دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

چۆن فرە‌بازنە‌یی گورز لە‌ نە‌تە‌وە‌ی كورد ئە‌دات؟

مەشخەڵ كەوڵۆسی

سیستەمی فرەبازنەیی بۆ هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان، ئەگەر سودێكی هەبێت، بێگومان لەچەندین ڕووكاری ترەوە زیان دەدات لە نەتەوەی كورد و لەبنەچەوە گورز لەپێكهاتن وكامڵبوونی نەتەوە دەدات. ئەگەرچی پاساودانی ئەم بۆچوونە و تەسویقكردنی كەمێك قورسە، بەڵام ئەگەر بە ئەقڵێكی كراوەو، سایكۆلۆژیایەكی هێمنەوە وتوێژی قووڵی لەسەر بكەین، ڕەنگە بتوانین هەموو ڕەهەندەكانی ڕوون بكەینەوەو، مەقبولیەتێكی باشتر و گونجاوتری بۆ بدۆزینەوە. لەسەرەتادا دەبێ پرسیار لەجەوهەری ئەو بۆچوونە بكەین و بڵێین: بۆچی و لەكوێدا و بەچ جۆرێك سیستەمی فرەبازنەیی زیان
دەدات لەپێكهاتە و كامڵبوونی نەتەوەی كورد؟.
بۆ ڕوون بوونەوەی ئەو گرێیە و نزیككردنەوەی وێنەكە لەهزری
خوێنەر، بە جۆرێكی سادە و بێ گرێوگۆڵ وەڵامی پرسیارەكە بەم جۆرە دەدەینەوە:
لەبەرئەوەی كورد دەوڵەتی نیە، لەهەموو چركە و قۆناغ و جوڵەیەكیدا، پێویستی بە هەستی هاوبەش هەیە. بەمانایەكی تر: یەكێك لە خەسڵەتەكانی نەتەوە خاوەن دەوڵەت و ستانداردەكان ئەوەیە هەستی هاوبەشیان هەیە بۆ هەموو دیاردەكانی ژیان. بەرانبەر بە دۆستەكان و دوژمنەكان هەستی هاوبەشیان هەیە! بۆ مەترسییەكان و دیاردەكان هەستی هاوبەشیان هەیە، تەنانەت بۆ بۆنە و یادەكانیش هەستی هاوبەشیان هەیە.
لەتانوپۆی نیشتماندا، یەك هەستی هاوبەش هەیە بۆ زەرورەتی
دروستكردنی دەوڵەت! بۆ هەڵایساندنی شۆڕش، بۆ گۆڕانكاری و چاكسازی، تاكەكان لەم ڕێگەیەوە تادێ نزیكتردەبنەوە لەیەكتر. خەمەكان و هیواكان لەتانوپۆی وڵاتدا یەك جۆرن!.
ئێمە بۆیە دەوڵەتمان نیە چونكە هەستی هاوبەشمان نیە بۆ زەرورەتی دروستكردنی دەوڵەت. ڕەنگە دەڤەرێك بەگرنگی بزانێت و قوربانی بۆ بدات و بیكاتە تاكە ئامانجی سیاسی خۆی، بەڵام خەڵكی دەڤەرێكی تر هیچ گرنگییەكی پێنەدات و ئەسڵەن گاڵتەیشی پێ بكات!.
بۆ ئێمە یەكەم پڕنسیپ ئەوەیە بتوانین هەستی هاوبەش بۆ
هەموو كورد دروست بكەین. سەبارەت بەهەموو كێشەكان خەیاڵی هاووڵاتییان لەیەكتر نزیك بكەینەوە. هاووڵاتییەكی هەڵەبجە نزیك بكەینەوە لە هاووڵاتییەكی زاخۆ. لەخەیاڵدان و ڕوانین بۆ كێشەكان و لە پێشنیارەكانی چارەسەر و لەیەكتر نزیك بن و، هەست بەئازار
و خواستەكانی یەكتر بكەن.
ئەمە سیحری ئەوەیە كە دەبینین، نەتەوە خاوەن دەوڵەتەكان
بەردەوام كاری لەسەر دەكەن. ڕێگەی ئۆتۆبان و شەمەندۆفێر و هێڵی فڕۆكە لەنێوان شارەكاندا دروست ئەكەن، بۆئەوەی تێكەڵاوبوون ئاسان بێت لەنێوان ناوچەكاندا. لەوەدا لەڕووی فەرهەنگی و سیاسی وئابووری و كامڵبوونی خەیاڵی نەتەوەییشەوە سودی پلەیەكی دەبێت.
سیستەمی فرەبازنەیی وادەكات، خەڵكی ناوچەكانی كوردستان،
تەنها و تەنها خەیاڵیان لای ناوچەكانی خۆیان بێت. دەنگدەرێكی شارباژێر هەست بە موعانات و خەون و خولیاكانی دەنگدەرێكی ئاكرێ نەكات! تەنها فۆكەسی لەسەر كێشەكانی ناوچەكەی خۆی بێت و، هیچ بایەخ نەدات بەوەی بەرنامەی كاندیدی ناوچەیەكی تر چییەو، بەو جۆرەش هەموو هەوڵێك بۆ دروستكردنی هەستی
هاوبەش پووچەڵ دەبێتەوە.
ئەگەر ئەو سیستەمەش ببێتە جێگیر و لەهەموو هەڵبژاردنێكدا كاری پێ بكرێت، ئەوا بەتەواوی خەڵكی دەڤەرەكانی كوردستان لەیەكتر دوور دەكەونەوە.هیچ هەستێكی هاوبەشیان بۆ كێشەكانی یەكتر نابێت، بەربەستی نێوانیان ڕەهەندێكی تریش وەردەگرێت. ئەوجا بەبیانوی بەڕێكردنی پرۆسەی هەڵبژاردنێكی كاتییەوە، گورزێكی گەورە لەبونیادی نەتەوەی كورد دەدرێت.