له‌ هه‌كبه‌ی بیره‌وه‌ریمدابێشه‌ بۆ گشت خه‌باتگێڕان

ئه‌سعه‌د عه‌دۆ
كۆمه‌ڵگای جارانمان ، كه‌ مۆدێرخوازانی ئێستا پێی ده‌ڵێن : كۆمه‌ڵگای دواكه‌وتوو ! بۆ بێكه‌سان و كه‌مده‌رامه‌تان سیسته‌می بێشه‌ ، زباره‌ ، شیوه‌ هه‌ینیانه‌ ، چێشته‌ غه‌ریبانه‌یان‌ هه‌بوو ! تا ئاستێكی باش گیروگرفته‌كان له‌نێو كۆمه‌ڵگا كه‌مده‌بوو
ئێستایش هێندێك وڵات هه‌ن به‌ نموونه‌ وڵاتی (كوێت) ئه‌گه‌ر هه‌له‌ نه‌بم رێژه‌ی(5%) له‌ داهاتی نه‌وت ده‌خه‌نه‌ نێو صندوقێكی تایبه‌ت ، وه‌به‌رهێنانیشی پێده‌كرێ بۆ نه‌وه‌ی دادێی وڵات ! هه‌روه‌ها ئیماره‌تی( دوبه‌ی)به‌بڕیار ده‌رهێنانی نه‌وت وفرۆشتنی بۆ قازانجی نه‌وه‌ی دادێی راگرت !
ماوه‌یه‌كه‌ تاكی‌ كۆمه‌ڵگای خۆمان له‌رێگای سۆشیال میدیاوه‌ ناوله‌پی خۆیان بۆ ناگوزووری توێژی پێشمه‌رگه‌ ، هونه‌رمه‌ندان ، رۆشنبیران به‌ گشتی ، وه‌رزشكاران لێكده‌دا كه‌ ئه‌وانه‌ رۆژانێك بۆ وڵات گیان له‌سه‌ر ده‌ست بوون هه‌روه‌ها مۆم ئاسا بۆ به‌رز ڕاگرتنی كه‌رامه‌تی میلله‌ت تواونه‌ته‌وه‌
بۆیه‌ پێویسته‌ ده‌سه‌ڵات بۆ هاریكاری ئه‌و توێژانه‌ سوود له‌ بیرۆكه‌ی دوێنێی كۆمه‌ڵگا وه‌رگرێت یان سیسته‌مێكی دیكه‌ی مۆدێرن‌ پراكتیك بكه‌ن به‌نموونه‌ : وابزانم سیسته‌می چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌ندروستی له‌ هۆڵه‌نداو وڵاتانی ئه‌سكه‌ندنافیا به‌رچاوترینیانه‌ له‌به‌رهێندێ هه‌موومان به‌ خۆزگه‌ی ئه‌وه‌ین ئێمه‌یش بگه‌ینه‌ ئه‌و قۆناغه‌ی ئه‌وێ !
بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر له‌بیرۆكه‌ی نووسینی ئه‌م گۆشه‌یه‌م هاوبه‌ش بێت ده‌مه‌وێ سه‌ربرده‌و هۆكاره‌كه‌ی بۆ باس بكه‌م : كاتێ شه‌هید(حسن نجار)وه‌به‌ر لێبوردن كه‌وت بێ ئه‌وه‌ی یه‌كتر بناسین هاته‌ تۆمارگای(كورده‌واری)و خۆی به‌ من ناساندو گووتی : براده‌رانی پارتی له‌نێو به‌ندیخانه‌ی(بادۆش) حه‌زده‌كه‌ن بتبینن ، چونكه‌(حسن علی خه‌نجه‌ر)وێنه‌یه‌كی تۆی گه‌وره‌ كردوه‌و له‌ قاوشی پارتیه‌كانی هه‌ڵواسیوه‌ !
به‌هاریكاری(دایكی فه‌لاح)گه‌یشتمه‌ ناو به‌ندیخانه‌ ، سه‌ره‌تا سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌رم كردو پێناسه‌ی رۆژنامه‌گه‌ریم نیشانداو مۆڵه‌تم وه‌رگرت ئاهه‌نگێكی خنجیلانه‌ بۆ مێژوو له‌نێوان چوار دیواری حه‌وشه‌ی به‌ندیخانه‌ی(بادۆش) تۆمار بكه‌م !
ئه‌و رۆژه‌ سه‌دای ژێی كه‌مانجه‌و ده‌نگی به‌گزاده‌(حسن خه‌نجه‌ر)به‌ ئاسمانی ناوچه‌كه‌دا وه‌ك هه‌وری به‌هاران لرمه‌وگرمه‌ی ده‌هات !
هه‌روه‌كو چۆن بۆ یه‌كه‌مجار ئاگری نه‌ورۆزمان له‌ ساڵی(1978) له‌ ناحیه‌ی (الغراف – ناصریه‌)گڕدا ، كارێكی ئه‌وتۆمان له‌(بادۆش)كرد ، تا زیندانیه‌كی سیاسی كورد مابێت باس له‌و ئاهه‌نگه‌ ده‌كات !
جاران پارتیه‌كان هۆگری گیانی به‌ گیانی یه‌كتربوون ، بۆیه‌ هه‌واڵی به‌رنامه‌ی (له‌كه‌له‌پووره‌وه‌)له‌نێو به‌ندیخانه‌كان ره‌نگی دابۆوه‌ هه‌روه‌كو چۆن به‌تانیه‌سوتاندنی (حسن خه‌نجه‌ر)بۆ گڕدانی ئاگری نه‌ورۆز ببوه‌ هه‌وێنی به‌رخودانی ناو سجن ! هه‌روه‌ها سه‌رده‌مانێك دروشمی :
( واهات رۆژی جاربه‌جار
ئه‌سیری ئه‌وڕۆ حسن نه‌جار )
ببوه‌ وێردی سه‌رزاری گه‌نجانی باداوه‌ ، دیانا ، سۆران ، سیده‌كان ! ئه‌وانه‌ هه‌مووی هۆكاربوون بۆعینفوانی گشت هه‌وادارانی پارتی و بارزانی ،
حسن خه‌نجه‌ری جه‌ڵته‌لێدراو ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ له‌ رۆژه‌ تاریكه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مدا به‌ زابتی ئیستخباراتی ده‌گووت : ئێوه‌ بوختانم بۆ هه‌ڵده‌به‌ستن كه‌ ده‌ڵێن : وێنه‌ی مسعود بارزانیمان له‌ژێر سه‌رینت دۆزیوه‌ته‌وه‌ ، ئه‌وه‌ سه‌رینی من نیة ! چونكه‌ وێنه‌ی بارزانی له‌نێو دڵمدا حه‌شاردراوه‌‌ !
حسن خه‌نجه‌ر شانازه‌ كاتێ نه‌واره‌كانی تۆمار ده‌كات پڕ به‌زار هاوار ده‌كاو ده‌ڵێ : ره‌حمه‌ت له‌ دایی و بابی دۆما ! سه‌ره‌ڕای ئه‌و ده‌رده‌سه‌ریه‌ كاكه‌ حسن هه‌ردوو قاچی كردۆته‌ قوربانی ده‌سكه‌وته‌كان ، ئه‌وه‌ته‌ چه‌ند رۆژێكه‌ حسن خه‌نجه‌ر به‌هۆی جه‌ڵته‌ كه‌وتۆته‌ سه‌رجێگا !
به‌و ئومێده‌ین حیزب به‌ هانای ئه‌و خه‌باتگێڕه‌و ئه‌وانی دیكه‌ش بێت ، پێشنیار ده‌كه‌م ده‌سه‌ڵات یان حیزب صندوقێكی تایبه‌ت به‌و شۆرشگێڕانه‌ دابمه‌زرێنێ