گە‌ڕانە‌وە‌ی ھە‌ژموونی حیزب

مەشخەڵ كەوڵۆسی

داخستنی چەند باڕێك لە سلێمانی لەلایەن سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانییەوە، وەك هەر پرس و جوڵەیەكی تر، كۆمەڵگەی كوردستانی كرد بە دوو بەشەوە. بەشێكیان بێ هیچ بیركردنەوەو قووڵبوونەوەیەك، دەستخۆشییان لێكرد، بەتایبەتی خەڵكی ڕەشۆكی و شەقامی سادە وەك نەریتی هەمیشەیی، قەرەباڵغییەك دروستكرا بۆ ئۆكەی كردن بۆ هەنگاوەكە.
بەندە یەكێك بووم لەوانەی كەپێم وابوو داخستنی ئەو باڕانە، جگە لە جوڵەیەكی نمایشكارانە هیچی دیكە نیە و، ناگونجێت هیچی تر بدات بەدەستەوە. چونكە لەبنەڕەتدا جوڵەكە لەچاو ئەو ئەجێندا و قەیرانانەی كە حیزب ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، جوڵەیەكی یەكجار زۆر بچوكە. چونكە بڕیاری داخستن یان كردنەوەی جێگای گەشتوگوزاری و باڕو یانە، لەراستیدا ئەركی سەرۆكی شارەوانی و چەند لایەنێكی بچوكتری وەزارتی ناوخۆیە و پێویست ناكات سەرۆكی حیزبێك كە خۆی پێویستە ئەرك و مەهامی گەورەتری هەبێت، دابەزێتە ئەو ئاستە.
كەچی لەگەڵ ئەوەشدا كۆمەڵگە و ڕۆشنبیران دابەشبوون. بەشێكی زۆر لەقەڵەمبەدەستەكان، لەترسی نەفرەتی عەوام و زۆرینەیەكی زاڵ و دەنگی بەرزی سۆسیالمیدیا، نەیانوێرا و زاتیان نەكرد، قسەی ڕاستەقینەی قەناعەتی خۆیان بكەن. بەندە لەسەر ئەو دۆسییەیە چەند تێبینییەك تۆماردەكەم:
یەكەم: لەڕاستیدا هیچكام لەو جێگایانە بەبێ مۆڵەتی فەرمی لایەنی پەیوەندیداری حكومەت نەكراونەتەوە. بۆیە ڕاگرتنی كارەكانیشیان، پێویستی بە ڕێكاری یاسایی لایەنی پەیوەندیدار هەبوو.
دووەم: لەكۆی چەندین باڕو كڵاپ، بۆچی تەنها ژمارەیەكی كەمیان داخران؟ ئەوانی تر، بۆچی دانەخران؟.
سێیەم: كێ وتی ئەگەر ئەو جێگایانە دابخرێن، ئیتر كۆمەڵگە دەبێتە شامی شەریف؟ كێ وتی پرۆسەی سێكس كڕین تەنها لەو چەند جێگەیە دەكرێت؟ كامە توێژینەوەی زانستی وكۆمەڵناسی و دەروونی پشتیوانی ئەو ئەنجامە دەكات؟ ئەسڵەن كێ وتی كۆمەڵگەیەك هەیە لەپرۆسەی سێكس فرۆشتن دووربێت؟ لەكاتێكدا هەموو سەرچاوەكان جەخت دەكەنەوە لەوەی سێكس فرۆشتن، كۆنترین پیشەیە كەمرۆڤایەتی ناسیویەتی؟ مەبەستمە بڵێم: حیكمەت لەو هەنگاوە چی
بوو؟.
چوارەم: ئەوەی كە جێگای سەرسامی بوو بۆ زۆرێك لەڕۆشنبیران، ئەوەیە كە مەسەلەی تێكەڵاوكردنەوەی دەستەڵاتەكانی حیزب و حكومەت، زۆر بەتوندی و ئاشكرا هاتەوە پێشەوە.
ئەوە لەكاتێكدایە كە پێشتر زۆربەی هەرە زۆری گلەییەكانی نوسەران و ڕەخنەگرانی ئەم شارە، لەسەر تێكەڵاوی دەستەڵاتەكانی حیزب و حكومەت بوو. دەستوەردانی حیزب لەكارەكانی حكومەت، چەندین تەنگوچەڵەمەی ڕاستەقینەی دروستكردووە. هەر لەمەسەی دامەزراندنەوە، تا دەگاتە دوا دەرچەی سەرەوەی كارەكانی حكومەت. زۆربەی نوسەران لەسەر ئەو حاڵەتە قسەیان كردووە. كەچی هەر هەمان نوسەران لەسەر ئەوە گەڕانەوەیەی میزاجی حیزب بۆ ناو كرۆكی كارەكانی حكومەت، بێدەنگییان هەڵبژارد! ئەمە بۆچی و لەترسی چی؟.
پێنجەم: لەگەڵ ئەوەدام حیزب بەهەموو میكانیزمێكی مەشروع ڕیكلام شۆ بۆخۆی بكات. بەڵام نەك لەسەر بناغەی ئیختیساسە یاساییەكانی حكومەت. بەمانایەكی تر، ئەگەر مەبەست لە خۆنمایشكردن نەبووایە، كاك بافڵ تاڵەبانی دەیتوانی لەڕێگەی فراكسیۆنی یەكێتییەوە لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، یان ئەگەر بیویستایە پرۆژەكە گەورەتربێت، ئەگەر خێرێكی تێدایە هەولێر و دهۆكیش بگرێتەوە، لەڕێی فراكسیۆنی یەكێتییەوە لەپەرلەمان، رێكاری یاسایی نەك تەنها بۆ داخستنی چەند باڕێك، بەڵكو بۆ قەدەغەكردنی دیاردەكە لەسەرتاسەری كوردستان گەڵاڵە بكات ودواتریش خێروبێرە ئینتیخابییەكەی هەر بۆ یەكێتیی دەبوو.
پرسیار ئەوەیە: بۆچی بەو ڕێگایە نەكرا؟ وەڵامی ئەو پرسیارە لەدڵی شاعیردایە. بەڵام هەقە خەڵكی هەولێر و دهۆك و ناوچەكانی تریش بپرسن: مادەم یەكێتیی خۆی بەحیزبی سەرتاسەری كوردستان دەزانێت. چۆنە وا بەخیل بوون بەرانبەر ناوچەكانی هەولێر و دهۆك و وایان نەكرد ئەوانیش بەشداربن لەو خێر و بەرەكەتەی كە سلێمانی گرتەوە؟ ئەگەر ئەتەوێ سلێمانی پاك بێتەوە لەو جۆرە شوێنانە، ئەی بۆ حەزناكەی هەولێریش و دهۆكیش پاك ببنەوە؟ مەگەر تۆ هەر حیزبی سلێمانیت؟ ئەوەش كاتێك دەكرا كە لەڕێگەی پەرلەمانەوە یاسای بۆ ڕێك بخرێت. ئەنجامی كارەكە هەرچی بێت، كاتی بێت یان هەمیشەیی، جێگای ڕەزامەندی زۆرینەی عەوام بێت یان نا، بەندە پێم وایە هەوڵێكە بۆ گەڕاندنەوەی هەژموونی حیزب بۆ وردترین جومگەكانی بڕیار و سەرمایەگوزاری لەدەڤەری سلێمانیدا. ئەوە ئامانجە هەرە گەورەكە، هاوكات لێكەوتەی هەنووكەییی و كاتیشی هەبوو وەك ئەو چەپڵەیەی كە لەسۆسیالمیدیا گوێمانی زرینگاندەوە، بە چەپڵەی ئەوانەشەوە كە خۆیان كڕیاری بەردەوامی چێژی نێو باڕەكانن.