سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

وە‌ك حە‌لیمە‌..عادت دادگای فیدراڵی عێراق الی عاداتھا القدیمە‌

د.محمد خدر مولود

چاودێرانی سیاسی و سیاسەتمەدار و دەستەبژێرانی نێو کۆمەڵگا و ئەو بەڕێزانەی لە نزیکەوە ئاگاداری بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراقن، هەر لە بڕیاری دژ بە کاندید بوونی هۆشیار زێباری بەربژێری هەرە کاریگەر و بەهێز و سیاسەتمەداری ناوداری کورد بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار و دواتر بڕیاری دژ بە یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستانەوە تا بڕیاری ڕۆژی چوارشەممەی ٢٥-١ کە بە بڕیاری هەڵوەشانەوەی ناردنی بڕی(٤۰۰) ملیار دینار ناوزەدکراوە. ئەو بڕیارە ی ڕۆژی چوارشەممە هیچ کامێک لە توێژی چاودێران ودەستەبژێران و سیاسەتمەدارانی تووشی سەرسوڕمان و ڕووداوێکی لە ناکاوی چاوەڕوان نەکراو نەکرد . بەپێچەوانەوە بەڵکو لە هەرێمی کوردستان بە گشتی و لە نێو ناوەندەکانی توێژینەوە و بەدواداچوونی سیاسیی ولێکۆڵینەوەی ئەکادیمی ومێدیایی بەتایبەتی ئەو تێگەیشتن وبۆچوونەی لە مەڕ ئەم دادگا یە هەیە بەم جۆرە گەڵاڵە بووە :
تا ئەو وڵاتەی ناوی (عێراق– بلد نیفاق) ە، خاوەن هزرو تێڕوانینی
تۆتالیتاری و شۆڤینی بێ و خودان (حەشد ومەشد) وپەرلەمانتاری هەڵگری ئەجندای دەرەکی وەک (سنێد ومنێد وبۆرە و مۆرە) بێ، حاڵی پاتەختەکەی بەغدای (باغ وباغات و باخچەی پشتەوەی تاران ) ی لەوە باشتر نابێ و بۆهەولێر بەغدا هەر (کچە هەتیم چەی – عادت حلیمە الی عاداتە القدیمە ) ی یاسینی گۆلکێیە .
دوای دەرچوونی ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی گەر دوژمنانی هەولێرو پارتی
دیموکراتی کوردستان، پێی بەختەوەرو کەیفسازبن و کەیفیان بەخۆیان بێ و ئەو بڕیارەی بەغدا بە سەرکەوتنی دادوەری وپیادەکردنی یاسا وڕێگری لە گەندەڵی و بە فیرۆدانی پارەو سەروەت و سامانی گەلانی عێراقی تێ بگەن، وەک سنێدومنێد و بۆرەو مۆرە وایان لێک دابێتەوە، ئەوا دیوەکەی تری کە
ڕووی راستەقینەی بابەتەکە یە بەم جۆرە خوێندنەوەی بۆ دەکرێ : بابەتێکی سیاسیی مەبەستدارە و ئەجندایەک لە باگراوەندەوە وەک کەیسێکی سیاسیی بە ناوی دادوەری و یاسا و پارێزەری دەستوورەوە دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەزموونی خۆڕاگری وسەرکەوتوویی حوکمڕانی کوردی وهەروا دژی هەولێرو پارتی دیموکراتی کوردستان دەجولێنرێت .
یا بەواتایەکی تر، خودی دادگای فیدراڵی ئامێرێکی سیاسیی مەبەستداری دەستی خودان ئەجنداکانە لە کاتە پێویستەکان دا دەهێندرێتە سەر تەختەی شانۆی سیاسی و نمایشە مەبەستدارەکەی پێ دەکرێیت .
هەمدیس وای دەخوێنینەوە، ئەم بڕەیارە لە کات وساتێکدایە پرۆسەی
پێکهێنانی حکومەتی شیاع سوودانی دەخاتە بەردەم تەنگژە و بێ متمانەیی سیاسیی وهەموو ئەوکەشە ئەرێنی و زەمینەسازی وخاڵە پۆزەتیفانەی کە هەولێر بۆ بەغدای دەستە بەر کرد تا حکومەتی پێ دامەزرا هەمووی هێنایەوە خاڵی سەرەتا وهەولێری بێ منەت کرد لەو هەموو ئەو هەوڵ وکۆششانەی کە بۆ مەبەستی دامەزراندنی حکومەتە با بردەڵەکەی بەغدایێ، فریادڕەسانە هەنگاوی بۆنا ودایمەزراند .
با ئەودڕکەی بەغداش لە پێی هەولێر ڕاچێ، دڵنیاین دەرهێنانی ئەو دڕکەش ئاسانە و ئەو بڕیارە دادوەرییە بە ڕەنگ و ڕووی سیاسییە ئەجندەییەش لێکەوتەی سیاسیی ئەوەندە مەترسیداری لێ ناکەوێتەوە.
چونکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان خاوەن ئەزموون و بەخششی مەزنتری نەتەوەین وخاوەن سەرۆک و رابەر و فریادڕەسی ژیرو دانای وەک سەرۆک مەسعود بارزانی یە و بارزانی هەیە . هەمیشە ئەو ڕابەرە مەزنە فریادڕەس وخاوەن سەبری ئەیوبە، ئاڵنگاری وکێشە وگرفتەکان دەبوارێنێ و بەسەر ستەم و ئاستەنگەکانیشدا سەردەکەوێ ولە کۆتایش دا هەر کوردو کوردستانییانن تێرتێر لە ناخەوە بە بەغدا پێدەکەنن .
بەغدای دادگای فیدڕاڵیش نەک هەروەک خاتوو حەلیمە دەگەڕێتەوە سەر عاداتی قەدیمە، بەڵکودەبێتە بەشێک لەو مێژووە کرێتە وناوی دەچێتە ڕێزی ( محاکم تەفتیش ودادگای مەکارسی و مەحکەمەی سەورە ی عەواد بەندەرەوە ) .