور، وەک لە بڕیاری (2/فیدراڵی) لە ساڵی 2010 سەبارەت بە لێکدانەوەی ماددەی (76) سەبارەت بە کاندیدی گەورەترین فراکسیۆن بە ژمارە، دادگا گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی بەو شێوەیە لێکدایەوە کە ئەو فراکسیۆنە پەرلەمانییەیە لە دانیشتنییەکەمی خولی نوێی پەرلەماندا پێک دەهێنرێت و مەرج نییە فراکسیۆنی براوەی هەڵبژاردن بێت؛ کاندید دەبێت کاندیدی گەورەترینی نێوان ئەو دووانە بێت و بەمەش دادگا ئەو چەمکە دەستوورییانەی هەڵوەشاندەوە کە لە سیستمە پەرلەمانییە نەریتییەکاندا یەکلایی کراوەتەوە، وەک لە بەریتانیا و ئەڵمانیا، لێکدانەوەیەکی بۆ گەورەترین فراکسیۆن داهێنا کە لە بەرژەوەندی نوری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکات بوو. ئەویش لەڕێگەی ئەو لێکدانەوەیەوە خولی دووەمی بەدەست هێنا، گەرچی مالیکی لە فراکسیۆنی براوە نەبوو. پاشان دادگا گەڕایەوە و لێکدانەوەیەکی تەواو جیاوازی بۆ هەمان ماددە و هەمان بابەت لە شوباتی 2022، لەڕێگەی بڕیاری (9 و 10/ فیدراڵی) کرد.
- هەندێک دەسەڵاتی بۆ خۆی زیاد کرد و هەندێک دەسەڵاتی دیکەی هەڵوەشاندەوە بەبێ ئەوەی پاساوی یاسایی ڕوون بۆ ئەم کارە هەبێت. ئەوە بوو بڕیاری ژمارە 37/ فیدراڵی/ 2010ی دەرکرد و، تیایدا ڕایگەیاند کە دەسەڵاتەکانی بریتین لەو دەسەڵاتانەی لەیاسای ژمارە 30/2005دا هاتوون و ئەو دەسەڵاتانەشی کە دەستوور پەسەندیانی کردووە. پاشان، دەستبەرداری دەسەڵاتی بڕیاردانی لە تانەدانەکانی پەیوەست بە دەسەڵاتی دادوەریی کارگێڕی بوو، کە لەیاسای ژمارە 30/2005دا هاتووە.
- دەرکردنی دوو بڕیاری دژبەر سەبارەت بە دەسەڵاتی یاسادانان لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە. لە ساڵی 2011دا، ئەو دادگایە بڕیاری دا کە نابێت یاساکان بە پشتبەستن بە پێشنیارەیاسا دەربچن، بەڵکو تەنیا لە سەر بنەمای ڕەشنووسی یاسا دەردەچن کە بە دیاریکراوی دەسەڵاتی جێبەجێکردن ئامادەیان دەکات، واتە هیچ یاسایەک بەبێ ڕەشنووسی یاسا و هیچ یاسایەک بەبێ ڕەزامەندیی دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەرناچێت. چونکە، ڕەشنووسی یاساکان تەنیا لەڕێگەی دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە پێشکەش دەکرێن، بەم پێیە زۆر لەو یاسایانەی لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە دەرکرابوون هەڵوەشێنرانەوە و ئەنجوومەنی نوێنەران دەسەڵاتی نەما پێشنیارەیاسا بەبێ ڕەزامەندیی حکوومەت پێشکەش بکات، کە ئەمە سەیرترین بڕیاری لەم جۆرەیە کە بەهۆیەوە دادگای فیدراڵی بۆ ڕازیکردنی سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتە (نوری مالیکی)، ئەنجوومەنی نوێنەرانی لە کرۆکی دەسەڵاتی خۆی داماڵی. پاشان دادگا دیسان ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندەوە و لە ساڵی 2015دا بڕیاری دا دەسەڵاتی پێشکەشکردنی پێشنیارەیاسا بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران بگەڕێنێتەوە.
*دەرکردنی دوو بڕیاری دژبەر سەبارەت بەو لایەنانەی بۆیان هەیە داوای لێکدانەوەی دەستووری بکەن، ئەوە بوو لە ساڵانی 2011 و 2013دا داواکارییەکی بۆ لێکدانەوەیەکی دەستووری ڕەتکردەوە کە لەلایەن یەکێک لە نوێنەرانەوە پێشکەش کرابوو و، ئاماژەی بەوە دا هۆکاری ڕەتکردنەوەکە ئەوەیە کە (داواکاردنی لێکدانەوەی دەستووری) دەبێت لەلایەن سەرۆک کۆمار،یان سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، یان یەکێک لە دوو جێگرەکەی، یان سەرۆکوەزیران یان یەکێک لە وەزیرەکانەوە پێشکەش بکرێت، چونکە تەنیا ئەوان مافی داواکردنی لێکدانەوەی دەستوورییان هەیە. بەڵام لە ساڵی 2017دا خۆی بڕیارەکەی پێچەوانە کردەوە و داوایەکی لێکدانەوەیی دەستووریی ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی قبووڵ کرد.
- دەرکردنی بڕیار لە دژی خواستی هاووڵاتیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی. ئەوە بوو دادگا بڕیاری (119/ فیدراڵی)ی لە ساڵی 2016ی دەرکرد و جێگرانی سەرۆک کۆماری (لەوانە نوری مالیکی)ی گەڕاندەوە، کە بە بڕیارێکی سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتە حەیدەر عەبادی لە کارەکانیان دوور خرانەوە، کە سەرۆکوەزیران لە بڕیارەکەیدا بەدەنگ خۆپیشاندانە جەماوەرییە بەرفراوانەکانی ئیدانەکردنی گەندەڵی سیاسییەوە هاتبوو، بڕیارەکەی دادگا لە کاتێکدا هات کە بە تواناسازییەکی سیاسی بۆ ئەو سیاسەتمەدارانە دادەنرا، سەرەڕای ئەوەی بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران لەو کاتەدا لەڕوانگەی دەستوور و یاساوەڕەوا و دروست بوو.
*دەرکردنی بڕیاری تەواو دژبەر لە سەر لێکدانەوەی دەستەواژەی ناوچە جێناکۆکەکان لە ماددەی 140. یەکەم بڕیاری (11/فیدراڵی) لە ساڵی 2013 ئەوە بوو کە دەربڕینی بۆچوون لە سەر ناوچە جێناکۆکەکان لە پسپۆڕییەکانی ئەو نییە. بەڵام گەڕایەوە و لێکدانەوەیەکی تەواو سیاسیی لە بڕیاری ژمارە (113/ فیدراڵی) لە تشرینی دووەمی 2017دا خستەڕوو و هەموو ئەو لێکدانەوانەی بەلاوە نا کە لە ساڵی 2004ەوە پەسەند کرابوون و ناوەڕۆکی ماددەی 140ی پووچەڵ کرد، بەو پێیەی چەمکێکی خستەڕوو کە پێچاوپێچ بوو و تەواو جیاواز بوو لەوەی لە ماددەکەدا هاتووە و ناوچە جێناکۆکەکانی بەم شێوەیە پێناسە کرد “ناوچە جێناکۆکەکان ئەو زەوییانەن کە لە 19ی 3ی 2003دا لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوە دەبران”، بەڵام دادگا دوای نزیکەی سێ مانگ و نیو بە تەواوی بڕیارەکەی پێچەوانە کردەوە و بڕیاری دا کە “ناوچە جێناکۆکەکان ئەو زەوییانەن کە لە 19ی 3ی 2003دا لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوە نەدەبران و ئەو ناوچانە دەکەونە پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر، سلێمانی، کەرکووک، دیالە و نەینەوا”. بەم شێوەیە دادگای فیدراڵی بە پێی سروشت و گۆڕاوەکانی ململانێ سیاسییەکان هەڵوێستی تەواو سیاسیی گرتەبەر. - دەستوەردانی ئاشکرای لە کارلێک و دانوستانە تەواو سیاسییەکان سەبارەت بە پێکهێنانی حکوومەت لە دوای هەڵبژاردنی پێشوەختە لە ئۆکتۆبەری 2021، لەمڕووەوە چەندین بڕیاری دەرکرد کە بەهۆیانەوە باری لاری هەندێک هێزی سیاسیی لە سەر حیسابی ئەوانی دیکەڕاست کردەوە، بەم شێوەیەی خوارەوە:
- بڕیاری ڕەتکردنەوەی کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان، هۆشیار زێباری، لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی ڕزگاریی نیشتمان، بەبێ پاساوی یاسایی دروست، بە قازانجی هێزەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی.
- داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی ڕەت کردەوە، کەڕەوتی سەدڕ و لایەنە سیاسییە سەربەخۆکان لە (7ی ئەیلوولی 2022) پێشکەشیان کرد. بە بیانووی ئەوەی “پسپۆڕیی ئەو نییە”، ئەمەیش لە بەرژەوەندی هێزەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بوو. بەم جۆرە نەریتێکی یاسایی نوێی چەسپاند کە دەڵێت پێشێلکردنی بڕگەکانی دەستوور هیچ سزایەک بەدوای خۆیدا ناهێنێت.
*لێکدانەوەی بۆ نیسابی یاسایی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، کە گوتی پێویستە ئەنجوومەنی نوێنەران بە ئامادەبوونی دوو لە سەر سێی ژمارەی ئەندامەکانی کۆ ببێتەوە. - بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکوک- گەرمیان