یە‌كدە‌نگی و كاریگە‌رییە‌كانی لە‌سە‌ر كۆمە‌لگا

عومەر چنگیانی

دوای ئەوەی لە یەکەم کۆبوونەوەی ساڵی نوێ٢٠٢٣دا ئەندامانی بۆردی باڵای ئامادەکردن و ڕێکخستنەوەی گوتاری هەینی باسکردن لە یەکدەنگی و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگا یەکێک بوو لە گوتارە پەسندکراوەکان و ئامادە کرا، ئێمەیش کردمانە توێشووی گوتاری ١٨٣مان لەسەر دوانگەی مزگەوتی خەدیجەکوبرا لە ٢٠ی جەمادی دووەمی ١٤٤٤ بەرانبەر بە ١٣ی ١ی ٢٠٢٣؛ لێرەدا پوختەیەکی دەخەمە بەردیدی ئێوەی بەڕێز:
بەرایی
لە نموونەهێنانەوە پڕلەوانەکانی قورئانی پڕ لە بەخششدا خوای گەورە لە بیستوچوار و بیستوپێنجەمین ئایەتی سوورەتی (ئیبراهیم)دا ڕووی گوتاری دەکاتە مسوڵمانان و لە خودی پێغەمبەردا دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت ڕەنگی دەداتەوە و دەفەرمێت: (ئەبینی و لەوە ئاگاداری و تێدەگەیت و بیری لێ دەکەیتەوە کە ئەڵڵا نموونەیەکی بەرجەستە دەخاتە پێش چاوان؟ بە لێکچواندنی وشەی جوان بە درەختێکی بەرداری بەهێزی فرە چڵوپۆپی خاوەن ڕەگوڕیشاڵی زۆری لەبنەنهاتوو کە ڕەگی بە ناخی زەویدا داکوتابێت و چڵ و لق و بەروبوومیشی هەر لە بڵندیدا بێت بەرەو ئاسمان و بە ئاسماندا هەڵکشابێت و، هەمیشە بەروبوومی خۆی بدات بە فەرمانی پەروەرێنی خۆی؛ ئەوها ئەڵڵا نموونە بۆ مەردمیەل تێرێتەوە سا بەڵکو بیر بکەنەوە). لێرەوە دەبێ بزانین پێویستیمان بە یەکدەنگی و یەکڕیزی هەیە لە رووی دینی و لایەنی نیشتیمانییشدا، بگرە پێویستیەکی هێندە مەزنە لە چەک و تانک و زرێپۆش پێویستترە، چونکە دەرەنجامی دووبەرەکێ بێ شک دۆڕان و لەناوچوونە.
یەکدەنگی لە بواری ئایینیدا
خودای باڵادەست یەکدەنگیی کردۆتە خەڵاتمان بە یەکتاپەرستی و یەکپەیامی و یەکپەیامبەری و یەکڕووگەیی و لە قورئانەکەیدا ناوی لێناوین مسوڵمان تاوەکو یەکدەنگ بین و لە دووبەرەکی بەدوور بین، وەک دەبینێن لە حەفتا و هەشتەمین ئایەتی سوورەتی (حەج)دا دەفەرمێت:
(لەپێناوی خودا بەڕاستەقینەیی ماندوو ببن و هەوڵ بدەن و خەبات بکەن، هەرئەوە کە ئێوەی جودا کردۆتەوە و لەنێو گەردووندا ئافراندوونی و ڕێزی لێ گرتوون و بە هیچ شێوەیەک لەو ئایینەی بۆی هەڵبژاردوون شتێکی لەسەر بەپێویست نەگێڕاون کە لەژوور توانا و ئاستی مرۆڤێتی و بەرگەگرتن و جێبەجێکردنیا نەبن! ئەمە میڵەتی ئیبراهیم و ڕێبازی نەبراوە و لەبن نەهاتووی ئێوەوە و خوا ئێوەی ناوزەد کردووە بە مسوڵمان ئەو کات و لەم دوایین پەیامەیشدا کە ناردوویەتییە خوارەوە مەبەستی خوا لەم یەکناوی و ڕێگای یەکخواناسی نیشاندانە ئەوەیە تا دوایین پەیامگەیێنی لەسەرتان ببێتە گەواه و ئێوەش ببنە گەواه لەسەرمەر دمیەل).
ئەرێ هەتا کەی خەریکی شەڕکردنین لەگەڵ یەکتری لەژێر ناو و ناوەرۆکی جیاجیا؟ نابینن مسوڵمانان بەهۆی دوورکەوتنەوەیان لە ئاڵای تەوحید لەژێر ئاڵا و بەیداخی جیاجیا خەریکی شکاندنی ملی یەکترن؟ ئەرێ کاتی ئەوە نەهاتوە شەرم دامانبگرێ ناومان مسوڵمانە و کەچی دووبەرەکی بۆتە کاڵای باڵامان؟!
یەکدەنگی لە بواری نیشتیمانیدا
لەم دوانگەی مزگەوتانەوە بە ئەرکی سەرشانی خۆمانی دەزانین کە ڕووی قسەکانمان ئاراستەی ئەوانە بکەین کە جڵەوی دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە و پێیان دەڵێین:
لایەنە سیاسەکانی کوردستان یەکدەنگ بن تاوەکو خاک و خەڵکتان نەدۆڕاندووە و لەدەستان نەداوە، هەمیشە بۆ بەرژەوەندی خاک و خەڵک هەوڵ بدەن و تێبکۆشن و یەکدەنگ بن، چونکە گورگی دژمنان هەمیشە چاوی تەماحی لەو مەڕەیە کە لە مێگەل دابڕاوە و پەلاماری دەدا و دەیخوا.
کاریگەرییەکانی یەکدەنگی لەسەر کۆمەڵگا
١/ یەکهەڵوێستی و یەکدەنگی و یەکڕەنگیی کۆمەڵگا و دووری لە جەهل و نەفامی و شەڕی فکری.
٢/ بەهێزیی کۆمەڵگا و نیشتیمان و دووری لە پەرتەوازەیی و هاتنەناوەوەی دژمن بۆ ناو کۆمەڵگا.
٣/ ژیانێکی پڕ لە ئاشتی و، سینەسافی بەرانبەر بە یەکتری لەناو تاکەکانی کۆمەڵگادا.

ھەواڵی زیاتر