یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

بەڕێوەبەری سەركەوتوو لە قوتابخانە كێیە؟

م. محەمەدساڵح پێندرۆیی (جگەرسۆز)
بەڕێوەبەری سەركەوتوو دەبێ خاوەنی ئەم خەسڵەت و تایبەتمەندیانەی خوارەوە بێت:
پلان و ئامانجی هەبێ: دەبێ بەڕێوەبەری سەركەوتوو گشت ئامانجەكانی خۆی بەپێی پلان و بەرنامەیەكی تۆكمە و دوور لە میزاجی شەخسی جێبەجێ بكات.
هەست بە بەرپرسیارێتی بكات: بەڕێوەبەری سەركەوتوو دەبێ هەست بە بەرپرسیارێتی بكات و لە مەسئولیەت ڕانەكات.
دڵسۆز و خەمخۆر بێت: بەڕێوەبەری سەركەوتوو پێویستە دلسۆز و خەمخۆر بێت بۆ كارەكەی و گشت كار و ئەركەكانی خۆی بە جوانی و ڕێكوپێكی ڕایی بكات و دوور بێت لە هەلپەرستی و بەرژەوەندخوازی.
شارەزا و پسپۆڕ بێت: بەڕێوەبەری سەركەوتوو دەبێ لە كاروبارەكانیدا كەسێكی شارەزا و پسپۆڕ بێت، بۆ ئەوەی بتوانێت ئەركەكانی خۆی بەشێوەیەكی زانستیانە و پەروەردەییانە و بابەتییانە جێبەجێ بكات.
پێشەنگ بێت: پێویستە بەڕێوەبەری سەركەوتوو هەمیشە پێشەنگ بێت بۆ مامۆستایان و قوتابیان و فەرمانبەران، بۆ ئەوەی چاوی لێ بكەن و ڕێچكەی ئەو بگرن.
توانای بڕیاردانی هەبێ: بەڕێوەبەری سەركەوتوو دەبێ توانای بڕیاردانی هەبێ و بتوانێ لە كاتی گونجاودا بڕیاری گونجاو بدات كە سوودی بۆ قوتابخانە و قوتابی و پرۆسەی خوێندن هەبێت و لە مەترسییەكان دووری بخاتەوە.

دادپەروەر بێت: بەڕێوەبەری سەركەوتوو دەبێ لە ڕاپەڕاندنی ئەرك و كارەكانیدا كەسێكی دادپەروەر بێت و جیاوازی نەكات لە نێوان فەرمانبەرەكانیدا و بە یەك چاویان سەیری هەمووان بكات.
لەشساغ بێت: بەڕێوەبەری سەركەوتوو دەبێ كەسێكی ساخڵەم و تەندروست بێت و هیچ نەخۆشییەكی درێژخایەنی نەبێ، بۆ ئەوەی بتوانێ ئەرك و كارەكانی بە جوانی و ڕێكوپێكی جێبەجێ بكات.

ئارامگر بێت: بەڕێوەبەری سەركەوتوو دەبێ ئارام و دانبەخۆداگر بێت و دوور بێت لە هەڵچوون و تووڕەیی، بۆ ئەوەی بڕیاری هەڵە نەدات و زاڵ بێت بەسەر هەستە نەرێنییەكانیدا.
هاوسەنگ و لێزان بێت: بەڕێوەبەری سەركەوتوو دەبێ هاوسەنگ و لێزان بێت و بەپێی پسپۆڕییەكان، كەسی شیاو لە شوێنی شیاو دابنێت.
پرس و ڕاوێژ بكات: پێویستە بەڕێوەبەری سەركەوتوو لە كاروبارەكانیدا پرس و ڕاوێژ بكات، تاكو بڕیارەكانی هەم ڕاست بن، هەمیش وەك خۆی جێبەجێ بكرێن.

چارەسەركردنی كێشەكان: پێویستە بەڕێوەبەری سەركەوتوو بتوانێت كێشە و گرفتە پەروەردەیی و فێركارییەكان چارەسەر بكات و خۆی نەدزێتەوە.
سەنگین و بە ویقار بێت: پێویستە بەڕێوەبەری سەركەوتوو كەسێكی سەنگین و بە ویقار بێت و هەڵگری كۆمەڵێك خەسڵەتی بەرز بێت، تاكو كاریگەریی هەبێ و شوێنپەنجەی دیار بێت.
هاوكار و ئاسانكار بێت: پێویستە بەڕێوەبەری سەركەوتوو لەگەڵ هەمووان كەسێكی هاوكار و ئاسانكار بێت و خۆسەپێن نەبێت، بەڵكو هەندێك لە دەسەڵاتەكانی خۆی شۆڕ بكاتەوە، تاكو كارەكان باشتر ڕایی بكرێن و گیانی هاوكاری لە نێوانیاندا پتەوتر بێت.
كارەكەی خۆش بوێت: بەڕێوەبەر كاتێك سەركەوتوو دەبێ كە ئەرك و كارەكەی خۆش بوێت و خۆشەویستی بۆ كارەكەی هەبێت.
كۆمەڵایەتی بێت: دەبێ بەڕێوەبەر كەسێكی كۆمەڵایەتی و كراوە بێت و پەیوەندییەكی پتەوی لەگەڵ هەمووان هەبێ، تا لە كارەكانیدا سەركەوتوو بێت.
ڕێزگر بێت: دەبێ بەڕێوەبەر ڕێز لە مامۆستایان و قوتابیان و كەسوكاریان بگرێت، چونكە ڕێزگرتن سەرچاوەی سۆز و خۆشەویستی و هەوێنی سەركەوتنە.
داهێنەر بێت: پێویستە بەڕێوەبەری سەركەوتوو هەمیشە داهێنان و ئافراندن لە ئەرك و كارەكانیدا بكات، بۆ ئەوەی ئاستی زانستی قوتابیان و قوتابخانەكەی پێشڤە ببات و گۆڕانكاری جۆری لە گشت بیاڤەكاندا بهێنێتە ئاراوە.
بەرژەوەندی گشتی بپارێزێت: بەڕێوەبەری سەركەوتوو ئەو كەسەیە كە بەرژەوەندیی گشتی دەخاتە پێش بەرژەوەندیی تایبەتی.
دووربین و واقعبین بێت: پێویستە بەڕێوەبەری سەركەوتوو كەسێكی دووربین و واقعبین بێت و خوێندنەوە بۆ واقع و دۆخە سەختەكان بكات.
زانستپەروەر بێت: دەبێ بەڕێوەبەری سەركەوتوو كەسێكی زانستپەروەر بێت و كار بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی قوتابیان و مامۆستاكانی خۆی بكات.
گوێگر بێت: دەبێ بەڕێوەبەری سەركەوتوو گوێ لە هەمووان بگرێت و ڕا و سەرنجی گشت قوتابیان و مامۆستا و فەرمانبەرانی خۆی بەهەند وەربگرێت و ڕێز لە بۆچوونیان بگرێت و لەكاتی پێویستدا لەگەڵ دابنیشێت و گفتوگۆیان لەگەڵدا بكات.
زمانپاراو بێت: دەبێ بەڕێوەبەری سەركەوتوو زمانپاراو بێت و توانای قانعكردنی هەبێ و كاریگەری لەسەر كەسانی بەرانبەر بەجێ بێڵێت.