هاودەنگ فاروق
پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنگرەی ۱٤، لەبەر ڕۆشنایی ڕێنمایی سەرۆك بارزانیدا، دەرگای وتوێژی بنیاتنەرانەی خستۆتە سەرپشت و، لەڕووی دەرونی و سیاسییەوە ئامادەیە بۆ پێكەوە كاركردن لەگەڵ هەموو لایەنەكان، بەتایبەتی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانیدا.
ئێستا تۆپەكە لەگۆڕەپانی یەكێتیدایە.
لەدوای سەردانەكەی شاندی باڵای پارتی بۆ سلێمانی و كۆبوونەوەی لەگەڵ مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بۆ یەكاڵاكردنەوەی كێشە و دۆسیەكان، دەپرسین: ئایا ئەمجارە یەكێتی لەسەر قادرمەكان دێتە خوارەوە بۆ یەكهەڵوێستی و پێكەوە كاركردن؟ یان بە هەوای ئەجێندای دیكە دێتە پێشەوە؟
پارتی و یەكێتی، وەك دوو هێزی سەرەكی حوكمڕان، دەبێ بەكردەوە ڕێگای چارەی ئاشتیانە و دیموكراتیانە و یەكترقبووڵكردن هەڵبژێرن، ئامادەبن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، چونكە جگە لەوە، هیچ ڕێگایەكی دیكە نییە، تا كوردستان بگەینێتە كەناری ئارام و پارێزراو.
دەبێ وەك دوو حزبی خاوەن ئەزموون و مێژوو، بە سیاسەتێكی واقیعییانە ڕوبەڕوی تەنگژەكان ببنەوە، گرنگترین خاڵی هاوبەشی نێوانیان، پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و پێشخستنی حوكمڕانی و باشترکردنی ژیانی خەڵك و سفركردنەوەی كێشەكان بێت، جگەلەوەی پێویستییەكی هەنوكەیی كۆمەڵگەی كوردستانە، لەئاستی ململانێكانیش لەعێراق، پارتی و یەكێتی وەك یەك تیم پێكەوە بچنە بەغدا، وەك یەك تیم دەست بۆ كارتەكانی كورد ببەن
بۆ یەكلاییكردنەوەی ململانێكان لەگەڵ بەغدا.
هەرێمی كوردستان یەك حكوومەت و قەوارەی سیاسی و دەستورییە، ناكرێت وەك دوو یەكەی سیاسی لەگەڵ بەغدا مامەڵە بكات. چونكە نە لۆژیك ڕێگە بەوە دەدات، نە دەستور و نە دۆستەكانی كوردیش ڕێگەخۆشكەردەبن بۆ ئەوەی كورد وەكو دوو دەستە و دوو تیمی جیاواز مامەڵە لەگەڵ بەغدا بكەن. مێژووی ئەم میڵەتە لەم چركەیەدا ڕاناوەستێت، بەڵكو درێژدەبێتەوە بۆ قووڵاییەكانی ئایندە، نەوەكانی داهاتوو چاوەڕوانیی و ئومێدیان لە پارتی و یەكێتی هەیە، ئەوانیش پێداویستی و ئاتاجی كوردانەی خۆیان هەیە، هەر جوڵەیەكی ئێستا كاریگەری لەسەر ئایندە و نەوەكان دەبێت، پارتی و یەكێتی
پێویستە لەم سۆنگەیەوە وریابن و، لەئێستاوە پلانێكی نەتەوەیی و نیشتمانی و پێكەوەیی بۆ ئەوانیش دەستەبەربكەن.