بیركردنە‌وە‌ی جیاواز و شێوانی ژیان

گوهدار شکری ئاکرەیی

لە بنەڕەتدا مرۆڤ بە کاری جەستەیی و کاری هزری هیلاک نەبووە، بەڵکو لە دێرزەمانەوە کێشەی هەرە سەرکی ناکۆکی و ململانێ و رکابەری خودی مرۆڤەکانە ژیانی ئێمەی شێواندووە، بەڵام لە هەر کات و سات و شوێنێکیش لە ڕادەیەک بووە. ئەمانەش هەمووی زیاتریان لەسەر ئەوە بووە، کە هەر شتێک لە بنەڕەتدا لەیەک سەرچاوە سەری هەڵداوە، کەچی بیر و هۆشی ئێمەی مرۆڤ، بەو تێگەیشتن و بەرژەوەندی و بیرکردنەوە جیاوازانەی، سەدان سەرچاوەی تری بۆ دەدۆزێتەوە! ئەمەش یەک لەو سەد هۆکارە سەرکیانەیە، کە بووەتە هۆی ئەوەی ئەم نشینگە زەمینیەمان کە لە توانای کەسدا نیە وەسفی بکات شێواندوومانە. هەر بۆ زیاتر بەرچاوڕوونی، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ناو نیو سەدەیەک بەر لە ئێستا، مرۆڤەکان وەک هەمان مرۆڤی ئێستا بوونە، خاوەن ئەقڵ و دڵێک بوونە، هیچی لە مرۆڤی ئێستا و سەرەتای دەستپێکی مرۆڤ، یا یەکەم مرۆڤ، نە کەمتر بووە، نە زیاتر بووە، بەلام ئەگەر تێبینیان بکەین زۆر بەسادەیی لە خۆیان تێگەیشتبوون، کەچی لەڕاستیدا ژیان هەندە سەخت بووە، کە کەمترین پێداویستی ژیان یان هەبووە، بە تایبەتی نان و ئاو، کە مافێکی سەرەکی هەموو مرۆڤێکە. بەڵام لەگەل ئەوەشدا، هەر مرۆڤێک بە مانا و ئامانجێک نەدەژیان، بەڵکو لەپێناو یەک ئامانج دەژیان، بیرکردنەوەی جیاواز یان هەندە زۆر نەبوو وەک ئێستا، زۆرینەی مرۆڤەکان، تەنیا ئامانجیان ئەوە بوو رەزامەندی خوا بەجێ بهێنن، لەو دنیای تر بحەسێنەوە، ئەوانەی بڕوایان بە خواش نەبایە، خوایەک، یا شتێکی پیرۆز یان بۆخۆیان دادەنا، لەیاساکانیدا دەر نەدەچوون، کەچی ئەگەر سەرنج بدەینە ئەم رۆژگارەی ئێستا، کە بەسەردەمی تەکنەلۆژیا ناسراوە، هەموو شتەکان زیاد لەپێویست بەردەستن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هەر مرۆڤێک لەپێناو ئامانجێکی دیاریکراو، واتە زیاتر بیرکردنەوەکانی لەپێناو خۆیتی و بە بیرکردنەوە و تێگەیشتنێکی ئاڵۆزی زۆر جیا لە یەکتر بڕیار دەدەن، هەریەک لە ئێمەش ئەوە باش دەزانێت، هیچ جارێک بڕیارە زۆر جیاواز و ئاڵۆزەکان، لە تێگەیشتنی باش نەبووە و لەپێناو خزمەت بە گشتدا نەبووە. بەپێچەوانەوە بڕیاری رای زۆر جیاواز، لێکەوتەو ناکۆکی و کێشمەکێشمی لێ سەرچاوە دەگرێت. هەروەک ژیانی ئێستای ئێمەی تیا ژیان دەگوزەرێنین، کەپرە لە کێشمەکێش و خراپی و تێکچوون و ژیانێکی ئاڵۆزی سەخت، کە دژایەتی جۆراوجۆر و فێڵ و درۆ، دەوری سەرەکییان هەیە و لە ژیانی مرۆڤەکاندا رەنگی داوەتەوە. جا لێرەوە رەنگە پرسیارمان بۆ دروست ببێت و بە خۆمان بڵێین هۆکار چیە، یا ئەو شتە چیە؟ بیرکردنەوەکانی ئەقڵ و هەستەکانی دڵی مرۆڤ دەگۆڕێت ئایا؟ ئەمانە هەمووی بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە، کە هەر مرۆڤێک شێوە ئەقڵێک و جۆرە بیرکردنەوەیەکی ئازادانە و خۆویستیەکی دڕندانەی هەیە. تۆش بڕوات وا نیە، ئەم هەموو بیرکردنەوە جیاوازانە و شێوە ئەقڵە جۆراوجۆرانە، تا لە سەرچاوەی شتەکان تێدەگەن و بەرژەوەندییان یەکلا دەکەنەوە، سەدان سەرچاوەی جیاوازی لێ دەکەوێتەوە. بێگومان لای هەموومان روون و ئاشکرایە، ئامانجی جۆراوجۆرەکان، مرۆڤەکان لەژێر یەک چەتری ئامانج کۆ ناکاتەوە بەڵکو دژایەتیی لێ بە بەرهەم دێت، ژیان دەشێوێندرێت، وەک ئەم سەردەمەی ئێستامان، کە زۆرینەی زۆری مرۆڤەکان لەجیاتی چێژ و خۆشی، بیر لە
مەرگ بکاتەوە.

ھەواڵی زیاتر