ئێزیدیایە‌تی و شنگال،لە‌ پرسێكی نێوخۆییە‌وە‌ بۆ بە‌ نێودە‌وڵە‌تی بوون

د. محمد خدرمولود

ڕۆژی پێنجشەممە ۱۹ی کانوونی دووەمی ۲۰۲۰۳ پەرلەمانی ئەڵمانیا بە زۆرینەی دەنگ کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزیدی بەجینۆساید ناساند. لە هەمان کاتدا وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، خاتوو ئەنالینا بێربۆرک لە بارەی ئەو بڕیارە گرنگ ومێژووییەی پەرلەمانی وڵاتەکەی گوتی: بڕیاری بەجینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش دژ بە کوردانی ئێزیدی تەنیا دروشم نییە، بەڵکو بۆ ئەوەیە دادپەروەری بەرقەراربێت و ببێتە پشتیوانییەکی مەزن بۆ گەڕانەوەی سەرفرازانەی ئێزیدییەکان بۆ سەر ماڵ و زێدی باوباپیرانیان. بە گشتی ئەم بڕیارە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ناوەندەکانی مافی مرۆڤی لە خەونی قووڵی پێشێلکاری مافی مرۆڤ و سەودای سیاسیی و بەرژەوەندخوازی، ڕاچڵەکاند.
هەڵبەتە ئەم بڕیارەی بەجینۆساید ناساندنی تاوانی کۆمەڵکوژیی
کوردانی ئێزیدی لە لایەن پەرلەمانی ئەڵمانیاوە بووە چوارەمین بڕیاری بەجینۆساید ناساندنی پەرلەمانی وڵاتانی ئەوروپی، هەرسێ بەجینۆساید ناسینی پێشووی پەرلەمانی بۆ ساڵی ۲۰۱٦ دەگەڕێتەوە کە پەرلەمانی فەرەنسا لەو ساڵەدا و پاشان پەرلەمانی بەلجیکا و پەرلەمانی هۆڵەنداش کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزیدیان بەجینۆساید ناساندووە.
ئێستا ئێزیدیایەتی و شنگال لە دوای بەجینۆساید ناسینی پرسی کۆمەڵکوژییان لەلایەن پەرلەمانی ئەڵمانیاوە لە ۱۹-۱-۲۰۲۳ دا هەست بە جۆرێک لە ئارامی دەروونی، دەروونە زامدار و جەستە ماندووەکەیان دەکەن و سێبورییان بەوە دێتەوە کە تا ئێستا لە نێو کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا وەک پرسی نەتەوەکەیان پشتگوێ و پەراوێز نەخراون.
ئاخر لە دێرزەمانەوە، کوردایەتی و ئێزیدیایەتی دوو لای هاوسەنگی ئەو هاوکێشەیە بووە کە هەردەم لە لایەن دوژمنانی نەتەوەکەمانەوە بە شێوەیەکی وەحشییانە کراوەتە ئامانج.
ئەم بەجینۆساید ناسینەی پەرلەمانی ئەڵمانیا دەنگێکی بەهێزی
دیکەیە دەچێتە پاڵ دەنگە بەهێزەکانی پەرلەمانی وڵاتانی فەرەنسا و بەلچیکا و هۆڵەندا و بەدڵنیاییەوە لە ئایندەدا دەنگی دیکەی بەهێزی پەرلەمانی وڵاتانی دیکەش بۆ خۆی دێنێتە دی و مسۆگەری دەکات. ئەو بەدەنگەوە هاتنە و ئەو بەجینۆساید ناسینەی پرسی کوردانی ئێزیدی، وەک خاتوو ئانالینای وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گوتەنی؛ بۆ بەرقەرارکردنی دادپەروەرییە لەو ناوچە هەڵایساوە ناسەقامگیرە بێ داد و دادوەرییە. هەروا پشتیوانییەکی بەهێزە بۆ گەڕانەوەی ماڵبات و خاوخێزانە ئاوارەکان بۆ زێدی باووباپیران و قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکە و ناچارکردنی حکوومەتی عێراق و هێزەکانی ناوچەکەیە بۆ ڕێزگرتن لە کوردانی ئێزدی و جێبەجێ کردنی ڕێکەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لە بارەی پرسی شنگال و گەڕانەوەی خەڵکە لێقەوماوەکە بۆ سەرماڵ و حاڵی خۆی.
ئێستا پرسی ئێزیدیایەتی و شنگال لە پرسێکی نێوخۆیی قەتیسماو
لە نێوان چەند هێزێکی خۆسەپێنەر و حکومەتی عێراقیدا، وا دەبێتە پرسێکی نێودەوڵەتی و بەهێز و بە پشتیوانی نێودەوڵەتییەوە دێتەوە بەرباس و خواسی سیاسیی و مافی پێشلکراو و دادپەروەری دەگەڕێنێتەوە بۆ خەڵکەکەی و شنگالی سەرفرازیش بە کوردانی ئێزدی ڕەسەن شاد دەکاتەوە.
لێرەدا جێگای خۆیەتی ڕۆڵی کارا و بەرپرسانەی بەڕێز نێچیرڤان
بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕزگارکردنی کچان و ژنانی ئێزدی لەدەستی داعش و پاشان هەوڵ و تێکۆشانی دیبلوماسییانەی لە نێوەندەکانی دونیا و وڵاتانی ئەوروپی دا بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەم پرسە بەرز بنرخێنین.
ئیتر وا پرسی ئیزیدیایەتی و شنگال لە پرسی ناوخۆوە دەبێتە پرسێکی نێودەوڵەتی و زۆرێک لە ڕوخساری شاراوەی پشت دەمامکەکانیش وردە وردە هەڵدەوەرێن.

ھەواڵی زیاتر