خەزێنە بۆ گیرفانی ئێوە و خۆڵیش بۆ ناو چاوی خەڵک!

هاودەنگ فاروق

سەرۆكی حكوومەتی کوردستان، لە ڕوانگـــەی بەرژەوەندیی گشـــتیی وڵاتـــەوە هەنگاوی نـــا و بە ڕێگای ڕاســـتدا ڕۆیشـــت، هیچ بڕیارێکی نەخستە تای تەرازووی خۆشەویســـتیی خەڵکانێکی بەرژەوەندیخـــواز و گەندەڵ، بەڵکو هەمـــوو هەنگاوەکانـــی بۆ خزمـــەت و بەرژەوەندیی باڵای گەلی کوردستان بوو.
‎لە وەها دۆخێكیشدا، بێگومان دەكەوێتە بەر تیر و توانجی ناحەزان و گەندەڵكارانی ناو ئەم حزب و ئەو حزب، هەموو ئەو كەس و لایەنانەی كە لە پرۆسەكانی چاكسازی زەرەرمەند دەبن و، وەكو جاران دەستیان بە خەزێنەی میللەت ناگا بۆ تاڵانكردن و تەخشان و پەخشانكردنی بەسەر دارودەستەكانیاندا.
هەموو ئەو كەس و لایەنانەی كە لە بنەوانەوە دەستی درێژیان بۆ سەر سامانی وڵات بڕاوە، كێچ كەوتۆتە كەوڵیان و بە ڕاست و چەپدا تیروتوانج لە سەرۆکی حکوومەت دەگرن؛ بەڵام مەسرور بارزانی ئەم بەرپرسیارەتییە مێژووییەی بۆ نیشتمان و نەتەوەكەی گرتووەتە ئەستۆ، نەك بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی ئەو كەسانەی كە ئێستا بەهۆی ڕێگەلێگرتنیان لە مشەخۆری كەوتوونەتە هات و هاوار و تیروتوانج.
‎هەموو ویژدانێكی زیندوو دەزانێت و دەرك بەوە دەكات كە توندكردنەوەی سیستەمی حوكمڕانی و قۆڵهەڵماڵین بۆ چاكسازی، وەختی زۆر و توانا و سەلیقە و لێبڕاوی دەوێت. بێگومان، زۆریش چاوەڕوانكراوە کە دوژمن و ناحەزەكانی ئەو چاكسازییە، هەراسان ببن و بیانەوێت خۆڵ بکەنە چاوی خەڵک.
‎لەسەرەتای دامەزرانی ئەم كابینەدا، كێشەی كۆرۆنا كە تەنانەت بۆ وڵاتانی گەورەی وەكو ئەمریكا و چین و یەكێتیی ئەورووپاش كارەساتهێن و لە ناکاو بوو، هیچكام لە وڵاتان ئەزموونیان نەبوو بۆ بەرەنگار بوونەوەی ئەو قەیرانە. بەڵام كابینەی مەسرور بارزانی، نەك تووشی شڵەژان نەبوو، بەڵكو بە توانا و متمانەیەكی زۆرەوە ڕووبەڕووی قەیرانەكان بووەوە، سەركەوتنیشی بەدەست هێنا. ئێستاش بارزانی بە هەنگاوی شێلگیرانە و مكووڕ، بە وردبینی و خوێندنەوەی دروست دەیەوێ مڵۆزمی گەندەڵی لە كۆڵ ئەو میللەتە بكاتەوە، بۆیە ئاساییە ئەوانەی وەكوو زەروو دەمیان ناوەتە خوێن و هەناوی خەڵكەوە، هاواریان بگاتە ئاسمان.

ھەواڵی زیاتر