حەیدەر عەبدوڵڵا
مرۆڤ، یان شاعیرە، یاخود شیعردۆست، سێهەمیان ڕەنگە دەگمەن بێت. پێشەوا شافیعی دژ بە شیعر گوتوویەتی: ئەگەر شیعر زیانی کەسایەتی بۆ زانایان نەبووایە، من لە “لەبید” شاعیرتر دەبووم. بەڵام وەک دەبینین ئەم جۆرە پاساوانە شافیعی لە شیعرنووسین ساردنەکردووەتەوە، بەڵكە هێندەی شاعیرێک، بگرە زیاتریش شیعری نووسیوە. شیعر، هەستە، چۆن دەکرێت مرۆڤ واز لە هەستی خۆی بهێنێت. خۆ دەکرێ دژی جۆرێک لە شیعر بوەستیتەوە، چەند شاعیرێك بسڕیتەوە، بەڵام نالوێ و نابێت هەموو شیعرێک ڕەتبکەیتەوە، چونكێ گەر وات كرد بەرەنگاری سروشتی خۆت دەبیتەوە.
ئەبوو قاسمی شابی دەڵێت:” شیعر زاری شعوورە، چریکە و هاواری دڵی خەمناکە”.
بەپێی پێناسەکەی شابی بێت، بەشێکی زۆر لەو نووسینانەی بەناوی شیعر دەنووسرێن، شیعر نین، بەڵکوو دەکرێ وەک هەواڵنامەی ڕۆژانە تەماشیان بکەین، کە هیچ هەستێکی جوان و وێنەیەکی شیعرییان تێدا نییە.
ەگەر شیعر کەمێکی بەهرە بێت، بەشە زۆرەکەی کنە و منەکردنە لەنێو زماندا.
خەیاڵی باڵا، زمانی باڵای دەوێت. هەموو مرۆڤێک هەستی هەیە، بەڵام کەمن ئەو مرۆڤانەی هەستی خۆیان بە زمانێکی جوان و بێگرێوگۆڵ دەگەیەنن. زمان لە هەموو بوارەكانی سیاسەت و ئابووری و كۆمەڵایەتی و مێژوو، ڕۆڵێكی بەرچاوی هەیە، بەڵام شیعر و ئەدەب بەبێ زمان نانووسرێت، بیرۆكەی جوان ناتوانێ پینەی كات.
دوای ئەوەی شیعری ئازاد بەربەستی کێش وسەروای تێكشکاند، خەڵکێکی زۆر بوون بە شاعیر و بە هەزاران دیوان چاپ کران، دەکرێ ئەمە نەزیفبوونی شیعر ناو ببەین.
لێتان ناشارمەوە بە بڕێك لە شیعری ئەو سەردەمە، سەروسەلیقەی خوێندنەوەم تێک دەچێت و میزاجی كوردەواریم لەبار دەچێت. دوێنێ شەو بەنێو دیوانە شیعرەكاندا گەڕام، بۆ یەکەم جار دیوانی مارف ئاغاییم بەناوی ” زەوی سەخت و ئاسمان دوور”م خوێندەوە، چێژی شیعری ئازادی، جارێکی دیکە بۆ گێڕامەوە.
مارف وەک ئەوەی بە کامێرەی وشەدانی دڵی، وێنەی ژان و ئازاری کۆمەڵگە بگرێت، ناخی پڕ ئازار و خەمناکی لەبەرانبەر ئەو هەموو بەدبەختییە هەڵدەڕێژێت:
ڕەشترین قولەی ئەفریقام
بۆچی بە من پێدەکەنی؟ خۆ ڕەنگم نا،
باسی بەختم دەکەم، بەختم!
تەنیاترین مرۆڤی نێو قەرەباڵخی ئەم دونیایەم، باسی ڕووحم دەکەم، ڕووحم.
دوای ئەوەی حاجی لەقلەقەكەی قەڵای هەولێر دەكوژرێت، چۆن مەعەڕی لە شینی كەڵەشێرێك، كە بۆ چاكبوونەوەی ئەویان كوشتووەتەوە، جەرگی دەبێت بوریان، هەرواش مارف لە شینی حاجیلەی هەولێر شین دەگێڕێت:
لای مرۆڤ هیچ،
لای باڵندەش ئابڕوومان چوو،
کاتێک حاجیلەی میوانی پەنا قەڵای هەولێرمان کوشت.
لای زیندوو هیچ،
لای کۆچکردووش ئابڕوومان چوو.
بەپێچەوانەی بەشێك لە شاعیرانی كورد، مارف زۆر بە ڕوونی دەردی گرانی براكوژی و خۆخۆریی كورد دەخاتە ڕوو، نایەوێ بە شانوباڵیاندا هەڵبدا، بەڵكوو زۆر بە تووندی سەركۆنەیان دەكات: کاتێک بە دەستی خوێناوی،
خۆمان پێشانی یەکەمین ئاوێنە دا.
لای ئەمڕۆ هیچ، لای سبەینێش ئابڕوومان چوو.
هەر تەنیا لای سبەی خۆمان نا، لای سبەی نەوەكانیش ئابڕوومان چوو، ئاخر شەڕ جگە لە وێرانە و تێكدانی باری دەروونی و پچڕاندنی شیرازەی كۆمەڵایەتی و پاساودان بە غەدر و تاوان، چیتر دەگەیەنێت؟ بەهۆی شەڕەوە دەیان باغی ئاواتی كورد وشكبوون، دەیان هیوا لە بێشكەی ئایندەدا سەریان بڕا.
چاومان پڕە لە کەلاک و دەستمان پڕە لە تاوان و دڵمان پڕە لە کەمین و گوێمان پڕە لە ڕەمزی شەڕ، هەر کەس لە دەروونی خۆیدا ڕووخاو، سەیرترین کەلاوەی سەر ئەم جیهانەین. دەبوو لە جیاتی ئەوەی شەڕ بۆ جوانییەكان بكەین، هاتین شەڕمان بۆ لەناوبردنی جوانییەكان كرد. ئێمە گەڵاین هەر بە سەوزی هەڵدەوەرین؛ مناڵین و هەر لە لاویدا پیر دەبین. یادت بەخێر مارف، بەڵێن بێت ئیتر سۆراغی نووسینەكانت بكەم و بەدوای شیعر و چیرۆك و نووسراوەكانتدا بگەڕێم.

