کۆمەڵگەی ڕەش و سپی !

هاودەنگ فارووق

‎چەند ساڵێكە ڕووناكبیران و پسپۆڕانی كۆمەڵناسی و زمان،
لە زۆر ڕەهەندەوە وشەی جێندەریان بە ڕوونی لێك داوەتەوە، كەچی ئیسلامی سیاسیی توندڕۆ لە كوردستان، ئایینیان كردووەتە چەكی بەربەرەكانێی هەموو پێشكەوتنێكی مرۆیی و دەیانەوێ كوردستان بەرەو شێوازی حکوومەتی تاڵیبان و هزری داعیشزم ببەن.
‎دنیای مۆدێڕن بۆ هەر دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی، ڕێگە چارەی
زانستی و قانوونیی شیاو دەدۆزێتەوە بەشێوەیەك، كە كۆمەڵگە بە سرووشتیی خۆی ڕەوتی پێشكەوتنەكانی ببڕێت.
بێگومان لەم سەردەمەدا پێوەری دانانی هەموو قانوونێکیش، دەستەبەرکردنی ماف و ئازادیی مرۆڤە و مرۆڤ تێیدا بناغە و سەنتەرە.

‎كورد لەم بەشەی كوردستاندا كێشەی گەورەتری هەیە،
بەڵام بەشێک لە ئیسلامی سیاسیی دەیانەوێت بابەتی جێندەر بكەنە بەردەبازی پەڕینەوە لە شكست وئەو مایەپووچییەی کە لە سیاسەت وهەڵبژاردنەکاندا تێیکەوتوون.
‎ئیسلامی سیاسیی لەبری خۆ سەرقاڵكردن بە پرۆژەی
گەورەتر و خزمەتکردنی مرۆڤی کورد، هەر جارە و بە بیانوویەکی بەتاڵ،كێشە و تەنگەڵانێكی فیكری بۆ خەڵك قوت دەکەنەوە وەک ئەوەی وەکیلی خوای پەروەردگار بن،كۆمەڵگە بۆ ڕەش و سپی، بێدین و ئیماندار دابەش دەکەن! لەكاتێكدا ئەو جۆرە تێڕوانین و ڕەفتار و سیاسەتە دوور و نزیك، پەیوەندی بە ئایینەوە نییە.
‎ئایینی ئیسلام، هەرگیز داوای نەكردووە كۆمەڵگە بۆ ڕەش و
سپی دابەش بكرێت. خۆ ئەگەر وەك ڕەوتێكی سیاسیش سەرنج بدەین، لەبەرژەوەندی هیچ حزبێکی سیاسیشدا نییە نیوەی كۆمەڵگە بكاتە ڕكەبەری خۆی! كەچی ئیسلامی سیاسی نە گوێ بە لۆژیكە ئاینییەكە و نەگوێ بە بەرژەوەندی سیاسیش دەدات و سووک و هاسان نیوەی كۆمەڵگە دەخاتە خانەی دوژمنان و کافرانەوە! چونكە هەر لە بنەمادا، ئەوان جیاوازیی بیر و باوەڕ بە دوژمن و ناحەزی خۆیان لە قەڵەم دەدەن.
‎ئیسلامی سیاسیی كوردی، لە مەعدەنێكی سەیر و سەمەرە
دروستبووە، بۆیە هیچ خەمی دۆزی نەتەوە و لێکترازانی کۆمەڵگەکەیان نییە؛ لەكاتێكدا هەموو ڕەوتە ئیسلامییەكانی میللەتانی دی، هەڵگری خەمی نەتەوەو نیشتمانەکەیانن و لەهەوڵی دروستكردنی دەوڵەت و قەوارەدان بۆ نەتەوەكەیان.
‎بەڵام ئەم ئیسلام سیاسییەی کوردستان، نەك خەمی
نەبوونی دەوڵەتی کوردی ناخوات، بەڵکو لە ئاست بوون و بەردەوامیی ئەم هەرێمەشدا، نائارام و ناساز و تووڕەیە.
‎ئیسلامی سیاسیی کوردستان دەبێ لەو واقیعە بگات، کە
دابەشكردنی كۆمەڵگەی كوردی لەسەر پرسێكی وەكو جێندەر، بەشێكە لەهەوڵەكانی تێكدانی ئاشتی و ئاسایش و پێكەوە ژیانی كۆمەڵگە، هێڵی سووری بەرژەوەندیی نەتەوایەتی و نیشتمانی کوردە و بەزاندنی ئەو هێڵەش، مانای لە ناوچوونی گشت خەون و ئاواتەکانی گەلەکەمانە.

‎هەر کار و کردەوەیەکی نەگونجاو لەگەڵ داب و نەریتی
کۆمەڵایەتی، دەبێت تەنها لە ڕێگەی قانوون و چوارچێوەی بەرژەوەندیی نەتەوایەتیدا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، نەک بە هەڵوێستی نابەرپرسانەی كەسانێك.
‎ئیسلامی سیاسی لە وڵاتانی دیکە شەڕ بۆ مان و
گەشەپێدانی نەتەوەكەیان دەكەن، کەچی ئەوانەی ئێمە شەڕ بۆ وێرانکردن و لەناوبردنی کورددا دەكەن.. ئەگەر نا، دابەشكردنی كۆمەڵگە لەسەر بنەمای بۆچوونی ڕووكەش و یاریکردن بە عاتیفەی خەڵکانی سادە ، لەبەرژەوەندی كێدایە؟ ئاخر قسەكردن لەهەموو بوارێك و دانانی جێپەنجە لەسەر هەموو كایەیەك ئەگەر بەهەزاران میلیش لێیانەوە دووربێت، چ سوودێكی بۆ كورد و كۆمەڵگەی كوردی و خودی ئایینی ئیسلامیشی تێدایە؟

ھەواڵی زیاتر