سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

لە‌ ھە‌كبە‌ی بیرە‌وە‌ریمدا گێڕانە‌وە‌یە‌ك بۆ نە‌وە‌ی ئێستاودادێ..!

ئه سعه د عه دۆ

هەرچەندە دەمێكە خولیای خوێندنەوە ، نووسین و گەڕیدایەتیم ، بەزێدە حەز لە كۆكردنەوەی زانیاری دەكەم ، گەلێجار بە هۆی ئەو زانیارانە سەری مەجلیسان دەگرم و دەبمە میركوڕی شه وچه ره كان
بە دەست خۆم نیە مەشرەبی من دەگەڵ ئەو خەڵكانە
ناگونجێ كە حەز بە رابردوو ناكەن یان هیچ لە رابردوو نازانن ! بە تایبەتی ئەو خەڵكانە كە لە ناپووتی خۆیاندا رابردوو بە هەموو سەرفرازیەكەوە تیروتوانج باران دەكەن ! ئەوانە بە نەیاری خۆم دەزانم ، لەبەر هەندێ به شانازیه وه دەگەڵ بیروبۆچوونیان دەجەنگم !
من حەز لە هەموو شتێكی رابردو دەكەم ، دانیشتنی جوامێران مەستم دەكات ، جاران بە سەربردەی (چەتۆی فەرعۆ ، ئەحمەدێ ئیسكان ، فلیتی قوتۆ) سەرسام دەبووم ، لە دوای گێڕانەوەی سەربردەكان لەوكاتەی سەرم دەخستە سەر سەرین بە خۆزگەی ئەو سوارچاكانە نووقمی شیرینە خەو دەبووم ،
كەچی چەندین ساڵه حەز بە خزمەتكردنی ئەو كەسانە دەكەم كە تا دوێنێ گیان لەسەر دەست بوون بۆ ئەم كوردستانە ، پاسەوانی سەنگەری مان و نەمانی كوردستان بوون ، پاڵەوانی داستانە یەك لە دوا یەكەكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوون بە عیشقەوە گوێ بیستی سەربردەكانی (عوزێر دۆلەمەری) لە شەڕی (بارزان) و (حمەدەمین میرخان) و شەڕی (مرێبا) و (حالی دۆلەمەری) و تۆپەكانی شۆڕش لە (خواكورك) و(عەمەراغا) و شەڕی (ماخۆبزنان) و (عیزەدین محەمەد قەرە)و شەڕی (قادراوە) ی ، نزیك (سەنگەسەر) دەبووم ، سەربردەی شەهیدبوونی (عەلی سەلیم باجلۆری) لە (خواكورك) سەرەتای حەفتاكان و برادەرایەتیمان وەبیردێنێتەوە ، شەهیدبوونی (محمەد صالح بۆتی) نوێ زاوا لە شەڕی (كانی ماسێ) ئۆقرە لە مرۆڤی كورد هەڵدەگرێ ، بۆ چ میڵه تێك سه رگوزشته یه كی وه ك سه ربرده ی تراژیدیای شه هید(حجی قادۆ) هه یه كه له ساڵی(۱۹۲۸)له دۆڵی (خه نووكا) له ژێر دارسێوێك له دایك بێت و له۱۹۷۷/٥/۲٦ له شه ڕی(بێلمبیرێ) شه هید بێت و له هه مان دۆڵ و ژێردار سێوه كه بنێژرێ ؟!
شادومان ده بم بۆ تۆڵەكردنەوەی شەهید (عەبدولعەزیز ئامێدی) بە سووتاندنی وێستگەی كارەبای (ئامێدی) رۆحی بەرخودان دەخاتە گیانی مرۆڤی كورد ، سەرگوزشتەی شەهیدبوونی (سیامەند ، مەلكۆ ، نووری حمە عەلی ) لاپەڕەیەكی قێزەوەنی مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی كوردە من بە ئەشقەوە گوێ لەو ماجەڕایانە رادەگرم ، لە گێڕانەوەی خۆمدا رۆحێكی دیكە وەبەر ئەو سەربردانە دێنم تا ئەوكاتەی پاڵەوانی هەر یەك لەو داستانانە دەكەمە هاورۆحی كوڕگەلانی شەوچەرەكەم ، بە دوو دڵۆپە فرمێسكی گەرم ، بە سەت حەیف و مخابن ، بە دەك لە بۆت نەمێنم بە هەی لە باوكی منت كەوێ زیندوویان دەكەمەوە ، لە خەڵكی ئەمڕۆی كوردستان دەگەینم كە ئەم رۆژەی ئێوەی تێیدان لە سایەی خوداو خوێنی ئەو شەهیدە نازدارانەن بۆیە پێویستە لەكاتی خوێندنەوەی ئەم چەند دێرە هەر یەك لەلای خۆیەوە ده ست له سه ر سینگ كەمێك سەر بۆ ئیجلالی شەهیده كانمان بچەمێنتەوه !