كە‌ ستە‌م لە‌ دادوە‌ری دە‌كرێت

فازڵ میرانی

ئەوانەی سەر بە دەستگەی دادوەرین ”منیش یەکێکم لەوان” پتر لە هەمووان هەست بە شێوازی مامەڵە و کاری دادوەری دەکەن، ئیدی ئەگەر ئەو مامەڵە بەرامبەر بە داد کرابێت، یان لە لایەن دەستگەی دادوەرییەوە دەرچووبێت، ئاخر ئەوان ڕاستەوخۆ هەست بە کاردانەوەی بەرەنجامەکانی جێبەجێکردنی بڕیارەکانن بەرامبەر بە دژەکان. ئەمە بە شێوەیەکی گشتی، بەڵام بە تایبەتی، زۆرێک لەو دژانە بە هۆی فشاری سیاسییەوە پەک دەخرێن. ئەمە دیاردەیەکی سەلمێندراوە کە ڕژێمە حکومڕانەکان بە ئەندازەی توانا و کاریگەریی و ڕێبازی هزر و ڕەوتی دەسەڵاتیان، کار لە شێوازی کاری دادوەری دەکەن.
ڕەنگە ڕژێمەکان لە ترسی کاردانەوەی دەرەکی، نەوێرن ڕاستەوخۆ، لووت بژەننە ئاراستەکردنی کاری دادوەری، بۆیە ڕێرەوێکی پێشتر لە سایەی ڕێبازی سیاسی خۆیدا ئامادەکراو، بۆ شکاندنی شکۆی دادوەری دەخاتە گەڕ. ئەم کردارەش پێشتر جێبەجێ کراوە و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و ویستی ڕژێمەکە هەڵسوکەوت دەکات لەگەڵ شێوەی هەڵسەنگاندنی سکاڵا و دەستنیشانکردنی پارێزەر و کۆکردنەوەی بەڵگەنامە بۆ سەلماندنی تاوانبار یان بێتاوان بوونی تۆمەتبار. واتە جێبەجێکردنی سزای زیندانیی یان لەناوبردن، دەبێتە بڕیارێکی قانوونی ملکەچبووی سیاسەت.. دەبێ جیاوازی نێوان دادپەروەری و قانوون ڕوون بکرێتەوە، ئاخر زۆر مەسەلە قانوونین، بەڵام دادپەروەری نین.
ئایا ستەم لە دادوەری کراوە؟
وەڵام: بەڵێ
کاتێک ڕژێمەکان سنووری دادوەری دەبەزێنن، ئیتر ئەوە پێشێلکرنی دادوەری و بەزاندنی شکۆی پاشخانی ڕۆحی و عەقیدەیی و کەلەپووری ژیارییە. ئاخر دەستگەی دادوەری دادپەروەر، تەرازووی ماف و هەقی هەموو هاووڵاتێکی بێپشت و پەنایە. دادوەر تەنها لە چوارچێوەی کاری خوێدا هەڵسوکەوت دەکات، بەو مەرجەی ئەو چوارچێوەیە بە خراپی بەکار نەهێنێت و نەیکاتە هۆکاری ستەم لە هاووڵات.
ئەو ستەمەی لە دادوەری دەکرێت، بە خراپی پەل بۆ سەرپای جەستەی دەوڵەت و کۆمەڵگە دەکێشێت و بە تێپەڕبوونی ڕۆژگار، کاریگەرییەکەی دەردەکەوێت و خۆی دەنوێنێت. هیچ مرۆڤێکی تێگەیشتوو ناتوانێت خۆی لەو ڕاستییە نەبان بکات، کە کاتێک دەستگەی دادوەری بە مگێزی سیاسەتی ڕژێم ئاراستە بکرێت و بە خواستی سیاسی داد و بێداد دەستنیشان بکات، ئیدی شتێک بە ناوی داد و دادپەروەری مانایەکیان نامێنێنت.
ئەمڕۆ لە هەموو دەمێک زیاتر، پێویستە دەوڵەت ڕێزی ناوەرۆکی دادوەری بگرێت و پێداچوونەوە بە سەرجەم قانوون و شێوەی لێگەیشتنیان بکات، تەنها بەم کارەش ڕێڕەوی داد دەگەڕێتەوە سەر ڕچەی ڕاستەقینەی خۆی. ئەگینا وەک هەمیشە، دادوەری لە سایەی ڕژێمەکاندا نەزۆک و پەککەوتە دەمێنێتەوە.

ھەواڵی زیاتر